حەیدەر مەجید، وتەبێژی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، رایدەگەیەنێن كە بەپێی بەرنامەی وەزارەتی پلاندانان بێت، دەبێت پڕۆژەكان بۆ هەموو گەڕەك و كۆڵانەكانی كەركوك بێت بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی، تەنانەت ئەو گەڕەكانەش سودمەند دەبن بە زیادەڕۆ ناوبراون.
وتەبێژی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە (كەركوك ناو)ی وت "کاتێک دوایین پلانی پڕۆژەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عیراقەوە پەسەندکراو خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، زۆر جەخت لەوە کرایەوە کە پڕۆژەکان هەموو ناوچەو گەڕەکەکان بگرێتەوە، شتێک نییە تایبەت بێت بەوەی ئەم ناوچەیە زیادەڕۆیە یان زۆرینەی کوردە، یان ئەم گەڕەكە توركمانییە ئەوەی تر عەرەبییە، یاخود لەسەر بنەمای ئەوەی ئەم ناوچەیە سوننەن و ناوچەكەی تر شیعەن".
زیاتر وتی "دەبێت پڕۆژە و خزمەتگوزاریی تەواوی ناوچەکە بگرێتەوە، نابێت جیاوازی بکرێت بەهیچ شێوەیەک، دڵنیاتان دەکەمەوە کە پڕۆژەكان هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە بێ جیاوازی، ئەمەی باسی دەکەم بۆ نەینەواش راستە کە نەتەوەی جیاوازی تێدایە".
ئەو وتانەی حەیدەر مەجید، لە سەردانێكیدا هات بۆ كەركوك و تیایدا وتی "ئامانج لە سەردانەکەمان بەدواداچونە بۆ ئەو پڕۆژانەی حکومەت کە لەخزمەت هاوڵاتیاندا لە شارى کەرکوک جێبەجێدەکرێت، بەرنامەی حکومەت لەو پڕۆژانە بۆ ناوچەکانی عیراق هەزار و 65 پڕۆژە لەخۆدەگرێت، کە تەواوی کەرت و وەزارەتەکان لەخۆدەگرێت و کەرکوکیش یەکێکە لەو پارێزگایانەی خزمەتگوزاریی و پڕۆژەی تێدا جێبەجێدەکرێت".
هەروەها وتی "بەدواداچونمان كرد بۆ کارەکانی دروستکردنی رێگای نوێ لە نێوان پارێزگای سەلاحەدین و کەرکوک و نۆژەنکردنەوەی هەندێك پردو رێگا لەو سنورانە...".
لەبارەی پرسی ئاوارەكان و پلانی حكومەت، حەیدەر مەجید وتی "ئەو پرسە لەنێو پلانی حکومەتدایەو بەجدی کاری لەسەر دەکەین، بەشێکی کەمی ئاوارەكان ماونەتەوە و کار بۆ گێڕانەوەیان دەکرێت".
زیاتر وتی "ئەنجومەنی وەزیران پرسی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە تازە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشی خستۆتە کاری لەپێشینەی حکومەت و دەوێت بەهەر شێوەیەک بێت ئەمساڵ دۆسیەی ئەو ئاوارانە دابخات، ئەوەش بە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان و دروستكردنی بینای فەرمانگەكان و رێگاوبان".