ئێوارەكی درەنگی ساڵی 2017، كاتێك حەبیب مەولود لەسەر كار دەگەڕێتەوە، كوڕەكەی ماڵەوەی جێهێشتووە و هیچ سۆراغێكی نابێت، تا درەنگانێكی هەمان شەو زەنگی مۆبایلەكەی لێدەدات و دەنگێك بە ورەیەكی بەرزەوە دەڵێت "باوكە من بۆ بەرگریكردن گەیشتمە رۆژئاوا".
ئەوە دواجار دەبێت باوكێك گوێی لە دەنگی كوڕەكەی بێت، تا ئەم هەفتەیە تەرمەكەی لە گرێ سپییەوە بۆ ماڵەكەی لە كەركوك گەڕێنرایەوە.
ئیبراهیم حەبیب 19ساڵ، یەكێك بوو لەو دەیان گەنجەی كەركوك كە لەساڵی 2014ەوە تا ئەمساڵ چونەتە كوردستانی سوریا بۆ شەڕی چەكدارانی داعش و گروپە توندڕەوەكانی تر، لەپاڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات. بەڵام دوای دوو ساڵ و لە 16ی ئەم مانگە لە بۆردومانێكی سوپای توركیا بۆ سەر شاری گرێ سپی گیانی سپارد.
چیرۆكی منداڵی مەزڵوم دۆغان
ئیبراهیم حەبیب مەولود (مەزڵوم دۆغان) لەساڵی 2000 لە كەركوك لەدایكبووە، كوڕی دووەمی خێزانەكەیەتی. تەمەنی تەنیا هەشت ساڵ بوو كاتێك دایكی بە نەخۆشی لەدەستدا.
وەك خزمەكانی دەیگێڕنەوە، منداڵێكی هێمن و ژیر بووە، زۆرینەی كاتەكانی لەپاڵ خوێندنەكەیدا بە خوێندنەوەی كتێبی نەتەوەیی بەسەربردووە.
بەرلەوەی بچێتە كوردستانی سوریا، ئیبراهیم لەگەڵ باوكی كاریكردووە. هاوكاریی و بەردەستی كردووە لە فیتەریی.
تا پۆلی چوارەمی ئامادەیی دەخوێنێت، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی داعش لە سوریا و عیراق، بیر لە گەیشت بە هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكاتەوە لە كوردستانی سوریا (رۆژئاوا).
زەید برای ئیبراهیم، لە باسی براكەیدا بە (كەركوك ناو)ی وت "نەرم و نیان و لەسەرخۆ بوو، هەمیشە هەڵسوکەتەکانی لە منداڵ نەدەچوو، دوای نەمانی دایکمان، هەر وەک دایکمان مهرەبان بوو، هەمیشە دوای خوێندنگە لە دوای شەشی سەرەتای سەرقاڵی خوێندنەوە بوو، بەزۆری ئەو كتێبانەی دەخوێندەوە كە لەسەر پرسی كورد بوو".
مەزڵوم دۆغان كەركوك جێدەهێڵێت
لە ساڵی 2017 ئیبراهیم حەبیب (مەزڵوم دۆغان) كەركوك جێدەهێڵێت، لە رۆژێكدا كە باوكی لەسەر كاربوو، براكانیشی بەو هەوڵەیان نەدەزانی.
حەبیب مەولود، باوكی ئیبراهیم دەڵێت "شەوێک دوای ئەوەی لە كار گەڕامەوە ئیبراهیمم نەبیینی، زۆر تەلەفۆنم بۆی کرد مۆبایلەکەی داخرابوو، ئەو شەوە تا درەنگان تەواو بێچارە بوم کە ئاخۆ کوڕەکەم چی بەسەرهاتووە".
كاتژمێر 11ی ئەو شەوە، زەنگی ژمارەیەكی نەناسراو بۆ حەبیب دێت، ئیبراهیم بەورەیەكی بەرزەوە دەڵێت "باوكە ئیراهیمم، من دەچمە رۆژئاوای کوردستان و ئێستا نزیکم لەگەڵ كۆمەڵێك لە خەڵكی تر".
ئەوە کۆتا جار دەبێت كە حەبیب گوێی لەدەنگی ئەو كوڕەی بێت.
ساڵی 2014، كاتێك داعش هێرشدەكاتە سەر كەركوك، ئیبراهیم دەیەوێت چەك هەڵبگرێت و شەڕ بكات، بەڵام باوكی رێگریی لێدەكات، بەهۆی ئەوەی ئەوكات تەمەنی تەنیا 14 ساڵ بوو.
ئەو رۆژەی مەزڵوم دۆغان گەڕایەوە كەركوك
ئێوارەی 17ی ئەم مانگە، زەنگێكی تر بۆ حەبیب دێت و پێی دەڵێن هەواڵ لە ئیبراهیمەوە هەیە.
حەبیب بەو هەواڵە دڵخۆشدەبێت، وەك خۆی دەڵێت دوای ئەو ماوەیە لە هەواڵپرسین، بە كوڕەكەی شاددەبێتەوە.
بڕیارەكە بەو شێوەیە دەبێت كە كەسوكاری ئیبراهیم بچنە سلێمانی بۆ بینینی رۆڵەكەیان، لەوكاتەدا ژمارەیەك لە كۆمیتەی شەهیدانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، دەچنە ماڵی حەبیب.
حەبیب وتی "هەر كە بینیانم زانیم هەواڵی خۆش لەبارەی ئیبراهیمەوە بەڕێوە نییە، پاش چەند خولەکێک وتیان بەداخەوە کە ئیراهیم شەهید بووە، من تا ئەوکاتەش چاوەم لەسەر روناهی تیفی بوو تا پێش ئەوەی بمرم نەوەکەم ببینمەوە، بەڵام ئیتر نەمبینی".
"من جەرگم سوتا بەڵام زۆر سەربەرزم، من لە ڕێگای ئێوەوە دەڵێم تورکیا دۆستی ئێمە نین، ئێمە جگە لە خوا کەسی ترمان نییە"، حەبیب وایوت.
مەزڵوم دۆغان، لەشەڕی وەڵامدانەوەی هێرشی توركیا بۆ سەر كوردستانی سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات لە بۆردومانێكدا گیانیلەدەستدا.
"ئیبراهیم و هەڤاڵانی قارمانانە دەجەنگان، شەڕی دەست و یەخەیان دەكرد، بەڕادەیەك بەرگری دەكەن لە ماوەی کەمتر لەنیو کاتژمێردا 21 کەس لە هێرشبەران دەکوژن، ئەمە وادەکات بۆردمانی ئاسمانی ناوچەکە بکرێت، پاش بۆردمانی چڕ، ئیبراهیم چەند پارچەیەک لای راستی سکی دەکەوێت و شەهید دەبێت"، بەمشێوەیە باسی چالاكی ئیبراهیم بۆ باوكی كراوە.
دووشەممە 21ی تشرینی یەكەم، کەژاوای سەدان ئۆتۆمبێل، بەدەم دروشمی جۆراوجۆر گەیشتنە كەركوك و لە گۆڕستانی رەحیماوا تەرمەكەی بەخاكسپێردرا.
هاواری نەنکی ئیبراهیم باڵای بەسەر گۆڕستانەکەدا کێشابوو، "گیانی نەنە، جەرگت سوتانم".