ئاواره‌كانی كه‌مپ؛ له‌گه‌ڵ باراندا خه‌مه‌كانیشیان هه‌ڵده‌كشێت

دهۆك، 2019، كه‌مپی كه‌به‌رتووی ئاواره‌كان كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ئێزیدین فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

له‌ ژێر خێوه‌تێكی كۆندایه، گه‌رمای هاوینی به‌ زه‌حمه‌تی تێپه‌ڕاند و چاوه‌ڕێی بارودۆخێكی سه‌ختتر ده‌كه‌ن؛ ئه‌وه‌ش سه‌رمای زستانه‌ له‌گه‌ڵ بارانی به‌خوڕ و لافاودا، خێزانه‌كه‌ی خه‌ڵه‌ف ئه‌لیاس چه‌ند ساڵێكه‌ به‌وشێوه‌یه‌ ده‌ژین.

خه‌ڵه‌ف له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و 11 منداڵه‌كه‌یدا، پێنج ساڵه‌ له‌ شنگال ده‌رچووه‌ و له‌ كه‌مپێكی ئاواره‌كاندا، به‌رده‌وامی ده‌دات به‌ مه‌ینه‌تی و بارگرانی، سه‌رباری به‌ڵێنی زۆری لێپرسراوانیش؛ به‌ڵام هیچ له‌ ژیانی ئاواره‌یی ئه‌و نه‌گۆڕاوه‌.

"چه‌ند نزیكبینه‌وه‌ له‌ وه‌رزی زستان خه‌مه‌كانمان دووجار ئه‌وه‌نده‌ زیاد ده‌بن، چونكه‌ له‌ زستان جیاواز له‌ وه‌رزه‌كانی تر، پێویستمان به‌ زۆر شت هه‌یه‌" ئه‌و هاوڵاتییه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

مه‌ترسی ئاواره‌كان، به‌هۆی ده‌ستپێكردنی وه‌رزی بارانبارینه‌وه‌، كه‌ بۆ ئه‌وان جگه‌ له‌ قوڕ و لافاو، زیانی زۆریش به‌ خێوه‌ته‌كانیان ده‌گه‌یه‌نێت.

"لێپرسراوان له‌رێی راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ ده‌ڵێن نه‌وت دابه‌ش ده‌كه‌ین و خێوه‌ته‌كان ده‌گۆڕین، به‌ڵام هێشتا یه‌ك لیتر نه‌وت وه‌رم نه‌گرتووه‌ و خێوه‌ته‌كه‌شم نه‌گۆڕدراوه‌، ئه‌گه‌ر زستان ته‌واو بوو چی له‌ نه‌وت و خێوه‌ت‌ بكه‌م".

خه‌ڵه‌ف ئه‌لیاس وتی "دابه‌شكردنی پێداویستی زستان زۆر به‌ سستی به‌رێوه‌ده‌چێت، له‌ كاتێكدا وا وه‌رزی بارانبارین ده‌ستپێده‌كات و ناچارین خۆمان نه‌وت بكڕێن، بۆیه‌ داواكارین چیتر لێپرسراوان به‌ڵێنی ناڕاست به‌ ئاواره‌كان نه‌ده‌ن".

camp
زاخۆ، 2019، دابه‌شكردنی خێوه‌تی نوێ له‌ كه‌مپی بێرسیڤ فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئیداره‌ی دهۆك

له‌ وه‌رزی بارانبارین و زستانی رابردودا، لافاو و سه‌رما زیانی به‌ ده‌یان خێزان گه‌یاند، به‌شێكیان خێوه‌ته‌كانیان ژێر ئاو كه‌وت.

ئه‌سكه‌نده‌ر محه‌مه‌د ئه‌مین، لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق له‌ پارێزگای دهۆك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌وه‌‌ ده‌ست به‌‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی كراوه‌ به‌ سه‌ر ئاواره‌كاندا، له‌ كه‌مپی داودێی قه‌زای ئامێدی و شوێنه‌كانی تر، ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت تا هه‌موان به‌شه‌ نه‌وتی خۆیان وه‌رده‌گرن".

هه‌ر خێزانێكی ئاواره‌، له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا بڕی ته‌نیا 40 لیتر نه‌وتی پێده‌درێت، دواتر له‌ قۆناغی دوه‌مدا 100 لیتر و قۆناغی سێیه‌میش هه‌ر خێزانێك 60 لیتر نه‌وت وه‌رده‌گرێت.

ئه‌مساڵ وه‌زاره‌تی نه‌وت بڕه‌كه‌یان كه‌مكرده‌وه‌ و ئێمه‌ش نازانین هۆكاره‌كه‌ی چییه‌"، به‌وته‌ی ئه‌سكه‌نده‌ر، له‌ كاتێكدایه‌ شوێنی نیشته‌جێبونی ئاواره‌كان به‌ تایبه‌ت له‌ دهۆك و ناوچه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان، ساردتره‌ به‌راورد به‌ پارێزگاكانی عیراق و سوته‌مه‌نی زیاتریان ده‌وێت.

لێپرسراوه‌كه‌ی فه‌رمانگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌ران ده‌ڵێت له‌سه‌ر داوای ئیداره‌ی پارێزگای دهۆك، ره‌زامه‌ندی دراوه‌ له‌سه‌ر دابینكردنی 14 هه‌زار و 500 خێوه‌تی نوێ بۆ ئاواره‌كان، پرۆسه‌ی گۆڕینی خێوه‌ته‌كانیشه‌وه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك كه‌مپ ده‌ستیپێكردووه‌.

له‌ كه‌مپ و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا، زیاتر له‌ 700 هه‌زار ئاواره‌ هه‌یه‌ و زۆرینه‌ی خه‌ڵكی نه‌ینه‌وان، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم.

camp (1)
نه‌ینه‌وا، ئازاری 2019، لافاو له‌ كه‌مپێكی ئاواره‌كانی چیای شنگال فۆتۆ: راگه‌یاندنی كه‌مپی سه‌رده‌شت

ماهر مشۆ چۆلی، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی بێرسیڤی دوو له‌ قه‌زای زاخۆ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌فته‌ی رابردوو 750 خێوه‌تی نوێ دراوه‌ته‌ ئاواره‌كان و وه‌جبه‌یه‌كی دیكه‌ش له‌ رۆژانی ئاینده‌دا دابه‌شده‌كرێن، پلانه‌كه‌ش به‌وشێوه‌یه‌یه‌ تا كۆتایی خێوه‌تی هه‌زار و 90 خێزان بگۆڕدرێن".

له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكانی عیراق، به‌پێی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوان و درێژخایه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوی ئاواره‌كان ده‌ستپێكردووه‌، له‌رێی هاندانیان به‌ پێدانی هاوكاریی ماددی، تا كه‌مپه‌كانیش دابخرێن.

سالم سه‌عید، لێپرسراوی به‌شی راگه‌یاندن له‌ بۆردی كاروباری مرۆیی سه‌ر به‌ پارێزگای دهۆك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئاماده‌كارییه‌كی باش كراوه‌ بۆ وه‌رزی زستان، ئاوه‌ڕۆی هه‌موو كه‌مپه‌كان نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی رێگای چوار كه‌مپ، كه‌ ئاواره‌كان زۆر گله‌ییان لێی هه‌بوو".

ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك به‌ هه‌ماهه‌نگی رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان پێداویستی زستانه‌ به‌سه‌ر ئاواره‌كاندا دابه‌شده‌كات له‌ نه‌وتی سپی، جلوبه‌رگ، به‌تانی و مادده‌ خۆراكییه‌كان.

"پلانێكی باش دانراوه‌ بۆ هه‌ر ڕوداوێكی نه‌خوازراو دروستبونی لافاو"، سه‌عید دڵنیاییشی دایه‌ هه‌موو ئاواره‌كان له‌وه‌ی زۆرینه‌ی داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێده‌كرێت.

له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014وه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش و دواتر شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره‌ بوون كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی سه‌دا 15ی ژماره‌ی دانیشتوانی وڵات، له‌و ژماره‌یه‌ش تائێستا زیاتر له‌ چوار ملیۆن كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT