لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، راكان جبوری و حكومه‌تی خۆجێیی به شاردنه‌وه‌ی زانیاریی پلانی پرۆژه‌كان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن، له كاتێكدا ده‌یان تێبینییان له‌سه‌ری هه‌بووه و جێی گومانن، ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن ئیداره‌ی شاره‌كه‌وه ره‌تده‌كرێته‌وه كه پێیانوایه ئه‌نجومه‌ن خۆی په‌كیكه‌وتووه و چالاك نییه.
پلانی پرۆژه‌كانی كه‌ركوك، به‌پێی بودجه‌ی ئه‌مساڵی په‌ره‌پێدان، له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق چۆته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، دوای كۆكردنه‌وه‌ی واژۆی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن به مه‌رجی له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و تێبینییانه‌ی بۆ پرۆژه‌كان هه‌بون.
نه‌جات حوسێن، سەرۆكی لیژنەی نەزاهە له ئەنجومەنی پارێزگا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئیدارەی پارێزگا بەشێوەیەكی ناسروشتی لەگەڵ ئەنجومەن مامەڵە دەكات، زۆر زانیاری وردیان لێ دەشارێتەوە، روویەكی ناڕاستی ئەنجومەنی گەیاندوەتە بەغدا".
"ئەوان لەسەر ئەو بۆچونە كار دەكەن كە ئەنجومەن هەمیشە سفر بەدەست بێت و ئەوان پێشڕەوی هەموو شتێك بن".
به‌وته‌ی سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌زاهه نزیكه‌ی دوو مانگه نوسراوی فه‌رمی له‌رێی سه‌رۆكی كاتی ئه‌نجومه‌نه‌وه ئاراسته‌ی ئیداره‌ی پارێزگا كراوه بۆ پێدانی كۆپییه‌ك له پلانی پرۆژه‌كان به‌ڵام داواكه جێبه‌جێناكرێت.
"كاتێك ناڕونی هه‌بێت، ئه‌وا گومانەكان زیاتر دەبن، بۆیه جارێكی‌تر داواكارین پارێزگار له‌رێی فه‌رمانبه‌رێكه‌وه كۆپییه‌كی پلانه‌كه‌مان پێبدات تا بتوانین وه‌ڵامی خه‌ڵك و شه‌قام بده‌ینه‌وه" نه‌جات حوسێن وای وت.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، له 11ی حوزه‌یرانی 2019دا به‌واژۆی زیاتر له 23 ئه‌ندام له نێویاندا زۆرینه كورد، ره‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی پاره‌ی پرۆژه‌كانی 2019، ئه‌وه‌ش له كۆبونه‌وه‌یه‌كی راوێژكاریدا، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندجارێك شكستی هێنا و نه‌یتوانی رێژه‌ی یاسایی ئه‌ندامان بۆ دانیشتنی ئاسایی كۆبكاته‌وه.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق، پێشتر واژۆكانی ئه‌نجومه‌نی په‌سه‌ند نه‌كرد و له بری ئه‌وه 18ی حوزه‌یران بڕیاریدا به پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری بابه‌تی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، تا ده‌نگ له‌سه‌ر پلانی پرۆژه‌كانی 2019 بدات و په‌سه‌ندی بكات، دواتر ئه‌و لیژنه‌یه به‌دواداچونی بۆ دۆسیه‌كه كرد و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پلانی پرۆژه‌كانی دا.
نه‌جات حوسێن وتی "بەداخەوە زۆرینەی پرسەكان ناڕونن، بۆ نمونە بودجەی ساڵی 2018یش سێ نوسراوی فەرمیمان ئاڕاستەی پارێزگار كردووە به‌ڵام زانیارییه‌كانمان لێ ده‌شارێته‌وه.. له‌وانه 39 ملیار دینار هاوكاری دراوه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه و پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌و پاره‌یه له كوێ و چۆن خه‌رجكراوه؟"
ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، 128 تێبینی و داواكاری گۆڕانكاری پێشكه‌شی ئیداره‌ی كه‌ركوك كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی له پلانی پرۆژه‌كاندا جێیان بكرێته‌وه و له‌به‌رچاو بگیرێن.
عەلی حه‌مادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بۆ كاروباری هونەری به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئیدارەی پارێزگا مولزەم نیە بەوەی كۆپییەك لەپرۆژەكان بدات بەیەك بەیەكی ئەندامانی ئەنجومەن، بەڵكو تەنها كۆپیەك دەدرێت بەسەرۆكی ئەنجومەن و ئەویش لای خۆیەوە لەگەڵ ئەندامانی تری ئەنجومەن تاوتوێی دەكات".
"لەسەرو هەموو ئەمانەشه‌وە دەوامی ئەندامانی ئەنجومەن وەك پێویست نیە و بەشێكی بەرچاویان دەوام ناكەن، بۆیه بەدواداچونیان زۆر لەئاستێكی لاوازدایە".
یاریده‌ده‌ری پارێزگار ده‌ڵێت كۆپی پلانی پرۆژه‌كانیان داوه‌ته سه‌رۆكی كاتی ئه‌نجومه‌ن، به‌ڵام ئەندامانی ئه‌نجومه‌ن به‌هۆی ده‌وام نه‌كردنه‌وه ئاگاداری ورده‌كاری نین و له پرۆژه‌كان ناپرسن.
به‌پێی ئاماره‌كانی ئیداره و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكه ده‌گاته 450 ملیار دینار، جگه له 51 ملیار دیناری پاره‌ی پترۆدۆلار، ئه‌وه‌ش به‌پێی پلانێكی داڕێژراو بڕیاره له نزیكه‌ی 430 پرۆژه‌دا خه‌رجبكرێت.
عه‌لی حه‌مادی جه‌ختیكرده‌وه له كاتی په‌سه‌ندكردنی پلانی پرۆژه‌كانه‌وه، یه‌ك تێبینی و راپۆرتیان له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌وه ئاراسته نه‌كراوه، "ئەنجومەن بەئەركی خۆی هەڵنەستاوە، بەڵكو ئەوە ئێمەین ئەركی خۆمان بەجێگەیاندووە.. ئەنجومەن پەكیكەوتووە و بە ئەركە چاودێرییه‌كه‌ی خۆیشی هەڵنەستاوە".
ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌كانی كه‌ركوك له كاتێكدایه، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه ته‌نیا له یه‌ك كۆبونه‌وه‌دا نیسابی ته‌واو كرد و كۆبۆوه، ئه‌وه‌ش له 9ى نيسانی ئه‌مساڵدا بوو بۆ تاوتوێكردنی پلانی پرۆژه‌كان و بودجه، چونكه به‌هۆی بایكۆتی ئه‌ندامانی پارتییه‌وه نه‌یتوانیوه دانیشتنی ئاسایی ئه‌نجامبدات.
مشتومڕی ئه‌مساڵی ئه‌نجومه‌ن و ئیداره‌ی كه‌ركوك له‌سه‌ر بودجه، دوای چه‌ند ساڵێك له قه‌یرانی دارایی و راگرتنی ته‌واوی پرۆژه‌كان دێت له شاره‌كه‌دا، به‌هۆی راگرتنی بودجه و شایسته داراییه‌كانی پارێزگاكه به پاساوی جیاواز له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵی عیراقه‌وه.