دوو گوندی تر لە قەزای خانەقین بەتەواوی چۆڵكران، بەوەش ژمارەی ئەو گوندانەی لە سێ ساڵی رابردودا چۆڵكراون بۆ شەش گوند زیادیكرد.
هەریەكە لە گوندەكانی شەفیق و جەمیل بەگ، ئەمڕۆ دووشەممە 4ی تشرینی دووەم، دوای بەردەوامی هێرشی چەكدارانی نەناسراو بۆ سەر گوندەكەیان، گوندەكانیان چۆڵكرد، كە تا سێ ساڵ لەمەوبەر جێگەی پەیداكردنی بژێویی و ژیانی دەیان خێزان بوو.
عوسمان مەنحەل، ئەنجومەنی گوندی شەفیق بە (کەرکوک ناو)ی وت "لەكۆی 30 خێزان لە گوندەكەمان، یەكشەممە 27 خێزان گوندەكەیان چۆڵكرد، ئەمڕۆ دووشەممەش 4ی تشرینی دووەم سێ خێزانی تر گوندەكەیان چۆڵكرد، بەوەش گوندەكە بە تەواوی چۆڵكرا".
عوسمان وتیشی "دانیشتوانی گوندەکە توشی ترس و دڵەڕاوکێ بون، بەهۆی بەردەوامی ھێرشە چەکدارییەکانی تیرۆریستان لە دوای روداوەكانی ١٦ی ئۆکتۆبەری 2017ەو بۆمبی چێنراو كە خەڵكی گوندەكان و هێزە ئەمنییەكانی دەكردە ئامانج".
شەوی پێنجشەممەی رابردوو 31ی تشرینی یەكەم، پێنج چەكدار بەجلی سەربازییەوە ھەڵیانکوتایە سەر ماڵی ھاوڵاتییەکی دانیشتوی گوندی شەفیق و گەنجێکیان كوشت و یەكێكی تریان رفاند.
بەپێی وتەی لێپرسراوانی ئەمنی قەزای خانەقین، چەكدارەكان لە چەمی روباری ئەڵوەنەوە چوبونە گوندەكە و دواتر هەڵاتون.
گوندی شەفیق بەدوری 13كم دەكەوێتە خۆرئاوای قەزای خانەقین.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە 4ی تشرینی دووەم، گوندی جەمیل بەگ لە ناوچەی عەلیاوە لە باشوری خۆرئاوای خانەقین بە تەواوی چۆڵكران.
بەپێی وتەی دانیشتوانی گوندەكە، چەند خێزانێكی كەم لە گوندەكە مابونەوە ئەوانیش چۆڵیانكرد، هەر بەهۆی هێرشەكانی سەریان.
ئەو دوو گوندە دانیشتوانەكەی تێكەڵەیەك بون لە كورد و عەرەب.