هەرێمی كوردستانی عیراق، خۆی بۆ شەپۆلێكی فراوانی لەخۆگرتنی ئاوارە ئامادە دەكات كە چاوەڕواندەكرێت بەهۆی هێرش و بۆردومانی توركیاوە بۆ سەر خاكی سوریا و رۆژئاوای كوردستانەوە روو لە هەرێم بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش سێ كەمپ دروستدەكرێن.
ئەو ئامادەكارییە دوای هێرش و بۆردومانی فراوانی سوپای توركیا دێت بۆ سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە سوریا، كە چوار رۆژە بەردەوامی هەیە و بەهۆیەوە 100 هەزار كەس ئاوارەبون و 45 شەڕڤانی هەسەدە كوژراون. لەگەڵ ژمارەیەك مەدەنی.
هۆشەنگ محەمەد، بەڕێوهبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانەکان بە تۆڕی میدیایی روداو – سەر بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم-ی وتووە "تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لە رۆژئاوای کوردستانەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان نەبووە، بەڵام چاوەڕواندەکرێت شەپۆلێکی دیکەی ئاوارە روو لە هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ پلانێکیان بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان پەسندکردووە".
وتیشی "ئێستا کار بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە دەکرێت کە دروستکردنی سێ کامپە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک".
حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكات، لە خراپترین دۆخدا نزیکەی 250 هەزار كەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان ببن.
ئەوەش لەكاتێكدایە لە هەموو هەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن و 41 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن، لەو ژمارەیەش 229 هەزاریان پەنابەری رۆژئاوان، کە لە ساڵانی رابردودا بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستا بون.
هاوكات رێڤەبەریی خۆسەری رۆژئاوا، ئەمڕۆ شەممە 12ی تشرینی یەكەم، داخستنی كەمپی مەبروكەی راگەیاند، كە زیاتر لە حەوت هەزار ئاوارەی لێنیشتەجێیە، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەک تۆپ ئاراستەی کەمپەكە کران، وەك راگەیەنراوەكەی رێڤەبەریی خۆسەری ئاماژەی پێدەكات.
هەروەها رێڤەبەریی خۆسەری تاوتوێی داخستن و چۆڵكردنی كەمپی عەین عیسا دەكات، کە 13 هەزار ئاوارەی تێدایە و لەنێویاندا 785ـیان خێزانی چەکدارانی داعشن و 479ـیان پەنابەری عیراقین.
"ئەوانەی نیشتەجێی ئەو کەمپەن خۆیان لە بنەڕەتدا قوربانیی تیرۆری داعشن و ئێستا بونەتە قوربانیی تیرۆری وڵاتی تورکیا"، بەپێی راگەیەنراوەكە و تیادا ئەركی پاراستنی ژیانی هاوڵاتیانی كەمپەكان دەخاتە ئەستۆی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش.