سه‌دان خێزانی ئێزیدیی، به‌وانه‌شه‌وه پێشتر له ده‌ستی داعش هه‌ڵاتبون، جارێكی‌تر به‌هۆی شه‌ڕی توركیا بۆ كوردستانی سوریا روبه‌ڕوی ئاواره‌یی و فشاری گۆڕینی ئایین ده‌بنه‌وه.
ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی توركیا و چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، 9ی تشرینی یه‌كه‌م به‌ره‌و هه‌ردوو ناوچه‌ی گرێسپی و سه‌رێكانی ده‌ستیپێكرد له كوردستانی سوریا، به پاساوی دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده).
ناوچه‌كانی شه‌ڕی نێوان توركیا و هه‌سه‌ده، چه‌ندین گوندی ئێزیدی نشین و ده‌یان خێزانی ئاواره‌ی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ی تێدایه، كه پێشتر و به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه بۆ شنگال رویانكرده باكور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، له ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه‌دا، سه‌دان خێزانی ئێزیدی ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان، ناوچه‌كانی تری سوریا و ده‌ره‌وه‌ی وڵات بون.
ۆریفان عه‌بدۆ، رۆژنامه‌نوس و ئێزیدی خه‌لكی كوردستانی سوریایه، له سه‌روبه‌ندی شه‌ڕه‌كه‌وه به‌دواداچونی بۆ ئاواره‌بونی ئێزیدییه‌كان كردووه، ده‌ڵێت به‌شێكی زۆر له ئێزیدییه‌كان، به یه‌كجاری كۆچیان كردووه به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌وروپا.
به‌وته‌ی عه‌بدۆ، ته‌نیا له ناوه‌ندی گرێسپی، كه ئێستا به ده‌ست توركیاوه‌یه و یه‌كه‌م ناوچه‌ی شه‌ڕه‌كه بوو، له 50 خێزانی ئێزیدی نیوه‌یان هه‌ڵاتون.
له گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ش كه هاوسنوری توركیایه، زۆرێك له ئێزیدییه‌كان ئاواره‌بون، له‌وانه له گوندی دریجیك له 50 خێزان یه‌ك خێزان ماونه‌ته‌وه، له مزگه‌فت له 40 خێزان هه‌مویان ئاواره‌بون، له گوندی تڵخاتون له 70 ماڵ یه‌ك خێزان و له ئهوتلچانیش له كۆی 30 خێزان ته‌نیا 13 خێزان ماونه‌ته‌وه و ئاوارهنهبون.
هه‌روه‌ها له گوندی ئاڵهرهشا له 35 خێزان حه‌وت خێزان ماون، گونده‌كانی شلهومیا و گركێ شامۆ یه‌ك خێزان ماون، ئه‌وه‌ش جگه له ئاواره‌بونی چه‌ندین خێزانی تری كریستیانی و موسڵمانی ئه‌و سنوره.
به‌پێی ئاماره‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له شه‌ڕی توركیا بۆ كوردستانی سوریا، نزیكه‌ی 300 هه‌زار هاوڵاتی ئاواره‌بون، به‌شێكیان رویانكردۆته سنوری عیراق به تایبه‌ت هه‌رێمی كوردستان.
له شارۆچكه‌ی سه‌رێكانی، كه ئامانجێكی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی توركیا بووه و ئێستا له‌ژێر ده‌ستی ئه‌واندایه، هه‌شت گوندی ئێزیدی چۆڵكراون، به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی وریفان عه‌بدۆ.
(كه‌ركوك ناو)، له‌رێی زیاد له سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه ئاواره‌بونی زۆرینه‌ی ئێزیدیه‌كانی كوردستانی سوریای پشتڕاستكرده‌وه.
له نێو ئه‌و ئێزیدییانه‌ی له كوردستانی سوریاوه ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه، ئێزیدی خه‌ڵكی ناوچه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا به تایبه‌ت قه‌زای شنگال هه‌ن، كه پێشتر له داعش هه‌ڵاتبون.
له ئابی 2014دا كاتێك داعش ده‌ستیگرت به‌سه‌ر قه‌زای شنگال، هه‌زاران ئێزیدی ئاواره‌بون و سه‌دانی دیكه‌ش كوژران، جگه له رفاندنی زیاتر له شه‌ش هه‌زار هاوڵاتی له نێویاندا كچ و منداڵ، كه هێشتا چاره‌نوسی نزیكه‌ی نیوه‌یان به نادیاری ماوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
له‌وكاته‌وه، به‌شێك له هاوڵاتیانی ئێزیدی و ئه‌وانه‌ی له ده‌ستی داعش رزگاركراون، له كوردستانی سوریا مانه‌وه، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده‌دا، كه پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی هێزه‌ش كوردن.
"چۆن داعش بە زۆره‌ملێ داوای گۆڕینی ئایینی له ئێزیدییه‌كان ده‌كرد، ئێستاش له عه‌فرین و چه‌ندین ناوچه چه‌كداره توندڕه‌وه‌كانی هاوپه‌یمانی توركیا هه‌مان داوا و فشاریان كردۆته سه‌ر ئێزیدیی" مستەفا نەبۆ، نۆنەری ئیزیدییان لە به‌رێوه‌به‌ری خۆسه‌ری كوردستانی سوریا بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
"ئه‌وان له چه‌ندین گوندی ئێزیدی مزگه‌وتیان دروستكردووه، به زۆر منداڵانی عه‌فرین فێری قوربان ده‌كه‌ن و ده‌بێت كچانیش حیجاب و پۆشاكی ره‌ش بپۆشن".
ناوچه‌ی عه‌فرین له كوردستانی سوریا، ساڵی رابردو، له ئۆپه‌راسیۆنێكدا به هاوبه‌شی هێزه چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ده‌ستیان به‌سه‌رداگرت.
لێپرسراوه‌كه‌ی ئیداره‌ی كوردستانی سوریا ده‌ڵێت پێشتر 50 هه‌زار ئێزیدی له عه‌فرین، به‌شێكی زۆر كۆچیان كرد بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، 25 هه‌زار له 22 گوندی ده‌وروبه‌ری عه‌فرین مابونه‌وه، به‌هۆی شه‌ڕه‌وه نزیكه‌ی 10 هه‌زار كه‌سیش له‌وان ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری باكوری سوریا بون.
شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده، كه ئیستا شه‌ڕی توركیا ده‌كه‌ن، چه‌ند ساڵێك له شه‌ڕی سهختدابون دژی داعش و له‌و ماوه‌یه‌دا، سه‌دان ئێزیدییان له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه رزگاركرد.
شنگال/ كچێكی ئێزیدی دوای پێنج ساڵ رفاندنی لای داعش، بە كەسوكاری شاددەبێتەوە فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی
نادیه موراد، چالاكوانی ئێزیدی و براوه‌ی نۆبڵی ئاشتی له په‌یامێكدا دوای ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كانی توركیا، جگه له ئیدانه‌ی ئه‌و شه‌ڕه، داوایكرد بارودۆخی ئه‌منی ناوچه‌كه زیاتر تێكنه‌درێت و جارێكی‌تر كه‌مایه‌تییه ئاینیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان نه‌خرێنه‌وه به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه.
هه‌روه‌ها مه‌ترسی خۆی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و رزگاربونی چه‌كدارانی ده‌ستگیركراوی ئه‌و رێكخراوه نیشاندا كه تۆمه‌تبارن به كۆمه‌ڵكوژی ژنانی و منداڵانی ئێزیدی.
له گونده‌كانی سه‌ر به كانتۆنی حه‌سه‌كه له كوردستانی سوریا، ژماره‌یه‌ك گوندی ئێزیدی چۆڵكراون، به‌هۆی مه‌ترسی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی گروپه چه‌كدارییه ئیسلامییه‌كانی ئۆپۆزسیۆن، كه هاوشانی توركیا شه‌ڕ ده‌كه‌ن.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، له گونده‌كانی تۆڵگو، تلتەوییل، ملەح، مەجموودیا، تل تیران، زیفان، مەعەك، بوریسعیج، خەربە جەمەل، تل ئەسوەد، عەنتەری، هشری و قەمەر، كه هه‌ر یه‌كێكیان لانیكه‌م 70 خێزانی ئێزیدی تێدابووه، ئێستا چوار بۆ پێنج خێزانی تێدا ماوه.
جگه له‌وه‌ش، له كه‌مپه‌كانی كوردستانی سوریا، به تایبه‌ت كه‌مپی هۆل، سه‌دان ئێزیدی خه‌ڵكی عیراق روبه‌روی مه‌ترسی و بارودۆخێكی ناهه‌موار بونه‌ته‌وه، كه به‌شێكیان به‌هۆی ترس، خستنەوەی منداڵ و گۆڕینی ئایینه‌وه نه‌یانده‌توانی ناسنامەی خۆیان ئاشكرابكەن و بگه‌ڕێنه‌وه.
كەمپی هۆل، یەكێكە لە گەورەترین كەمپەكانی سوریا لە خۆرهەڵاتی شاری حەسەكە، 72 هەزار كەس لێی نیشتەجێیە و لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆجێی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە، دانیشتوانەكەی تێكەڵەیەكن لە كەسوكاری داعش، بیانییەكان و ژنان و منداڵانی ئێزیدیی و ئەو ئاوارانەی لە دوامەنزڵگەی داعش لە باغۆز و لە ئازاری 2018دا ئاوارەبون.
رۆژهات عەلی، راوێژكاری كەمپی ئاوارەكان لە كانتۆنی جزیرە لە باكوری سوریا، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە نێو كه‌مپ و كه‌سوكاری داعشه‌كاندا ژماره‌یه‌ك كچ و ژنی ئێزیدیش هەن، كه تائێستا خۆیان وەك ئیزیدی نیشان نه‌داوه، بۆیه هه‌ر روداوێك له نێو كه‌مپه‌كه‌دا روبدات ئه‌وا ژیانیان ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه".
له هه‌فته‌كانی رابردودا و به‌هۆی شه‌ڕه‌وه، هه‌سه‌ده هه‌ڵاتنی ده‌یان تۆمه‌تباری داعشی له كه‌مپ و زیندانه‌كاندا راگه‌یاند، دوای بۆردومانی توركیا بۆ شوێنی مانه‌وه و ده‌ستبه‌سه‌ركردنیان.