پەرلەمانی عیراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق و كۆتایهێنان بە كاری ئەنجومەنی قەزا و ناحییەكان.
ئەو بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆ دووشەممە 28ی تشرینی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا هاتووە و بە زۆرینەی دەنگ پەسەندكراوە.
بەپێی بڕیارەكە ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵدەوەشێتەوە تا هەڵبژاردنی داهاتوو كە بڕیارە لە یەكی نیسانی 2020 بەڕێوەبچێت.
هەروەها پارێزگاری راسپاردووە بە راییكردنی كاروباری دارایی و كارگێڕی، بەڵام لەژێر چاودێری پەرلەمانی عیراق. لەگەڵ كۆتاییهێنان بە كاری ئەنجومەنی قەزاو ناحییەكان.
هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، یەكێك بوو لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی 25ی تشرینی یەكەم، كە تیایدا داوایانكرد ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵبوەشێتەوە و لە بەرامبەردا ئەو پارەیەی بۆ ئەنجومەنەكان تەرخاندەكرێت لە بونیاتنانەوەی وڵات خەرجبكرێت.
ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بڕیاربوو تاوەكو سەرەتای ئازاری 2020 لەكاردابن، بەڵام لە 8ی تشرینی یەكەم، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دانیشتنێكدا دەنگیدا لەسەر گرتنبەری كۆمەڵێك رێكاری پەیوەست بە هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە و ئەمڕۆ بڕیاری لەسەر درا.
پێشتر ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوانەی ئەو جۆرە هەوڵەدەدەن لە بنەڕەتدا فێری سیستمی دیکتاتۆریەت بون و بڕوایان بەلامەرکەزی نییە... پێشموایە بەشێکی ئەو بڕیارە ترسە لە بەهەرێمبونی پارێزگای بەسرە".
ئەو سەرسوڕمانی خۆیشی لەو بڕیارە نیشانداو وتی "بۆچی ئەنجومەنەکان بە ئامانج بگیرێن؟، خۆ پارە لای ئێمە نییە، بەڵکو لای حکومەت و پارێزگارەکانە، لای ئیدارەی شارەکانە، من پێموایە ئەوان ئەنجومەنەکان بە رێگریی دەبینن بۆ ئەنجامدانی كاری گەندەڵیی و دەیانەوێت لایەنێك نەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات".
خۆپیشاندانی ناڕهزایی، نزیكهی مانگێكه ناوبهناو له بهغدا و چهند پارێزگایهكی تر بهردهوامی ههیه، بۆ داواكاری ههلیكار و چاكسازی، بههۆی بارگرژییهكانیشهوه زیاتر له 200 كهس كوژراون و ههزارانی تر برینداربون.
هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.