وەفدێكی حكومیی و پەرلەمانی هۆشداریی دەدەنە ئیدارەی كەركوك لە ئەگەری سەرهەڵدانی خۆپیشاندان دژی كەمی خزمەتگوزاریی و جیاكاریی، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "حكومەت بەرگەی توڕەیی خەڵكی كەركوك ناگرێت".
ئەو هۆشدارییە یەكشەممە 21ی تشرینی یەكەم لە ئەنجامی سەردانی لیژنەیەكی حكومیی و پەرلەمانی ئاراستەی ئیدارەی كەركوك كرا. ئامانج لە سەردانی لیژنەكە بۆ ئامادەكردنی یاداشتێك بوو لەبارەی كێشە و گرفتەكانی كەركوك.
ئەڵماس فازڵ، ئەندامی لیژنەكە و نوێنەری كەركوك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، وتی "توڕەیی هاوڵاتیانی عیراق زۆر لەوە گەورەترە تا بتوانن بەرگەی شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان بگرن، دەبوایە پێشتر عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئەو رێکارانەی بگرتایەتەبەر و راستەوخۆ لەگەڵ دەستبەکاربونی دەستی بەچاکسازی بکردایە".
ئەڵماس وتیشی "ئەم کێشانەی کە ئێستا هەن کۆکراوە و درێژەپێدەری کێشەکانی رابردووە و ناکرێت خواستی هاوڵاتیان فەرامۆشبکرێت. کەرکوکیش بەدەر نییە لەو کێشانەو دەبێت کاری جدی لەسەر بکرێت".
ئەو لیژنەیە بە نوێنەرایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و بەسەرپەرشتی ئەحمەد ریاز، وەزیری وەرزش و لاوان، گەیشتنە كەركوك، لەگەڵ راكان سەعید جبوری، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك و چین و توێژەكانی تر كۆبونەوە.
بێستون عادل، پەرلەمانتاری كەركوك و ئەندامی هەمان لیژنە، وتی "راستە تائێستا خۆپیشاندان پارێزگای کەرکوکی نەگرتۆتەوە، بەڵام ئەگەر بێت و هەوڵەکانی ئیدارەی کەرکوک بەئاڕاستەی خزمەتکردنی تەواوی دانیشتوان وەگەڕنەخرێن، ئەوە دور نییە خۆپیشاندان کەرکوکیش بگرێتەوە و رەوشەکەی ئاڵۆز بکرێت".
پەرلەمنتارانی كەركوك، لە كۆبونەوەكاندا داوایان لە پارێزگار كردووە جیاکاریی لەنێوان گەڕەکەکاندا نەکات.
ئەوەش لەكاتێكدایە راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك چەندجارێك جەختیكردۆتەوە كە لە خزمەتگوزاریدا جیاكاری ناكات.
لیژنەكە داوایان كردووە، هەلی دامەزراندن لەکەرتەکانی وزە، پەروەردە و سلکی ئەمنی هاوسەنگی لە نێوان پێکهاتەکان بپارێزرێت و کوردیش بەشداریی حەقیقی بێت.
"لە دامەزراندندا نامانەوێت رێژەی سەدا 32 پەیڕەو بکرێت، چونکە ئەوە ستەمە لە کورد، بەپێی لێکەوتەی هەڵبژاردن کورد لەم شارە زۆرینەیە و ناکرێت پەراوێزبخرێت"، بێستون وایوت.
لە 2ی تشرینی یەكەم، له شاری كهركوك، ژمارهیهك هاوڵاتی وهك پاڵپشتییهك بۆ خۆپیشاندهرانی بهغدا بۆ داوای ههلیكار گردبونهوه. بەڵام تەنیا ئەو رۆژە بووە و درێژەی نەكێشا.