بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی رەشاد، كوژرانی ئەنجومەن (موختار)ێكی لە ناحیەكە راگەیاند و چەكدارانی داعشی بە ئەنجامدانی ئەو كارە ئەنجامدا.
ئەو كارە ئێوارەی هەینی 11ی تشرینی یەكەم رویداوە، دوای ئەوەی زەكەریا مەنسور، لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە بەرەو چەمێكی نزیك لە ناحیەكە رفێنراوە و هەر لەوێ كوشتویانە و تەرمەكەیان جێهیشتووە.
عەقید معمەر مورزا، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی رەشاد، بە (كەركوك ناو)ی وت "زەکەریا مەنسور، چەند كیلۆمەترێك لە ناحیەكە دوركەوتۆتەوە بۆ كارێكی ئاودێری، لەوێ ژمارەیەك چەكداری داعش گرتویانە و بەرەو قامیشەڵانێكی نزیك ناحیەكە بردویانەو هەر لەوێ بە فیشەك كوشتویانە".
جەختیشیكردەوە لە جێهێشتنی تەرمەكەی لەهەمان شوێن.
لەبارەی دۆخی ئەمنی ناوچەكەوە، عەقید معمەر وتی "بەگشتی بارودۆخی ناحیەکە لەڕوی ئەمنییەوە لەسەدا ٨۰ باشە، بەڵام جاروبار چەكدارانی داعش کارێکی لەو جۆرە دەکەن".
رەشاد، یەكێكە لە ناحیەكانی سەر بە قەزای حەویجە لە باشوری كەركوك و لە ناوەڕاستی 2014 كەوتە ژێر دەسەڵاتی خەلافەتی داعش تا مانگی ئۆكتۆبەری 2017 لەلایەن سوپا و هێزە عیراقییەكانەوە كۆنترۆڵكرایەوە.