تاكە ناوەندی تەندروستی زاب، چارەسەری نەخۆش ناكات

كەركوك/ ناوەندی ناحیەی زاب سەر بە قەزای حەویجە فۆتۆ: ئەبو سەما بەغزاوی

سەرمەد یاسین – كەركوك

هاوڵاتیانی زاب ناتوانن سود لە تاكە ناوەندی تەندروستی ناحیەكە ببینن، پزیشكی پێویستیان نییە و تەنیا دەرمانی ئازارشكێن و هەوكردنیان هەیە. لەكاتێكدا بەپێی ئامارە ناڕەسمییەكان ئەركی چارەسەركردنی زیاتر لە 70 هەزار هاوڵاتیان پێ سپێردراوە.

ئەو ناوەندە بەر لە هێرشی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 ، لەلایەن خاچی سوری نێودەوڵەتی دروستكرا، دواتر چەكدارانی ئەو رێكخراوە دەستیان بەسەرداگرت و كردیانە ناوەندێك بۆ چارەسەركردنی بریندارەكانیان.

هەرچەندە ئێستا بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان گەڕاوەتەوە، بەڵام كەمترین خزمەتگوزاری پزیشكی پێشكەش دەكات.

حازم خالد (23ساڵ)، خوێندكاری زانكۆیە و نیشتەجێی ناحیەی زابە، ساڵی 2018 لە روداوێكی هاتوچۆدا چەناگەی سەرەوە و خوارەوە، لەگەڵ لووتی شكا، ئەوكات بە پەلە گوازرایەوە بۆ ناوەندی تەندروستی زاب.

"جگە لە لۆكە و هەندێك تەداوی هیچی تریان بۆ نەكردم، ناوەندەكە هیچی تری لێنەبوو، بۆیە كەسوكارم ناچاربون چاوەڕێ بكەن بۆ رۆژی دواتر بۆ شارێكی ترم بگوازنەوە".

جگە لە لۆكە و هەندێك تەداوی هیچی تریان بۆ نەكردم

حازم ئازاری زۆر دەكێشێت، تا شەوی لێ دەڕوات، چونكە ئەوكات بەهۆی بونی بازگەی وەهمیی و هێرشی ناوبەناوی چەكدارانی توندڕەوەوە بۆ سەر هاوڵاتیان نەدەتوانرا هاتوچۆ بكەن.

حازم وتی "رۆژی دواتر بە ئۆتۆمبێل گوازرامەوە بۆ نەخۆشخانەی شەرگات لەوێشەوە بۆ تكریت – ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین-، چەناگە و لوتیان بۆ دوریمەوە و دوای سێ رۆژ مانەوە بۆ نەخۆشخانەی ئازادی لە كەركوك گوازرامەوە".

ناحیەی زاب بەدوری 76كم دەكەوێتە باشوری خۆرئاوای كەركوك و یەكێك لەو ناحییانەی زیاتر لە چوار ساڵ لەژێر دەسەڵاتی حكومڕانی داعش-دا بوو و زۆرینەی خەڵكەكەی ئەوكات ئاوارەبون.

لەگەڵ گەڕانەوەی خەڵكەكەیدا لە ئاوارەییدا، هێشتا خزمەتگوزاری پێویست بۆ ناوچەكە نەگەڕاوەتەوە، بەتایبەت خزمەتگوزاری تەندروستی كە لەوپەڕی خراپیدایە.

zab1
كەركوك/ ناوەندی ناحیەی زاب سەر بە قەزای حەویجە فۆتۆ: ئەبو سەما بەغزاوی

حازم بۆ ئەوەی چارەسەری تەواوی بۆ بكرێت ناچاربوو شەوێك بەئازارەوە بتلێتەوە و دوو كاتژمێریش بە ئۆتۆمبێل لەناوچەكەی خۆی دوربكەوێتەوە.

ئەو وتی "ئەگەر نەخۆشخانەیەكی باش لە ناوچەكەمان هەبوایە تووشی ئەو هەموو دەردەسەریی و ئازار و هاتوچۆیە نەدەبون".

ئەگەر نەخۆشخانەیەكی باش لە ناوچەكەمان هەبوایە تووشی ئەو هەموو ئازارە نەدەبون

بونی ئەو ناوەندە كە كەمترین خزمەتگوزاری پێشكەش دەكات، لەكاتێكدایە 40 گوندی بەسەرەوەیە و زیاتر لە 70 هەزار هاوڵاتی لەناوچەكە دەژین. ناوەندەكە تەنیا دوو پزیشكی راهێنراوی هەیە. لەگەڵ كارمەندێكی دەرمانخانە، دەرمانەكان تەنیا ئازارشكێنن یان بۆ هەوكردنن.

ناوەندە تەندروستییەكە لەساڵی 2017 لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆردومانكراو بەشی هەرە زۆری روخا، لە ئێستادا لە راڕەوێكی خراپی ناوەندەكەدا خزمەتگوزاری پزیشكی پێشكەش دەكرێت.

ئەوانە لەكاتێكدان بەر لە هێرشی داعش، ناوەندەكە دووەم سەرەكیترین ناوەندی پزیشكیی بوو لە قەزای حەویجە.

جیاد حشتار، یاریدەدەری پزیشكییە لەناوەندی تەندرستی زاب، بە (كەركوك ناو)ی وت "رێكخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی بەر لە داعش نەخۆشخانەكەی نۆژەنكردنەوە، بەڵام كاتێك داعش هات دەستیبەسەرداگرت و كردییە ناوەندی چارەسەركردنی بریندارەكانیان".

رەنگە ئەویش هۆكارێك بێت بۆ بەئامانجگرتنی لەلایەن هاوپەیمانانەوە.

جیاد وتی "دوای داعش و گەڕانەوەی ئاوارەكان جارێكی تری رێكخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی سەردانی ناوەندەكەیان كردۆتەوە و وتیان دەیڕوخێنین و سەرلەنوێ دروستی دەكەینەوە، بەڵام نازانم بۆ قبوڵنەكرا".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT