عەبدولڕەحمان مستەفا: هەڵبژاردنیش دوابخرێت هاوپەیمانی كوردستانی هەڵناوەشێتەوە

سلێمانی، تشرینی یه‌كه‌می 2019، كۆبونه‌وه‌ی حزبه‌كانی به‌شدار له‌ هاوپه‌یمانی كوردستانی فۆتۆ: بڕیار نامیق

سۆران محەمەد – كەركوك

عەبدولڕەحمان مستەفا، سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی كوردستانی، رایدەگەیەنێت هەڵبژاردنیش دوابخرێت هاوپەیمانی كوردستانی هەڵناوەشێتەوە و بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادەن لەهەر كات و رۆژێكدا ئەنجام بدرێت.

ئەو وتەیەی عەبدولڕەحمان مستەفا دوای ئەوەی هات، كە 12ی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق داوایكرد هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ كاتێكی تر دوابخرێت، بەڵام هێشتا پەرلەمانی عیراق هیچ بڕیارێكی لەوبارەیەوە نەداوە.

عەبدولڕەحمان مستەفا، كە بەڕێككەوتنی زیاتر لە 15 حزب و لایەنی سیاسیی كوردی، توركمانی و ئێزیدیی بۆتە سەرۆكی ئەو قەوارەیە لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالەو سەڵاحەدین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "لیستەکەمان وەک خۆی ماوەتەوە و هەڵنەوەشاوەتەوە، ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن جا لەهەر کات، مانگ و رۆژێکدا بێت، تا ئێستا هیچ لایەنێک لە هاوپەیمانتیەکە نەکشاوەتەوە و بەردەوامدەبین".

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بڕیارە لە یەكی نیسانی 2020 ئەنجامبدرێت و بۆ یەكەمجارە لە دوای ساڵی 2005 هەڵبژاردنەكە كەركوكیش دەگرێتەوە.

جەنگی عزەدین، ئەندامی دەستەی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "بابەتی یەکلیستی لایەنە کوردییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بیرۆکەی یەکێتی بوو، بۆیە ئێمە لە ناو لیستەکەداین و ناکشێینەوە، ئێمە خۆمان بە خاوەنی لیستەکە دەزانین و ئەو هاوپەیمانێتییە دەمێنێتەوە".

abdwlrahman
عەبدولڕەحمان مستەفا، سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستانی 

لیستی هاوپەیمانی لە پارێزگای كەركوك بڕیاریداوە 26 كاندید و لە نەینەوا 48 كاندیدی هەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، لە پارێزگای كەركوك سەرۆكی لیستەكە بۆ یەكێتیی دەبێت و لە پارێزگای نەینەوا بۆ پارتی دەبێت. بەڵام بۆ دیالە هێشتا رون نییە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT