نەشوان جەلال، لێپرسراوی نوسینگەی رۆژنامەوانی نەجمەدین کەریم، ئاشكرایدەكات كە ناوی لیستەكەیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كۆمسیۆن تۆماركردووە و بەمزووانەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناوەكەی ئاشكرادەكەن.
ئەو وتەیەی نەشوان جەلال، لە لێدوانێكی تایبەتدا هات بۆ (كەركوك ناو)و تیایدا جەختیكردەوە "كۆتایی مانگی رابردوو دكتۆر نەجمەدین کەریم لیستەکەی خۆی بە فەرمی لەکۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تۆماركردووە و هیچ کێشەیەکی یاسایی نەبووە".
لەبارەی ناوی لیستەكەوە، نەشوان وتی "بڕیاردراوە جارێ ناوی لیستەكە بپارێزین و ئاشكرای نەكەین، تا كاتی خۆی دێت و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایدەگەیەنین".
هەروەها وتی "ئەوەی تائێستا هەیە دكتۆر بڕیاری كۆتایی داوە و بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكات، هەر خۆیشی سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات، جگەلەوەش ژمارەیەك كەسایەتیی و لایەنی كوردی، عەرەبی و توركمانی لەناو لیستەكەدا دەبن".
دكتۆر بڕیاری كۆتایی داوە و بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكات، هەر خۆیشی سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات
نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك لە ئەیلولی 2017 بە بڕیاری پەرلەمانی عیراق و بە تۆمەتی گەندەڵی لە پۆستەكەی دورخرایەوە، هەرچەندە ئەو ئامادەنەبوو دان بە دورخستنەوەیدا بنێت، بەڵام لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەو دوای گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان و كشانەوی پێشمەرگە لە كەركوك، پارێزگاكەی جێهێشت و لە بری ئەو راكان سەعید بەوەكالەت و بەبڕیاری سەرۆك وەزیرانی پێشوو دەستبەكاربوو.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بڕیارە لە یەكی نیسانی ساڵی داهاتوو لە عیراق بەڕێوەبچێت و بۆ یەكەمجارە لە دوای ساڵی 2005ەوە كەركوكیش دەگرێتەوە.
بەشداریكردنی نەجمەدین كەریم بە لیستی سەربەخۆ، لەكاتێكدایە نزیكەی 20 حزب و لایەنی كوردی، بە بەشداریی ژمارەیەك لە حزب و لایەنی توركمانی و ئێزیدی بە هاوپەیمانێتییەك بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەن لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك، بەناوی هاوپەیمانی كوردستان.
عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشوتری کەرکوك كە سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانی کوردستانی دەكات، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە 21ی تشرینی یەكەم و لەکۆمسیۆن ناوی لیستەكەمان تۆماركرد، بۆ لەمەودوا کۆبونەوەی زیاترمان دەبێت بۆ سەرخستنی لیستەکە و وکاری جدی تر دەکەن لەپێناو پتەوکردنی یەکڕیزی حزبەکان تا بتوانن جارێکیتر بیبنەوە لیستی ژمارە یەک لەهەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگاكان".
سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانی كوردستانی، لە بارەی بەشداریكردنی نەجمەدین كەریم لە دەرەوەی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی، وتی "ئاگاداری ئەوە نین ناوی لیستەكەیان لە كۆمسیۆن تۆماركردبێت، ئێمە سەرقاڵی كاری خۆمانین".