توشبوانی شێرپه‌نجه له موسڵ، جگه له ئازاری نه‌خۆشیی، به ده‌ست كه‌می ده‌رمان و خزمه‌تگوزارییه پزیشیكییهكانیشهوه ده‌ناڵێنن.
شه‌ڕی چه‌ندین مانگه‌ی دژ به داعش له موسڵ، به‌بڕوای لێپرسراوانی نه‌ینه‌وا، هۆكاری سه‌ره‌كییه له نه‌بونی چاره‌سه‌ریی پزیشكی و شوێنی پێویست بۆ شێرپه‌نجه، چونكه بارگرژییه‌كان زیانی زۆری به كه‌رتی ته‌ندروستی گه‌یاند.
له ئه‌یلولی ساڵی رابردودا، ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا به‌شێكی جێگره‌وه‌ی 40 قه‌ره‌وێڵه‌یی بۆ نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه و چاره‌سه‌ری كیمیایی له نه‌خۆشخانه‌ی ئیبن ئه‌سیری فێركاری كرده‌وه، دوای ئه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كه‌یان له به‌ری راستی شاره به‌رێژه‌ی له سه‌دا 70 خاپور بوو.
ده‌رمانی نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه زۆر گرانه و خه‌ڵك ناتوانن دابینی بكه‌ن
"ده‌رمانی نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه زۆر گرانه و ئه‌گه‌ر له ناوه‌نده حكومییه‌كانی تایبه‌ت به‌و نه‌خۆشییه‌وه پێاننهدرێت خه‌ڵك ناتوانن دابینی بكه‌ن" ئه‌نمار یونس (27 ساڵ) وای وت.
ئه‌و گه‌نجه كه زیاتر له ساڵێكه توشی شێرپه‌نجه‌ی لوكیمیا بووه، ده‌ڵێت له موسڵ هه‌ر كه‌سێك پاره‌ی نه‌بێت ده‌رمانه‌كانی بكڕێت، ئه‌وا ده‌كه‌وێته بارێكی خراپی ته‌ندروستییه‌وه تا ده‌مرێت.
نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت شێرپه‌نجه و چاره‌سه‌ری كیمیایی، كه له به‌ری راستی موسڵ بوو، یه‌كێك بوو له پرۆژه تایبمهتمهندهكانی ئه‌و بواره له عیراق و ناوچه‌ی عه‌ره‌بیدا، سێ جۆر خزمه‌تگوزاری پزیشكی هه‌بوو، له‌وانه چاره‌سه‌ر به كه‌وی و كیمیایی.
له هێرشه‌كانی داعش و شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌دا، دوو به‌شی نه‌خۆشخانه به رێژه‌ی سه‌دا 100 زیانیان به‌ركه‌وت، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی عه‌بدولقادر سالم، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌كه بۆ (كه‌ركوك ناو).
هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه به‌شی چاره‌سه‌ری كیمیایی ته‌نیا به‌شه له ئاگری شه‌ڕ رزگاری بووه و دواتر ئامێره‌كانی گواسترایه‌وه بۆ شوێنی جێگره‌وه له نه‌خۆشخانه‌ی ئیبن ئه‌سیر له به‌ری چه‌پی شاری موسڵ.
له ئێستادا هه‌ر نه‌خۆشێكی شێرپه‌نجه، جگه له چاره‌سه‌ری كیمیایی، ئه‌گه‌ر پێویستی به چاره‌سه‌ری كه‌وی و رژێنی ده‌ره‌قی هه‌بوو، وه‌ك عه‌بدولقادر سالیم باسیكرد ده‌بێت بچێته پارێزگاكانی تری عیراق، دوای ئه‌وه‌ی له‌رێی ئه‌وانه‌وه ره‌وانه ده‌كرێت.
به‌پێی ئاماره‌كانی ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا، سێیه‌كی نه‌خۆشییه شێرپه‌نجه‌ییه تۆماركراوه‌كان له پارێزگاكه‌دا، شێرپه‌نجه‌ی مه‌مكه كه به گشتی توشی ژنان ده‌بێت، به‌دوای ئه‌ودا شێرپه‌نجه‌ی سییه‌كان و كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌یه، به‌ڵام له منداڵدا حاڵه‌ته‌كانی لوكیمیا و مێشك و گرێی غوده هه‌یه.
دایكی كه‌وسه‌ر (38 ساڵ)، هاوڵاتییه‌كی خه‌ڵكی موسڵه و شێرپه‌نجه‌ی منداڵدانی هه‌یه، بۆیه پێویستی به چاره‌سه‌ری كه‌وی هه‌یه و بۆ ئه‌وه‌ش چۆته به‌غدا، له‌وێ خانویه‌كی به كرێی مانگانه‌ی 350 هه‌زار گرتووه تا له ناوه‌ندی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌یه‌وه نزیك بێت.
بڕیارماندا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانمدا بچینه به‌غدا، تا له‌وێ له ناوه‌نده حكومییه‌كاندا چاره‌سه‌ر بكرێم
ئه‌و له‌رێی سه‌ردانی پزیشك و كلینیكه راوێژكارییه‌كانی نێو نه‌خۆشخانه حكومییه‌كانه‌وه زانیویه‌تی شێرپه‌نجه‌ی هه‌یه، بۆ پشكنینی تر و به‌هۆی ئه‌وه‌ی له موسڵ نه‌بووه، ناچار سه‌ره‌تا رویكردۆتهوه هه‌رێمی كوردستان.
"له هه‌رێم چاره‌سه‌ر و نیشته‌جێبونیش زۆر ده‌كه‌وێت، بۆیه بڕیارماندا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانمدا بچینه به‌غدا، تا له‌وێ له ناوه‌نده حكومییه‌كاندا چاره‌سه‌ر بكرێم" دایكی كه‌وسه‌ر له‌رێی ته‌له‌فۆنه‌وه بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
ئه‌و ژنه، كه دایكی چوار منداڵه و گه‌وره‌كه‌یان ته‌مه‌نی 10 ساڵه، هاوسه‌ره‌كه‌ی فه‌رمانبه‌ری په‌روه‌رده‌یه و بارودۆخی داراییان مامناوه‌نده، داوای له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و حكومه‌تی فیدراڵی كرد، دوباره نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت به شێرپه‌نجه به هه‌موو به‌شه‌كانیه‌وه بكاته‌وه له موسڵ تا كۆتایی به مه‌ینه‌تی نه‌خۆشانی شاره‌كه بهێنێت.
به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان (UNDP) به‌دواداچونی مه‌یدانی كردووه بۆ زیانه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت به شێرپه‌نجه له به‌ری راستی موسڵ، بڕیاریداوه به نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی، تا دواتر به ئامێری نوێوه راده‌ستی بكاته‌وه.
"چاره‌سه‌ری تایبه‌ت به نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه نییه، هۆكاره‌كه نه‌بونی پاره نییه، به‌ڵكو ئه‌و رێكاره توندانه‌یه كه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دایناوه" عادل حه‌مید، پسپۆڕی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه واده‌ڵێت.
ئه‌و پزیشكه به (كه‌ركوك ناو)ی وت؛ ئه‌و رێكارانه‌ی هه‌یه وایكردووه نه‌توانن ده‌رمانی پێویست هاورده بكه‌ن، چونكه وه‌زاره‌تی ده‌وێت هاورده‌كردن ته‌نیا له‌رێی ئه‌وانه‌وه بێت، تا ده‌رمانه‌كان به پشكنینی تاقیگه‌ییدا تێبپه‌ڕن، به‌وهۆیه‌وه دره‌نگ ده‌رمانیان به ده‌ست ده‌گات.
حه‌مید داواده‌كات وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی یان خۆی ده‌رمان بكڕێت و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی بكات، یاخود رێكاره‌كان ئاسانبكات تا نه‌خۆشخانه‌كان خۆیان بتوانن له كۆمپانیا بیانییه‌كان ده‌رمان بكڕن.
"هرسبتین ده‌رمانێكی پێشكه‌وتوی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مكه كه نرخی هه‌ر یه‌كێكی به هه‌زار و 200 دۆلاره" ئه‌سما سابت (42 ساڵ) وای وت، كه خۆی یه‌كێكه له‌وانه‌ی توشی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك بووه.
ئه‌و هاوڵاتییه به (كه‌ركوك ناو)ی وت كه ئه‌و ده‌رمانه‌ی له موسڵ نییه، له گه‌ڕه‌كی زوهره‌وه ده‌چنه هه‌ولێر تا دهستیانبكهوێت.
له شاری موسڵ، به‌پێی بۆچونی پزیشكانی پسپۆڕ؛ ترس و ده‌نگی ته‌قینه‌وه و پاشماوه‌كانی جه‌نگ، له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌وا هۆكار بون بۆ زیاتربونی توشبوان به نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه.