كوڕ و برایەكی راكان سەعید-ی تێدایە
بە تۆمەتی "گەندەڵی" 14 كەس لە دیوانی پارێزگای كەركوك دەستگیركران

26ی تشرینی یەكەمی 2019/ راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لەكاتی بەسەركردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك فۆتۆ: راگەیاندنی نوسینگەی پارێزگار

كەركوك ناو

دەستەی نەزاهەی كەركوك 14 كەس لە دیوانی پارێزگاری كەركوك دەستگیركرد لە نێویاندا كوڕ و برایەكی راكان سەعید، پارێزگار كەركوك بەوەكالەت، ئەوەش بەهۆی چەند سكاڵایەك و بە تۆمەتی بەهەدەرادانی سامانی گشتی.

بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 27ی تشرینی یەكەم، دەستەی نەزاهە ئەو 14 كەسەی لەنێو دیوانی پارێزگا دەستگیر كردو تائێستا ئازادنەكراون، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.

سەرچاوەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "لەسەر بڕیاری دەستەی نەزاهە ئەو 14 كەسە دەستگیركراون، ئەوەش بەهۆی ژمارەیەك سكاڵا لەسەر كەیسی گەندەڵیی و بەهەدەردانی سامانی گشتی".

لەنێو دەستگیركراوەكاندا، برایەكی راكان سەعیدی تێدایە كە لێپرسراوی نوسینگەكەیەتی، لەگەڵ كوڕێكی راكان.

هەروەها هەریەكە لە سەرۆكی لیژنەی وردبینی و سەرۆكی بەشی ژمێریاری دیوانی پارێزگار لەنێو دەستگیركراوەكاندان، ئەوانی تر فەرمانبەرن، هەر بەپێی سەرچاوەكەی (كەركوك ناو).

(كەركوك ناو)، نەیتوانی هیچ لێدوانێك لە لێپرسراوانی دیوانی پارێزگای كەركوك وەربگرێت و ئامادەنەبون قسە بكەن.

هەر ئەمڕۆ یەكشەممە، ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی عیراق، ده‌ستگیرکردنی نوێنه‌ری یاسایی شاره‌وانی که‌رکوکی راگه‌یاند، به‌ تۆمه‌تی وه‌رگرتنی به‌رتیل.

فه‌رمانگه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ بڵاویکرده‌وه‌، له‌ڕێی تیمێکی نوسینگه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی که‌رکوک، توانیویانه‌ نوێنه‌ری یاسایی شاره‌وانی ده‌ستگیربکه‌ن.

به‌پێی به‌یاننامه‌که‌ی نه‌زاهه‌، ئه‌و تیمه‌ی فه‌رمانگه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌، چونه‌ته‌ شاره‌وانی و له‌وێ له‌ کاتی وه‌رگرتنی به‌رتیلدا نوێنه‌ره‌ یاساییه‌که‌یان ئاشکراکردووه‌.

"نوێنه‌ری یاسایی شاره‌وانی به‌رتیلی له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڵگرتنی حیجز (ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن)ی له‌سه‌ر موڵکێک وه‌رگرتووه‌"، بەپێی بەیاننامەكەی دەستەی نەزاهە و هاتووە كە ده‌ستگیرکردنه‌که‌ له‌سه‌ر بڕیاری دادوه‌ر بووه‌ و به‌پێی مادده‌ی 307ی یاسای سزادانی عیراق.

ئه‌و مادده‌ یاساییه‌که‌ تایبه‌ت به‌ سزادانی هه‌ر فه‌رمانبه‌ر و راسپێردراوێک به‌ خزمه‌تی گشتی، ئه‌گه‌ر له‌به‌رانبه‌ر کاره‌که‌یدا ئیمتیاز و هه‌ر شتێکی وه‌رگرت، به‌وه‌ش به‌ ماوه‌یه‌ک زیندانی له‌ 10 ساڵ که‌متر نه‌بێت یان به‌ ده‌ستبه‌سه‌رکردن و غه‌رامه‌ی دارایی.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT