بەڵێنەكانی حكومەت خۆپیشاندەرانی رازینەكرد بۆ چۆڵكردنی شەقامەكان و دەستبەرداربون لە خۆپیشاندان، داواكارییەكان تادێت زیاتر دەبێت و رژانی خوێنی 179 كەس لەم مانگەدا و بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە، ئەگەری دامركاندنەوەی خۆپیشاندانەكانی قورستر كردووە. هەر بەو هۆیەوە لانیكەم 50 بارەگا كە زۆرینەیان بارەگای حزبین سوتێنراون.
ئەو خۆپیشاندانانە هەینی 25ی تشرینی یەكەم، لە بەغدای پایتەخت و ژمارەیەك پارێزگای تری ناوەڕاست و باشوری عیراق دەستیپێكرد، كە درێژكراوەی خۆپیشاندانەكانی سەرەتای ئەم مانگەیە. بە داواكاریی جیاوازەوە.
لە دەرفەتی كارەوە بۆ گۆڕینی سیستم
دوێنێ هەینی، خۆپیشاندەران كۆمەڵێك داواكاریان وەك مەرجی كۆتایهێنان بە خۆپیشاندانەكان بڵاوكردەوە، كە جیاواز بوون لە داواكارییەكانی سەرەتای ئەم مانگە. رژانی خوێنی 30 كەسیش لە یەك رۆژدا بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە ئەگەری زیادكردنی داواكارییەكانی لێدەكرێت.
لە راگەیەنراوێكیاندا خۆپیشاندەران كە لە مەیدانی تەحریر لە بەغدا بڵاویانكردەوە، جەختاینكردەوە لە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی. هەروەها داوایانكرد ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵبوەشێتەوە و لە بەرامبەردا ئەو پارەیەی بۆ ئەنجومەنەكان تەرخاندەكرێت لە بونیاتنانەوەی وڵات خەرجبكرێت.
خۆپیشاندەران لەگەڵئەوەشدا داوای دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتیان كرد بۆ دادگاییكردنی سیاسییەکانی عیراق (ئەوانەی لە 2003ەوە تا ئەمڕۆ حوکمیانکردووە).
هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەلایەن گەلەوە، داواكارییەكی تر بوو.
هەندێك داواكاری تر لە نێویاندا گێڕانەوەی پارە درزاوەكان، كە لەلایەن لێپرسراوانی عیراقەوە بردراون، هەروەها هەڵوەشانەوەی پۆستی راوێژکاران یان کەمکردنەوەیان.
بەو داواكارییانەوە خۆپیشاندان سەرەتا لە بەغدا و دواتر لە پارێزگاكانی، میسان، زیقار، بەسرا و موسەنناو چەند ناوچەیەكی تر دەستیپێكرد.
ئەوەش لەكاتێكدا لە خۆپیشاندانەكانی سەرەتای ئەم مانگە، خزمەتگوزاریی، دەرفەتی كار لە داواكارییە سەرەكییەكان بوو.
خۆپیشاندانەكانی هەینی، بە ئاشتی دەستیپێكرد و بە خوێنڕژان و توندوتیژیی كۆتایی هات. بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، 30 كەس كە زۆرینەیان خۆپیشاندەرن كوژراون، لەگەڵ برینداربونی دوو هەزار و 312 كەس.
هەر بەهۆی توندوتیژییەكانەوە لانیكەم 50 بارەگای حزبیی و بینای حكومی سوتێنراون.
پهرلهمانتارانی عیراق، چوارشەممەی رابردوو، به بڕیاری سهرۆکایهتی پهرلهمان زۆرینەیان گەڕانەوە بۆ شار و پارێزگاكانیان، تا پێشوازی له خۆپیشاندهرانی ناڕازی بکهن.
بە پێچەوانەی خۆپیشاندانەكانی سەرەتای ئەم مانگە هێڵهکانی ئینتهرنێت لهکاردابون، ئەوەش داواكارییەكی پەرلەمان بوو لەحكومەت وهک مافێکی سەرەتایی خهڵک.
دواین بەڵێنەكانی حكومەت
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، بەرەبەیانی هەینی 25ی تشرینی یەكەم، وتارێكی لەبارەی دۆخی عیراق و بەتایبەت خۆپیشاندەرانەوە پێشكەشكرد و كۆمەڵێك بڕیار و بەڵنیدا، لە نێویاندا جەختیكردەوە "پێشێلکاریی بەرامبەر خۆپیشاندەران قبوڵناکەن و رێگەنادەن هێرشبکرێتە سەر کەناڵەکانی راگەیاندن و دامەزراوەکانی دەوڵەت".
لە سەرەتای وتەكانیدا، سەرۆك وەزیران رایگەیاند كە هەفتەی داهاتوو گۆڕانکاریی وزاری دەکەن ئەوەش "دور لە پشک پشکێنە"، و جەختیكردەوە "لەسەر توانا و سەربەخۆیی وەزیرەکان و ئامادەیی ژنان و گەنجان گۆڕانكارییكان دەكەین".
هەروەها بەڵێنیدا، بە کەمکردنەوەی موچەی لێپرسراوانی حكومەت و سەرۆكایەتییەكان و پلە تایبەتییەکان و پەرلەمانتاران بۆ نیوە و پارە بڕاوەكان بۆ دروستکردنی سندوقی بیمەی کۆمەڵایەتی دەبێت. ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی هیچ عیراقییەک لەژێر هێڵی هەژاریدا نەمێنێت.
موچەی لێپرسراوانی حكومەت و سەرۆكایەتییەكان و پلە تایبەتییەکان و پەرلەمانتاران بۆ نیوە كەمدەكرێتەوە
لەگەڵ پشتگیری حكومەت لە دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و دامەزراندنی دادگای باڵا، بۆ دادگاییکردنی گەندەڵکاران.
عەبدولمەهدی، ئاماژەی بەوەشكرد كە رێككەوتن كراوە "هەموو نوسینگەکانی سەرۆکایەتییەکان تێچوی نوسینگەكانیان کەمبکرێتەوە و تیمی نوێ هەڵبژێرن بۆ ئەوەی بەرپرسیارییەتییەکان باشبکرێن".
لەگەڵ ئامادەیی حكومەت بۆ كاركردن لەسەر ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لە یەكی نیسانی داهاتوو بەڕێوەبچێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانیش بكرێت، ئەویش لەڕێی ناردنی پێشنیارەكانیان لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە.
حكومەت كۆمەڵێك بەڵێنی تریدا، لەنێویاندا كاركردن بۆ پێشخستنی رۆڵی گەنجان، دروخستنەوەی دەستی حزب و گروپە چەكدارەكان لە حكومەت، دەرفەتدان بە ژنان لە دامەزراوەكاندا. لەگەڵ كۆمەڵێك بەڵێنی تر بۆ دەرفەتی كار و ئاوەدانكردنەوە.
ئەو بەڵێنانە، هیچی كاریگەری نەبوو لە كۆتایهێنان بە خۆپیشاندانەكان، بەپێچەوانەوە داواكارییەكان زۆرتر بون.
له خۆپیشاندانهکانی سهرهتای ئهم مانگهدا، به بڕیاری حکومهتی ناوهندی، بۆ ماوهی زیاتر له ههفتهیهک هێڵهکانی ئینتهرنێت له پارێزگاکانی عیراق راگیران و 149 كەسیش كوژران.
بەو پێیەش تەنیا لەماوەی ئەم مانگەدا 179 كەس بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە لە عیراق كوژراون كە زۆرینەی هەرە زۆریان مەدەنین.
چوارشەممە لە 23ی تشرینی یەكەم، له کۆشکی سهلام له بهغدا، بهرههم ساڵح، سهرۆککۆمار و عادل عهبدولمههدی، سهرۆکوهزیران و محهمهد حهلبوسی، سهرۆکی پهرلهمان و فایهق زیدان، سهرۆکی ئهنجومهنی باڵای دادوهری له کۆبونهوهیهکدا جهختیانکردۆتهوه له "گرنگی جێبەجێکردنی داوا ڕەواکانی خۆپیشاندەران لە ماوەیەکی دیاریکراودا، کە خۆی لە چاکسازی و بنەبڕکردنی گەندەڵی دەبینێتەوە"، ئهوهش بهپێی بهیاننامهیهکی سهرۆکایهتی کۆمار.
هێشتا هیچ جموجۆڵێكی ئەوتۆی خۆپیشاندان لە پارێزگا سوننی و ناوچەكانی جێناكۆك و هەرێمی كوردستان لەئارادانییە. تەنیا پارێزگا شیعە و زۆرینە شیعەكان دەستیپێكردووە.
پەیامی مەرجی باڵای شیعەكان
هەر دوێنێ هەینی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عیراق پەیامێكی لەبارەی خۆپیشاندانەكانەوە بڵاوكردەوە و جەختیكردەوە كە چاكسازیی بە رێگای ئاشتیانە دەکرێت، لەگەڵ داواكردن بۆ بەكارنەهێنانی توندوتیژیی دژی خۆپیشاندەران.
عەبدولمەهدی کەربەلائی، نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، پەیامەكەی لە وتاری هەینی-دا بڵاوكردەوە و تیایدا داوایکرد، هێزە ئەمنییەکان دانبەخۆیاندا بگرن و توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارنەهێنن و هاتووە "تەقەکردن و بەكارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ، یا یاسایی و شەرعی نییە".
هەروەها سیستانی داوای لەخۆپیشاندەران كرد "دوربکەونەوە لە توندوتیژی و پارێزگاری لە دامەزراوەو شوێنە گشتییەکان بکەن".
پەیامی ئەوەشی پێدان كە بەکارهێنانی توندوتیژی لە خۆپیشاندانەکاندا دەرفەت لەبەردەم دەستوەردانی دەرەکی خۆشتر دەکات، "بەتایبەت کە ئێستا ناوچەکە بۆتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی چەند هێزێکی دەرەکی و ناوخۆیی". پێشیوایە "چاکسازیی لە حكومەت بە رێگای ئاشتیانە دەکرێت".
هێشتا ئەمانە رازیكەر نین بۆ خۆپیشاندەران و گڕی ئاگری توڕەیی خەڵك تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە پەرەسەندندابوو.