كوردانى دوزخورماتوو بۆ قه‌ره‌بوو بازاڕیان داخست

دوزخورماتوو، 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2019، داخستنی دوكان و بازاڕ له‌لایه‌ن هاوڵاتیانی كورده‌وه‌ له‌ ساڵیادی روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

له‌یلا ئه‌حمه‌د – سه‌ڵاحه‌دین

هاوڵاتیانی و كاسبكارانی كوردی دوزخورماتوو، دوكانه‌كانیان نه‌كردۆته‌وه‌ و بازاڕیان داخست، به‌هۆی قه‌ره‌بوونه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانانه‌ی له‌ روداوه‌كانی قه‌زاكه‌دا به‌ریانكه‌وت.

به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، دوای دوو ساڵ له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، كوردانی دوزخورماتوو به‌ داخستنی دوكان و بایكۆتی بازاڕ هه‌ڵوێستیان وه‌رگرت، دژی ئه‌و زیانه‌ زۆره‌ی له‌ بارگرژییه‌كانی ئه‌و رۆژه‌دا به‌ر خه‌ڵك كه‌وت و له‌وكاته‌شه‌وه‌ كه‌س له‌ داواكارییه‌كانیانی نه‌پرسیوه‌ته‌وه‌.

جومعە محه‌مه‌د، له‌ بازاڕی حه‌سه‌ن قه‌یوانی دوزخورماتوو دوكانی هه‌یه‌، ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ نه‌چۆته‌ بازاڕ، چونكه‌ ساڵیادی ئه‌و رۆژه‌یه‌ ته‌واوی شمه‌كی نێ، دوكانه‌كه‌ روبه‌ڕوی تاڵانی و سوتاندن بۆوه‌.

"شه‌ش رۆژ به‌ر له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر، نه‌مزانی شه‌ڕ ده‌بێت و ئاواره‌ده‌بین، بۆیه‌ دوكانه‌كه‌م پڕكرد له‌ شمه‌ك، به‌ڵام ئاواره‌بوین و كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ هیچ شتێكمان نه‌مابوو، دوكانه‌كه‌ش سوتێنرابوو".

جومعه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) باسی له‌وه‌كرد ته‌واوی دوكانه‌كانی ئه‌و بازاڕه‌ی ئه‌وی تێدایه‌ سوتێنران، دوكاندار هه‌یه‌ به‌وهۆیه‌وه‌ 25 ملیۆن دینار قه‌رزار كه‌وتووه‌، بۆیه‌ داواكارن له‌ هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، قه‌ره‌بوی زیانه‌كانیان بكه‌نه‌وه‌.

(كه‌ركوك ناو) لە راپۆرتێكی-دا پێشتر بڵاویكردەوە كە 200 خانوی هاوڵاتیان و 100 دوكان و كۆگا لە گەڕەكی كۆماری قەزای دوزخورماتوو‌ سوتێنراون یان تاڵانكراون، لەگەڵئەوەشدا، 50 خانووی لێپرسراوانی كورد و پێشمەرگە ‌و چەكدارە خۆبەخشەكان تەقێنراونەتەوە، لە ئەنجامی شەڕی نێوان هێزەكانی حكومه‌تی عیراقی و پێشمەرگە.

شاخەوان حه‌سه‌ن، دوكاندارێتی بازاڕی هه‌ڵوێسته‌ له‌ دوزخورماتوو، ده‌ڵێت ئه‌وان پشكی شێری زیانه‌كانیان به‌ركه‌وت و ته‌واوی دوكانه‌كان روبه‌ڕوی تاڵانكاری و سوتاندن بونه‌وه‌، "هه‌ڵوێسته‌كه‌ی ئه‌مڕۆشمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ لایەنی پەیوەندیدارو هەر دوو حكومەت به‌ هانامانه‌وه‌ بێن و په‌ره‌بومان بكه‌نه‌وه‌".

به‌وته‌ی شاخه‌وان بۆ (كه‌ركوك ناو)؛ دوو ساڵه‌ هه‌مان داواكارییه‌كان هه‌یه‌ و كه‌س گوێیان لێناگرێت، له‌ كاتێكدا جگه‌ له‌ دوكان، خانووه‌كه‌شی سوتێنراوه‌.

duz (4)
كوردانی دوزخورماتوو به‌ بایكۆتی بازاڕ داوای قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانه‌كان ده‌كه‌ن فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

حكومه‌تی عیراق پێشتر له‌رێی لیژنه‌وه‌ خه‌مڵاندنی بۆ زیانی خه‌ڵك كردووه‌ و به‌لێنی قه‌ره‌بوی داوه‌ به‌ڵام جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ به‌شێك له‌ خێزانه‌ كورده‌كانی دوزخورماتوو، دوای دوو ساڵ له‌ ئاواره‌یی ئاماده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ نین، چونكه‌ خانوه‌كانیان سوتێنراوه‌ و له‌ توانایاندا نییه‌ نۆژه‌نی بكه‌نه‌وه‌.

به‌پێی به‌دواداچونێكی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق (یونامی)، كه‌ له‌ كۆتایی 2018دا بڵاویكردۆته‌وه‌، تا ئه‌وكات هه‌زار و 440 خێزانی ئاواره‌ی دوزخورماتوو نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، كه‌ بوه‌ هۆی زیانگه‌یاندن به‌ زیاتر له‌ 150 دوكان و خانووی هاوڵاتیان له‌رێی ته‌قاندنه‌وه‌، یان سوتاندن یاخود روخاندن.

له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، به‌ بڕیاری حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوی عیراق، هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌ چوارچێوه‌ی "سه‌پاندنی یاسادا" گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ته‌واوی ناوچه‌كانی جێناكۆك، له‌ قه‌زای دوزخورماتووش پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕێكی قورسدا روبه‌ڕویان بۆوه‌.

قەزای دوزخورماتوو سه‌ر به‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، تاكە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی لە توركمان، كورد‌و عەرەب پێكهاتون.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT