په‌روه‌رده‌ كاتی راگه‌یاندنی ناوی دامه‌زرێنراوانی كه‌ركوك ئاشكراده‌كات

كه‌ركوك، تشرینی دوه‌می 2019، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی عه‌بد عه‌لی توعمه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ له‌سه‌ر دامه‌زراندن و تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌ره‌كی فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سۆران محه‌مه‌د – كه‌ركوك

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، له‌ هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ ده‌ستده‌كات به‌ جیاكردنه‌وه‌ی فۆڕمه‌ پێشكه‌شكراوه‌كان بۆ دامه‌زراندن و هه‌ڵبژاردنی ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ خاوه‌نی زۆرترین خاڵ، تا له‌ ماوه‌ی 10 رۆژدا ناوی دامه‌زێنراوه‌كان بڵاوبكاته‌وه‌.

عه‌بد عه‌لی توعمه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 14ی تشرینی یه‌كه‌م له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، دوایین زانیاری له‌سه‌ر كه‌رتی په‌روه‌رده‌ له‌ نێویاندا دامه‌زراندن و تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌ره‌كی ئاشكراكرد.

له‌ باره‌ی دامه‌زراندنی مامۆستایانه‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ دوو مانگ به‌سه‌ر كۆتایی پێشكه‌شكردنی فۆڕمدا تێپه‌ڕبووه‌، عه‌بد توعمه‌ وتی "له‌ یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتووه‌وه‌ ده‌ستده‌كه‌ین به‌ فه‌رزكردنی ناوی ئه‌وانه‌ی فۆڕمیان پێشكه‌شكردووه‌ و ماوه‌ی 10 رۆژی پێده‌چێت، دواتر ناوی براوه‌كان و ئه‌وانه‌ی هه‌ڵبژێردراون راده‌گه‌یه‌نین".

به‌پێی یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ و له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، له‌ 27ی ئاب به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی ده‌ستپێكرد بۆ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 841 كه‌س له‌ مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر، كارگوزار و پله‌ وه‌زیفییه‌كانی تر، تا 15ی ئه‌یلول پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌بوو.

به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ ده‌ڵێت جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی ناوه‌كان به‌رێی رێنماییه‌كان و خاڵه‌كانی تێكڕای نمره‌، ساڵی ده‌رچون، كه‌سوكاری شه‌هیدان و بڕوانامه‌یه‌.

"دوای راگه‌یاندنی ناوه‌كان ده‌رگای تانه‌ ده‌كرێته‌وه‌ و پاشانیش ناوه‌كان به‌رزده‌كرێنه‌وه‌ بۆ به‌غدا تا وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربونیان ده‌ربكات".

عه‌بد عه‌لی توعمه‌ نیوه‌ی پله‌كانی دامه‌زراندن بۆ وانه‌بێژانی گرێبه‌سته‌ و هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا رێژه‌یه‌ك دانراوه‌ بۆ پاسه‌وان، كارمه‌ندی خزمه‌تگوزار و نوسه‌ر و فه‌رمانبه‌ری تری خوێندنگه‌.

له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌، لیژنه‌یه‌ك له‌ سێ پێكهاته‌ی كه‌ركوك پێكهێنراوه‌، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و بڕیار له‌ لیستی ناوه‌ پێشكه‌شكراوه‌كان بۆ دامه‌زراندن، له‌گه‌ڵ لیژنه‌یه‌كی تری لاوه‌كی.

mamosta-2
كه‌ركوك، 2019، گردبونه‌وه‌یه‌كی مامۆستایانی وانه‌بێژ بۆ داواكردنی دامه‌زراندن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ باسی له‌وه‌شكرد وانه‌بێژان به‌سه‌ر خوێندنگه‌كان و به‌پێی پسپۆڕی و پێویستی هه‌ر شوێنێك دابه‌شكراون، وه‌زاره‌تیش به‌پێی رێنماییه‌كان بڕیاریداوه‌ به‌ ئه‌نجامدانی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵیاندا.

له‌ ساڵی 2013وه‌، په‌روه‌رده‌ی گشتی كه‌ركوك ده‌رچوانی كۆلێژ و په‌یمانگاكانی دانه‌مه‌زراندووه‌، له‌ ئێستاشدا هه‌زاران كه‌س چاوه‌ڕێی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌كه‌ن و ده‌یانجار ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیووه‌، ئه‌وه‌ش له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی خوێندنی كوردی، عه‌ره‌بی، توركمانی و سریانی.

عه‌بد توعمه‌ له‌ كۆنگره‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌ تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌ره‌كی كرد، كه‌ دوای چه‌ند ساڵێك له‌ راگرتنی، ئه‌مساڵ بڕیاردراوه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌ و ره‌گه‌زی نێر-یش بگرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕێی پارێزگار و لایه‌نی ئه‌منی ده‌كه‌ن تا به‌پێی داواكارییه‌كان له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ڵێننامه‌ ئاراسته‌ی وه‌زاره‌ت بكه‌ن و له‌ رۆژانی داهاتوو ده‌ستبكه‌ن به‌ وه‌رگرتنی داواكاری تاقیكردنه‌وه‌.

وەزارەتی پەروەردەی عیراق، چوارشەممە 13ی تشرینی دووەم، بڕیاریدا هاوشێوەی پارێزگاكانی تر، له‌ كه‌ركوكیش خوێندكارانی رەگەزی نێر لە هەردوو قۆناغی ناوەندیی و ئامادەیی به‌شداری تاقیكردنەوەی دەرەكی بكەن بۆ ساڵی خوێندنی 2019 – 2020

بەپێی بڕیارەكە تاقیكردنەوەكان لە ناوەندی شار ئەنجام دەدرێن و هۆڵەكان لەیەكترەوە نزیك بن، داوای بەڵێنی دەستنوسیش لە پارێزگاری كەركوك و فەرماندەیی پۆلیس كردووە بۆ ئەوەی پاراستن و كۆنترۆڵكردنی تاقیكردنەوەكان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT