حازم ته‌حسین به‌گ، كه چاوه‌ڕێی مهرسومێكه له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی به‌غداوه تا پێگه‌ی له نێو پێكهاته‌كه‌یدا جێگیرتر بێت، هۆشداری ده‌دات له خراپی بارودۆخی هاوڵاتیانی ئێزدیی و ده‌ڵێت له‌باره‌ی هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانیشه‌وه، هیچ هه‌واڵێكی خۆش نییه.
لە 27ی ته‌مموزی ئەمساڵ و له په‌رستگای لالش له قه‌زای شێخان، حازم ته‌حسین به‌گ له رێوره‌سمێکی ئایینی‌دا وه‌ک میری ئێزیدیان له عیراق و جیهان ده‌ستبه‌کاربوو، بەڵام دیاریكردنی ناڕەزایی عەشیرتەكانی شنگالی بەدواداهات.
له 4 ی ئاب و له مه‌زاری شبیل قاسم له شنگال لە ژماره‌یه‌ك له پیاوانی ئایینی و كه‌سایه‌تی ئێزیدییه‌كان بڕیاریاندا به دانانی نایف داود سه‌لمان، وه‌ك میری شنگال و پێكهێنانی ئیماره‌تی قه‌زاكه له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی حكومه‌تی ناوه‌ند.
(كه‌ركوك ناو) له‌باره‌ی كێشه‌كان و چاره‌سه‌ری ئه‌و ناكۆكییانه‌وه پرسیاری ئاراسته‌ی میری ئێزیدییان حازم به‌گ كرد، به‌ڵام به‌هۆی تێكچونی باری ته‌ندروستییه‌وه، وه‌ڵامی زۆرێك له پرسیارهكاین نه‌دایه‌وه.
حازم به‌گ كه ئێستا له شێخان داده‌نیشێت به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هێشتا بڕیارم نه‌داوه سه‌ردانی شنگال بكه‌م، هەرکاتێک پێویست بوو سەردانه‌كه ده‌كه‌م، ئەوانیش خەڵکی ئێمەن، به‌ڵام لە ئێستا زۆرینەی خه‌ڵكه‌كه‌ی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین".
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه له مانگه‌كانی پێشتردا، لێپرسراوی ئیداره‌ی نێو شنگال، هۆشدارییاندا له سه‌ردانی میر حازم و داوایانكرد ئه‌نجامی نه‌دات، تا ناكۆكییه‌كان به‌ره‌و بارگرژی نه‌ڕوات.
به‌شێك له ئێزیدییه‌كان میر حازم وەك میری ئێزیدیان بۆ پەرستگای لالش لە شێخان ناودەبهن و میر نایف داود سه‌لمان-یش بە میری ئێزیدییان لە شنگال و مەزاری شبیل قاسم لەو قەزایە دادەنێن.
جەوهەر عه‌لی بەگ، جێگری میری ئێزیدییان بۆ کاروباری پەیوەندییەکان بە(کەرکوک ناو)ی وت "له‌به‌رنامه‌ی میردا نیه سه‌ردانی شنگال بكات، به‌هۆی هه‌بونی هه‌ندێك هێز له ناوچه‌كه‌دا، به تایبه‌ت په‌كه‌كه، بۆیه ناوچه‌كه سه‌قامگیر نیه".
هه‌روه‌ها بۆ جێگیركردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی میر له نێو ئێزیدییه‌كاندا، جه‌وهه‌ر به‌گ وتی "هێشتا مەرسومی رەسمی بۆ دەستبەکاربوونی میر حازم لە بەغداوە دەرنەچووە، ئەوەش بەهۆی ئەو بارودوخەی ئێستا لە عیراق هەیە، بەڵام سەرۆککۆماری عیراق و سەرۆکی ئەنجۆمەنی نوێنەران و زۆرینه‌ی پارته سیاسیه‌كانی هه‌رێم پیرۆزباییان لە میر حازم کردوە، بۆ مەرسومی به‌غداش سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی پێی راگه‌یاندووه ئەو بابەتە لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەکات".
بونی دوو میر بۆ ئێزیدییەكان لەیەككاتدا، ترسی پەرتەوازەیی زیاتری لای ئێزیدییەكان دروستكردووە، كە لە هێرشی داعش بۆ شنگال لە ئابی 2014ەوە روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەبون بونەوە و تا ئێستا سێ هەزار كەس لەنێویاندا ژن و منداڵ چارەنوسیان نادیارە.
میری ئێزیدیان له شێخان وتی "ئێستا بارودۆخی ئێزدییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی زۆر قورسه، به‌تایبه‌ت ئه‌و ئه‌وئاوارانه‌ی له كه‌مپه‌كان ده‌ژین، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی به‌غدا هاوكاری نه‌كات خراپتریش ده‌بێت"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا له‌گه‌ڵ هه‌موو وه‌فدێكدا داوای هاوكاری ده‌كه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، به‌ڵام "تائێستا هیچ شتێكی دڵخۆشكه‌ر نییه".
ده‌زگای به‌رێوه‌بردنی ئێزیدییان له جڤاتی روحانی و سه‌رۆكی جڤات (میر)، بابه شێخ، شێخی وه‌زیره و سه‌رۆكی قه‌والان پێكهاتوون، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له ده‌زگاكه‌دا ئه‌ندامن و بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌و پێكهاته‌یه ده‌رده‌كه‌ن.
جێگری میر بۆ كاروباری په‌یوه‌ندییه‌كان باسی له پێكهێنانی دوو لیژنه كرد بۆ گه‌ڕان به‌دوای بێسه‌روشوێنانی ئێزیدییدا، جەوهەر عه‌لی بەگ وتی "ئه‌و دوو لیژنه‌یه ده‌چنه رۆژئاوای كوردستان و تكریت، بۆ گه‌ران بۆ دوای ئێزدییه‌كاندا، جگه له‌وه‌ش میر و جڤات به‌رده‌وام له هه‌وڵدان بۆ رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی".
زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئێزیدی ده‌كه‌ونه قه‌زای شێخان (ده‌كه‌وێته باكوری موسڵ و له‌روی ئیدارییه‌وه سه‌ر به هه‌ولێره) و له‌گه‌ڵ قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ).
ئه‌و پێكهاته‌یه روبه‌روی كۆمه‌ڵكوژی بونه‌ته‌وه به ده‌ستی داعش، كاتێك هێرشیكرده سه‌ر شنگال له ئابی 2014دا و له‌وكاته‌شدا، زیاتر له شه‌ش هه‌زار كه‌س له نێویاندا ژن و منداڵ رفێنران و هێشتا چاره‌نوسی نزیكه‌ی نیوه‌یان نادیاره، جگه له ئاواره‌بونی هه‌زاران خێزان.