پرۆسه‌ی خوێندنی كوردی له دوزخورماتوو روبه‌ڕوی چه‌ندین كێشه‌ی جیاواز بۆته‌وه، له نێویاندا دابڕانی خوێندكار به تایبه‌ت كچان، ئاواره‌یی له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه خوێندنگه عه‌ره‌بییه‌كان.
خوێندنی كوردی، له دوای ساڵی 2003وه له ناوچه‌كانی جێناكۆك كراوه‌ته‌وه و له دوزخورماتوو، زیاتر له 600 مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر هه‌یه، له‌گه‌ڵ 46 خوێندنگه‌دا و زیاتر له 9 هه‌زار خوێندكار.
"من له ته‌مه‌نی 13 ساڵییه‌وه له‌به‌ر خوێندن ده‌رهێنرام، ئه‌وكات پۆلی حه‌وتی بنه‌ڕه‌تی بوم، چونكه له كوڕێكی 39 ساڵ ماره‌كرام و رێگه‌یاننه‌دا درێژه به خوێندن بده‌م" شه‌ما ئیسماعیل وای وت، كه چوار ساڵه له خوێندن دابڕاوه.
ئه‌و هاوڵاتییه‌ی دوزخورماتوو ده‌ڵێت پاساوه‌كانی كه‌سوكاری زۆر بون، یه‌كێكیان ئه‌وه‌بووه ده‌توانێت بخوێنێته‌وه و چیتر پێویسته گرنگی به ژیانی هاوسه‌رێتی بدات نه‌ك خوێندن، "ئێستاش منداڵێكم هه‌یه و به‌هۆی كێشه‌وه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌مدا له‌رێی دادگاوه سه‌رقاڵی جیابونه‌وه‌ین".
له قه‌زای دوزخورماتوو، به‌شێك له كچان به‌هۆی به شودانه‌وه و زۆرێكیش له‌به‌ر دابونه‌ریتی ناوچه‌كه، كاتێك ته‌مه‌نیان له 10 ساڵ تێده‌په‌ڕێت رێگریی خوێندنیان لێده‌كرێت.
یادگار عه‌داله‌ت، پارێزه‌ره له دوزخورماتوو، به‌هۆی به‌دواداچونیه‌كانیانه‌وه زانیاری له‌سه‌ر دابڕانی كچان له خوێندن هه‌یه و ده‌ڵێت "ئه‌وه كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه و هۆكاره‌كه‌ی هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته‌یه".
"زۆرێك له‌و هاوسه‌رگرییانه‌ش كێشه‌یان تێده‌كه‌وێت و هه‌رزوو جیاده‌بنه‌وه، ئه‌و حاڵه‌تانه‌ش له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه زیاتر بون، كچان داده‌بڕێن به‌هۆی هاوسه‌رگیری و كوڕانیش به‌هۆی كاركردنه‌وه".
یادگار به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌ندێك له‌وانه‌ی داده‌بڕێن، به تایبه‌ت كچان ده‌گه‌نه كۆتایی ئاماده‌یی یان به‌ر له چونه زانكۆ رێگرییان خوێندنیان لێده‌كرێت و به‌شوو ده‌درێن"، وتیشی راگرتنی ئه‌و رێگرییه له رێی هه‌ڵمه‌تی هۆشیاری و دواتر به گرتنه‌به‌ری رێكاری یاسایی دێت.
له روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، كاتێك هێزه عیراقیه‌كان گه‌ڕانه‌وه بۆ دوزخورماتوو بارگرژی رویدا و به‌هۆیه‌وه، ده‌یان دوكان و خانوی هاوڵاتیان سوتێنران و زیانی ماددی و گیانی لێكه‌وته‌وه.
محه‌مه‌د جاسم، هێشتا ئاواره‌یه له گه‌رمیان و له توانایدا نیه‌ی خانووه ته‌قێنراوه‌كانی نۆژه‌نبكاته‌وه له دوزخورماتوو، بۆیه ناتوانێت خه‌رجی رۆژانه‌ی منداڵه‌كانیشی دابینبكات بۆ خوێندن، وه‌ك ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت.
محه‌مه‌د وتی "پێنج منداڵم هه‌یه و كرێكاری ده‌كه‌م.. ناتوانی پێداویستیه‌كانی خوێندنی ئه‌وان و كرێی خانوش دابینبكه‌م، بۆیه چوار له كچه منداڵه‌كانم كه خوێندكارن له خوێندنگه دابڕاون".
لە دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبەره‌وه، نزیكه‌ی 800 مامۆستا و زیاتر له سێ هه‌زار خوێندكاری خوێندنی كوردی ئاواره‌بون، هه‌رئه‌وكاتیش به‌شێكی زۆریان لە هەرێمی كوردستان درێژەیان بە خوێندن دا.
سه‌یف ئه‌نوه‌ر، چالاكوانی مه‌ده‌نی له دوزخورماتوو به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دەیان منداڵ بەهۆی ئاوارەیی و خراپی ئابورییه‌وه له تاقیكردنه‌وه‌كاندا ده‌رناچن یان له خوێندنگه ده‌ركراون، به‌شێكیش كچه‌كانیان ده‌رده‌كه‌ن له خوێندنگه".
بارودۆخی خوێندنی كوردی له قه‌زاكه، به‌بڕوای سه‌یف له مه‌ترسیدایه.
په‌روه‌رده‌ی گشتی سه‌ڵاحه‌دین و ئیداره‌ی خورماتووش، پێشتر داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی مامۆستایانی ئاواره‌ی كرد، به‌ڵام به‌شێكیان له‌به‌ر بارودۆخی ئه‌منی و زیانی بارگرژییه‌كانه‌وه نه‌گه‌ڕانه‌وه.
تاریق حسێن، بەڕه‌ێوبەری بەشی خوێندنی كوردی لەقەزای خورماتوو به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دیاردەی دابڕینی خوێندكاران ئێستاش بونی هەیە، منداڵانێكی زۆر بەهۆكاری جیاواز خێزانەكان بێبەشیانكردون لەخوێندن".
ئه‌و ده‌ڵێت هێشتا ژماره‌یه‌ك زۆر له خوێندكاره‌كانیان ئاواره‌ن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه به‌شێكیان له خوێندن داببڕێن.
"هۆكارێكی تر ئه‌وه‌یه به تایبه‌ت له گونده‌كان خه‌ڵك به زۆر منداڵه‌كانیان له خوێندن ده‌رده‌كه‌ن و كاریان پێده‌كه‌ن، هۆكارێكی دیكه‌ش بارودۆخی ئه‌منییه، جگه له مه‌سه‌له‌ی به شودانی كچان كه دواتر ناگه‌ڕێته‌وه بۆ خوێندنگه".
به‌رێوه‌به‌ری خوێندنی كوردی داوای به هاناوه‌چونی كێشه‌كان و چاره‌سه‌ری ده‌كات.
خوێندنی كوردی جگه له دوزخورماتوو، له چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌ی جێناكۆك به تایبه‌ت له كه‌ركوك، روبه‌ڕوی گواستنه‌وه‌ی خوێندكاران بۆته‌وه بۆ خوێندنی عه‌ره‌بی.
"سێ منداڵم هه‌یه و هه‌مویانم خسته خوێندنی عه‌ره‌بی، چونكه ئومێدمان به ده‌سه‌ڵاتی كوردی نه‌ماوه، ئارامی نییه، خوێندنگه و مامۆستای پێویست نیه، ئه‌گه‌ر له خوێندنی كوردی بن داهاتویان ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، چونكه هیچ گرنگییه‌كیانپ پێ‌نادرێت" هه‌ڵكه‌وت محه‌مه‌د بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
ئه‌و هاوڵاتییه ده‌ڵێت له زۆرینه‌ی خوێندنگه كوردییه‌كاندا سێ ده‌وام هه‌یه، كه‌موكورتییان هه‌یه له كتێب، به‌وه‌ش هیچ فێرنابن؛ "خۆزگە حكومەتی هەرێم خەمی ئایندەی منداڵەكانمانی بوایه و كەموكورتی خوێندنگەو خوێندكارانی پڕ بكردایەتەوە".
ئاواره‌كانی دوزخورماتوو، هێشتا قه‌ره‌بوی زیانه‌كانیان وه‌رنه‌گرتووه، بۆیه به‌شێكیان له توانایاندا نییه شوێنی مانه‌وه‌یان نۆژه‌نبكه‌نه‌وه و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ژیانی ئاسایی.
نازەنین محه‌مه‌د، چالاكوانی مه‌ده‌نی له دوزخورماتوو پێیوایه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی به‌رده‌وامی دابڕانی منداڵ له خوێندنگه؛ "بلاوبونەوەی سه‌رباز و هێزی جیاواز و حه‌شدی شه‌عبییه له نێو گەڕەك و كۆڵانەكاندا، ئه‌وه‌ش مه‌ترسی شه‌ڕ و كیشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی لای خه‌ڵك دروستكردووه، بۆیه به‌شێكیان نایانه‌وێت منداڵه‌كانیان بچنه ده‌ره‌وه بۆ خوێندنگه".
"زۆرجاریش خێزانەكان منداڵەكانیان پەراوێز خستوەو بێبەشیان ده‌كه‌ن له خوێندن، بۆ نمونه كچان به شوو ده‌ده‌ن و كۆڕه‌كانیش كاریان پێده‌كه‌ن له بری خوێندن".
ئه‌و چالاكوانه به‌پێویستی ده‌زانێت به تایبه‌ت له دوزخورماتوو، گرنگی زیاتر به خوێندنی كوردی بدرێت به‌راورد به ناوچه‌كانی تری جێناكۆك، هه‌وڵبدرێت منداڵان بڕوانامه‌ی به‌رز به‌ده‌ستبهێنن نه‌ك بگه‌ڕێنه‌وه بۆ دابڕانیان له خوێندن، "ئێستا پێویستمان به‌وه‌یه خاوه‌ن بڕونامه به قه‌ڵه‌م به‌رگری له مافی خۆیان بكه‌ن ..تا خاوەن ئایندە و نەوەیه‌ی هۆشیاربین بۆ ئایینده".
قەزای دوزخورماتوو سه‌ر به پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، تاكە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی لە توركمان، كورد‌و عەرەب پێكهاتون.