سه‌دان گه‌نجی شاری كه‌ركوك، له‌رێی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنییه‌وه داواكاری بوون به سه‌رباز پڕكردنه‌وه، ئه‌وه‌ش دوای بڕیارێكی حكومه‌تی عیراقی بۆ دامه‌زراندن له‌ریزه‌كانی سوپادا.
وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق، له 15ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵه‌وه ده‌رگای دامه‌زراندنی سه‌ربازی به روی هاوڵاتیانی پارێزگاكاندا كردۆته‌وه، كه بڕیاره پرۆسه‌كه‌ش تا كۆتایی هه‌مان مانگ به‌رده‌وامی هه‌بێت.
له سه‌روبه‌ندی ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌كه، رۆژانه ده‌یان گه‌نجی پارێزگای كه‌ركوك رووده‌كه‌نه‌وه به‌شی كاروباری قوتابیان له به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده، بۆ راییكردنی مامه‌ڵه و ئاماده‌كردنی به‌ڵگه‌نامه پێویسته‌كانی په‌یوه‌ندیكردن به سوپا.
رامی نەعیم (21 ساڵ)، بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی هه‌یه و به چه‌ند رۆژێك توانیویه‌تی مامه‌ڵه‌كانی ته‌واو بكات، تا فۆڕی ئه‌لیكترۆنی پڕبكاته‌وه و بچێته ریزه‌كانی سوپاوه.
ئه‌و گه‌نجه ده‌ڵێت سه‌ره‌تای راییكردنی مامه‌ڵه‌كان له‌رێی ئاراستكردنی نوسراوێكهوهیه بۆ پێدانی بڕوانامه له په‌روه‌رده، دواتر ده‌چیته دوایین خوێندنگه‌ت و دوای په‌سه‌ندكردنی له به‌شی كاروباری قوتابیان، له‌رێی ئینته‌رنێته‌وه به‌ڵگه‌نامه‌كان هاوپێچی زانیارییه‌كانت ده‌كه‌ت له‌گه‌ڵ فۆڕمه ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌دا.
به‌پێی بانگه‌وازێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق، هه‌ر گه‌نجێك خاوه‌نی بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی به‌ره‌و ژووره و خوازیاری چونه ریزی سوپایه، ده‌توانێت فۆڕم پڕبكاته‌وه، به مه‌رجێك ته‌مه‌نی له 18 ساڵ كه‌متر و له 30 ساڵ زیاتر نه‌بێت.
"من هه‌فته‌یه‌كه هاتوچۆی بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە و قوتابخانە و بەشی كاروباری قوتابیان دەكەم پاشان فۆڕمم بە پێنج هەزار دینار پڕ كرده‌وه" قانع نەجم عەبد وای وت، به‌وته‌ی ئه‌و گه‌نجه بۆ (كه‌ركوك ناو)، هێشتا رێكاری تر ماوه و هه‌ركاتێك ناوه‌كانیان گه‌ڕایه‌وه، پێویسته بچنه پشكنین و ژماره‌یه‌كی تر له به‌ڵگه‌نامه‌ی پێویست ئاماده‌بكه‌ن.
بڕیاری دامه‌زراندن له ریزه‌كانی سوپادا، له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی حكومه‌تی عیراقی‌دا دێت كه سه‌ره‌تای تشرینی یه‌كه‌م ده‌ریكرد، وه‌ك به‌ده‌مه‌وه‌چونی داواكاری خۆپیشانده‌رانی ناڕازی.
خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی، نزیكه‌ی مانگێكه ناوبه‌ناو له به‌غدا و چه‌ند پارێزگایه‌كی تر به‌رده‌وامی هه‌یه، بۆ داواكاری هه‌لیكار و چاكسازی، به‌هۆی بارگرژییهكانیشهوه زیاتر له 200 كه‌س كوژراون و هه‌زارانی تر برینداربون.
هه‌ر به‌پێی بڕیاره‌كانی حكومه‌ت، ئه‌و كه‌سانه‌یشی پێشتر و له 2014دا به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه گرێبه‌سته‌كانیان هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه، دوباره ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ریزه‌كانی سوپا.
مه‌ناف ناجی (19 ساڵ) به (كه‌ركوك ناو)ی وت "تا خۆپیشاندان نه‌بوو حكومه‌ت نه‌كه‌وته خۆی، ره‌نگه ئه‌وه‌ی ئێستا ته‌نیا بۆ خۆڵكردنه چاوی خه‌ڵك بێت و وه‌ك به‌نجێكی پێش نه‌شته‌رگه‌ری بیه‌وێت له‌رێی به‌ڵێنی دامه‌زراندنه‌وه خۆپیشاندان بیری خه‌ڵك بباته‌وه نه‌ك به كرداریی كاری بۆ بكات".
به‌ڵگه‌نامه پێویستییه‌كان بۆ دامه‌زراندن له ریزه‌كانی سوپادا، وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی به‌رگریدا هاتووه، پێكهاتون له بڕوانامه، پێناسیی باری شارستانی و ره‌گه‌زنامه یان كارتی نیشتمانی، كارتی زانیاری نیشته‌جێبون، كۆبۆنی خۆراك و چوار وێنه.
عەلاوی روشدی، دوكانی ئینته‌رنێت و فۆتۆكۆپی هه‌یه له شه‌قامی تسعین له كه‌ركوك، نزیكه‌ی له به‌شی كاروباری قوتابیانی په‌روه‌رده‌وه، بۆیه رۆژانه ده‌یان گه‌نج له‌رێی ئه‌وه‌وه فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی پڕده‌كه‌نه‌وه.
"بۆ هەر فۆڕمێك بە هەموو كۆپی و پێداویستییەكانیەوە بڕی پێنج هەزار دینار وەردەگرین"، روشدی ده‌ڵێت له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوه‌كانیشدا بۆ پشكنین جارێكی‌تر پێویستیان به به‌ڵگه‌نامه‌كان ده‌بێته‌وه.