روفاتی نێو گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كانی گونجی كۆجۆ له شنگال، زیاتر له دوو مانگه ره‌وانه‌ی به‌غدا كراون بۆ پشكنین، به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه تا راده‌ستی كه‌سوكاریان بكرێنه‌وه.
له گوندی كۆجۆی شنگال، ده‌ستكراوه به دروستكردنی گۆڕستانی گه‌وره بۆ زیاتر له 300 قوربانی ده‌ستی داعش، دوای پشكنین و گه‌ڕانه‌وه‌ی روفاته‌كان له به‌غدا، له‌و گۆڕستانه‌دا به‌خاكده‌سپێردرێن.
داود موراد خه‌تاری، لێپرسراوی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كان و راگه‌یاندن له جڤاتی كه‌سوكاری قوربانیانی ئێزیدی به (كه‌ركوك ناو )ی وت "زیاتر له دوو مانگه روفاته‌كان ره‌وانه‌ی پزیشكی داد له به‌غدا كراون، به‌ڵام هێشتا ڕاده‌ستی كه‌سوكاره‌كانیان نه‌كراونه‌ته‌وه، ئێمه زۆر نیگه‌رانین و چونكه ده‌بوایه سه‌ره‌تای مانگی 10 پزیشكی داد كاره‌كانی خۆی ته‌واو بكردایه".
یه‌كه‌م گۆڕی به كۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌كان له گوندی كۆجۆی قه‌زای شنگال، به بڕیاری حكومه‌تی عیراق له 15ی ئازاری ئه‌مساڵدا هه‌ڵدانه‌وه‌ی ده‌ستیپێكرد، دوای ده‌رهێنانی زیاتر له 200 ته‌رم له 17 گۆڕدا، روفاته‌كان بۆ پشكنین و ناسینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه ره‌وانه‌ی به‌غدا كران.
"خۆمان ئاماده‌كردبوو له‌سه‌ره‌تای مانگی رابردوودا ته‌واوی روفاته‌كان له به‌غدا وه‌ربگرین و له مه‌راسیمێكی شایسته‌دا له گۆڕستانی كۆجۆ به خاكبسپێرین، 40 رۆژ به‌سه‌ر ئه‌و واده‌یه تێپه‌ڕیووه و هێشتا نازانین كه‌ی به‌غدا روفاته‌كان ڕاده‌ستی ئێمه ده‌كات".
داود موراد وتیشی به‌رده‌وام له په‌یوه‌ندیدان له‌گه‌ڵ تیمی نیشتیمانی به‌غدا، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێكی دڵخۆشكه‌ر وه‌رناگرن، "هه‌ر ده‌ڵێن له نزیكترین كاتدا ته‌رمه‌كان راده‌ست ده‌كه‌ن و هیچیش دیارنییه"، له كاتێكدا ئه‌و گۆڕانه‌ی له گونده‌كه‌دا ئاماده‌كرابون ره‌نگه به هۆی بارانه‌وه داڕوخێن.
له سه‌ره‌تای ته‌مموزی ئه‌مساڵه‌وه، تیمه‌كانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان كاره‌كانیان راگرتووه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ به‌غدا.
رائید فه‌لاح حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی لێكۆڵینه‌وه و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له تیمی نیشتیمانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان به ( كه‌ركوك ناو )ی وت "هیچ واده‌یه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی تیمه‌كه‌ی به‌غدا دیارنییه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی خوپێشاندانهكانی به‌غدا و پارێزگاكانی تر"، كه زیاتر له مانگێكه به‌رده‌وامی هه‌یه.
"ئێمه‌ش ناتوانین به‌ته‌نیا ده‌ست به هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كان بكه‌ین و به‌دڵنیاییه‌وه چه‌ند دوابكه‌وێت كاریگه‌ی زۆری له سه‌ر كاره‌كانی ئێمه ده‌بێت و قورس‌تر ده‌بێت به‌و پێیه‌ی نزیكده‌بینه‌وه له وه‌رزی زستان و بارانبارین" به‌وته‌ی رائید فه‌لاح.
داعش له 3ی ئابی 2014دا، هێرشیكرده سه‌ر شنگال و له 15ی ئاب "كۆمه‌ڵكوژی" له گوندی كۆجۆی ئێزیدینشین ئه‌نجامدا؛ به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری ئێزیدییان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوو هه‌زار و 293 ئێزیدی به ده‌ستی داعش كوژراون.
هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئامارانه له سنوری قه‌زای شنگال، 80 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەك كەسی، كه مێژوهكانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه.