پارتێكی سیاسی توركمانی، له‌رێی هه‌ڵدانی خێوه‌تێكه‌وه چۆته چاڵ مانگرتوانی ژماره‌یه‌ك له هاوڵاتیانی عه‌ره‌بی كه‌ركوك، دژی راده‌ستكردنه‌وه‌ی باره‌گایه‌كی سه‌ره‌كی به پارتی دیموكراتی كوردستان.
بڕیاری رادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتی لە كەركوك بە بڕیاری حكومەتی عیراق، ناڕەزایی ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی عەرەبی بەدواداهات و سێشەممە 15ی تشرینی یەكەم، لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك خۆپیشاندانیان كرد.
عه‌باس محه‌مه‌د به‌یاتی، جێگری سه‌رۆکی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی توركمانی له كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "خێوه‌تێكمان هه‌ڵداوه و له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب مانمانگرتووه، به هیچ شێوه‌یه‌ك رازی نابین به راده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و باره‌گایه به پارتی، چونكه باره‌گاكه له‌سه‌ر زه‌وی وه‌زاره‌تی نه‌وت و به پاره‌ی خه‌ڵكی كه‌ركوك دروستكراوه، واته حكومیه و ده‌بێت فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی تێدابێت".
بارەگاكانی پارتی لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە لە كەركوك چۆڵكران و بەشێكی زۆریان هێزە ئەمنییەكان لێی نیشتەجێن. لەنێویاندا بارەگای سەركردایەتی له گه‌ڕه‌كی شۆراو.
"ئه‌گه‌ر پارتی ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌ركوك پێویسته شوێنێكی تر بكاته باره‌گا" لێپرسراوه توركمانییه‌كه داواشیكرد كه‌ركوك به هاوبه‌شی و وه‌ك برا تێیدا بژین.
مانگرتوانی عه‌ره‌ب و به‌شێك له پارته سیاسییه‌كانی ئه‌و پێكهاته‌یه، چه‌ند رۆژێكه به‌رده‌وام له مانگرتنیان له به‌رده‌م باره‌گاكه‌ی پارتی له گه‌ڕه‌كی شۆراو.
حاته‌م وه‌سفی، که‌سایه‌تی دیاریی هۆزی عوبه‌ید و به‌شداربوی مانگرتنه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "شه‌ش بۆ حه‌وت خێوه‌تمان هه‌ڵدراوه له به‌رده‌م باره‌گای فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له گه‌ره‌کی شۆراو، .. داواکارییه‌که‌ی ئێمه زۆرزۆر ئاسانه که ته‌نها ئه‌وه‌یه ئه‌و باره‌گایه هه‌ر وه‌کو خۆی بمێنێـه‌وه و فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كاتی تێدابێت".
هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه "له هه‌ڵوێسته‌كه‌مان به‌رده‌وام ده‌بین تا بڕیاری راده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و باره‌گایه هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه".
پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كەركوكی جێهێشتووە و نەگەڕاوەتەوە.
محەمەد خورشید، لێپرسراوی لقی كەركوكی پارتی پێشتر به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئەوە بڕیاری حکومەتى ناوەندییە و دەبێت بارەگاكانمان چۆڵبکرێت، بەڵام کەسانى توندڕەو دەیانەوێت رێگربن لەئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و دەستكەوتی شەخسی خۆیان مەبەستە".
بڕیاری راده‌ستكردنه‌وه‌ی باره‌گا حزبییه‌كان، هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی دانوستانەكانی هەرێم و ناوەند لەبارەی كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك، لەنێویاندا گەڕانەوەی پارتی.
راکان سەعید، پارێزگارى کەرکوک بە وەکالەت، لەوبارەیەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "پێویستە ئەو بڕیارەی سەرۆك وەزیران هەڵبوەشێتەوە بە رادەستكردنەوەی ئەو بارەگایە، هەروەها حکومەتى ناوەندی لەڕێگاى دانیشتنەوە رێکكەوتن بکات و شوێنێکى دیکە بۆ بارەگای پارتی دەستنیشان بكات"، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پابه‌ندبونی خۆی به جێبه‌جێكردنی هه‌موو بڕیاره‌كانی حکومەتى ناوەندی راگه‌یاند.