دەستەی نەزاهەی عیراق 350 بەڕێوەبەر و فەرمانبەری دیالە بە گەندەڵی تۆمەتباردەكات و بۆ لێكۆڵینەوە بانگهێشتیان دەكات، لەنێویاندا چوار لێپرسراوی باڵای قەزای خانەقین و دەیان فەرمانبەری تری ئەو قەزایە.
بەشی یاسایی لە 6ی تشرینی دووەم، بڕیاریداوە بە قەدەغەكردنی گەشتی ئەو 350 كەسەی كە دەستەی نەزاهە لەسەرەتای ئەم مانگە بانگهێشتی لێكۆڵینەوەی كردون. لەگەڵ سڕكردنیان لەكارەكانیان تا دۆسییەكانیان یەكلاییدەبێتەوە.
بەپێی لیستی ناوەكان كە وێنەیەکی لای (كەركوك ناو)ەو دەستەی نەزاهە داوای كردون، لەنێویاندا چوار لێپرسراوی باڵای خانەقینی تێدایە، لەوانە بەڕێوەبەری پێشوی شارەوانی خانەقین، بەڕێوەبەری بانكی کشتوکاڵی، بەڕێوەبەری تۆماری خانوبەرەی خانەقین، لەگەڵ بەڕێوەبەری لقی بانكی رافیدەین لە جەلەولا. ئەمە جگە لە دەیان فەرمانبەری تری قەزاكە.
یەكێك لەو لێپرسراوانەی لە خانەقین بە گەندەڵی تۆمەتباركراوە و نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی ماددەی 331 لە یاسای سزادانی عیراق تومەتبارکراوم و لە ئێستادا دۆسییەکەم لە دادگای تاوانی دیالەیە لە بەعقوبە و چاوەڕێی بڕیاری كۆتاییم".
بە ماددەی 331 لە یاسای سزادانی عیراق تومەتبارکراوم
بەپێی ئەو ماددەیە هەر فەرمانبەرێكی حكومی، پێشێلی ئەركەكەی خۆی بكات، یان كارەكەی جێبەجێنەكات، بەئەنقەست و لەپێناو زیانگەیاندن بە كەسانی تر، ئەوە بە زیندانیی و غەرامە یاخود یەكێكیان سزادەدرێت.
لە 11ی تشرینی دووەم و لە بڵاوكراوەیەكی تردا، دەستەی نەزاهەی عیراق بانگهێشتی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە و هەردوو جێگرەكەی كرد بۆ لێكۆڵینەوە، لەگەڵ تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكە. كە هەمویان 26 ئەندامن، ئەوەش بەپێی ماددەی 340ی یاسای سزادانی عیراقی.
بهپێی ئهو ماددەیه، هەر فەرمانبەرێك یان هەر راسپێردراوێك بە خزمەتی گشتی بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندی ئەو شوێنە بگەیەنێت كە كاری تیا دەكات ئەوە سزادەدرێت بە ماوەیەك لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لەبارەی ئەو هەڵمەتەی دەستەی نەزاهەوە، كە لە پارێزگاكانی عیراق و لەنێویاندا دیالە دەستیپێكردووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەئێستادا دەستەكە چالاك بووە، كە كاریگەریی خۆپیشاندانەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراقی لەسەرە، جگە لەوەش دەستەكە كە پێشتر بە خۆدزینەوە و ناچالاك وەسفدەكران و ئەگەری گۆڕانكاریی و نەمانی هەیە، بۆیە كەوتونەتەوە جموجۆڵ و چالاك بون". ئەندامەكە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بەهۆی ئەوەی دۆسییەكەی ئەویش هێشتا یەكلایینەكراوەتەوە.
بەشێك لەو 350 بەڕێوەبەر و فەرمانبەرەی پارێزگای دیالە، پێشتر لەلایەن دەستەی نەزاهەی پارێزگاكەوە بە گەندەلی تۆمەتباركرابون، بەڵام دۆسییەكانیان یەكلایینەكراوەتەوە و ئەمجارە دەستەی نەزاهەی عیراق بانگهێشتی لێكۆلینەوەیان دەكات.