دادگای تاوانه‌كانی كه‌ركوك، بڕیاریدا به ئازادكردنی دوو جوتیاری كاكه‌یی نیشته‌جێی داقوق، دوای ئه‌وه‌ی 95 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن هێزێكی هه‌واڵگری سه‌ر به پۆلیسی فیدراڵی ده‌ستگیركران.
ئەو دوو جوتیارە، حوسەین عەتییە کەسایەتی كاكەیی و غەریب کوێخا سەلیم، له ئابی ئه‌مساڵدا لە گوندی تۆپزاوای باشوری داقوق لەلایەن هێزێكی هەواڵگری لیوای 18ی فرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵییەوە دەستگیركران، له‌وكاته‌شه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ربون تا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 14ی تشرینی دوه‌م ئازادكران.
یه‌كێك له كه‌سوكاری ئه‌و دوو جوتیاره به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوای زیاتر له سێ مانگ هه‌ردوو جوتیاره‌كه كه بێ‌تاوان و به‌پێی مادده‌ی 4ی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر بهندبون، بێتاوانییان له‌لایه‌ن دادگاوه سه‌لمێنرا و ئازادبون".
نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه دادوه‌ری دادگای تاوانه‌كانی كه‌ركوك بڕیاریداوه به داخستنی دۆسیه‌ی ئه‌و دوو جوتیاره؛ "چونكه هه‌موو به‌ڵگه‌یه‌كی بێتاوانییمان خستنه‌ڕوو له‌رێی پارێزهرهكهمانهوه و دادوه‌ریش ئازادی كردن".
حوسەین عەتیە یەكێك لە دەستگیركراوەكان كە هاوكات كەسایەتییەكی ناوچەكەیە و دانیشتوی گوندى تۆپزاوا – گەورەترین گوندی كاكەیی-ە، سەرەتای مانگی ئاب و به‌ر له ده‌ستگیركردنی چەند گولـلە هاوەنێك لەنزیك ماڵەكەی كەوتنەوە.
سه‌رچاوه‌كه له بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و دوو جوتیاره ده‌ڵێت نیگه‌رانن له‌و ماوه‌یه‌ی وه‌ك ئه‌وان ده‌ڵێن كه‌سه‌كانیان به‌بێ تاوان زیندانی بون و تۆمه‌تی جیاوازیان روبهڕودهكرێتهوه، له كاتێكدا "ئێمه‌ی كاكه‌یی به‌رده‌وام بوینه‌ته ئامانجی گروپه تیرۆریستیه‌كان و به سه‌دان كه‌سمان شه‌هید بون و گونده‌كانمان چۆڵكرا".
له مانگه‌كانی رابردو ژماره‌یه‌ك گوندی كاكه‌یی به‌ره‌و چۆڵبون رۆیشت، به‌خۆی مه‌ترسی بارودۆخی ئه‌منیه‌وه، ئه‌وه‌ش دوای زنجیرەیەك روداوی توندوتیژی هات لە تەقینەوە، هێرشی چەكداریی، كوشتن و رفاندن لە سنوری داقوق؛ له نێویاندا روداوەكەی گوندی زه‌ینلعابدین بوو لە شەوی 24ی ئاب، كە بەهۆی بۆردومانی هاوەن، تەقینەوەی بۆمب و دەستڕێژی گولـلە حەوت مەدەنی كوژران و نزیكەی 10ی تر برینداربون.
ئەو گوندانە كە مەترسییان لەسەرە، زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە پێكهاتەی كاكه‌یین سەر بە قەزای داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك).
قەزای داقوق، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وته ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی.