هەریەكە بەهەشت كەفیل و 25 ملیۆن دینار
وردەكاریی ئازادكردنی كوڕ و براكەی راكان سەعید و ستافەكەی

26ی تشرینی یەكەمی 2019/ راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لەكاتی بەسەركردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك فۆتۆ: راگەیاندنی نوسینگەی پارێزگار

كەركوك ناو

دادگای كەركوك هەریەكە لە كوڕ و برایەكەی راكان سەعید و ستافی ئیداری دیوانی پارێزگای بە كەفالەتی 25 ملیۆن دینار و هەشت كەفیل ئازادكرد، ئەوەش دوای ئەوەی لەسەر بڕیاری دەستەی نەزاهەی عیراق بە تۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی دەستگیركرابون.

27ی تشرینی یەكەم، دەستەی نەزاهە 14 كەسەی لەنێو دیوانی پارێزگا دەستگیر كرد، لە نێویاندا كوڕ و برایەكی راكان سەعید، پارێزگار كەركوك بەوەكالەت، ئەوەش بەهۆی چەند سكاڵایەك و بە تۆمەتی بەهەدەرادانی سامانی گشتی.

سەرچاوەیەك لە دیوانی پارێزگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرەتای هەفتەی رابردوو، ئەو دەستگیركراوانە ئازادكران و گەڕانەوەی دیوانی پارێزگار"، زیاتر وتی "بە چەپڵەڕێزان پێشوازیان لێكراو بەخێرهاتنەوەیان كرا لەلایەن ژمارەیەك لە فەرمانبەرانی تری نێو دیوانی پارێزگا".

بە چەپڵەڕێزان پێشوازیان لێكراو بەخێرهاتنەوەیان كرا

بەپێی سەرچاوەیەك لە دادگای كەركوك، ئەو دەستگیركراوانە هەریەكە بە كەفالەتی 25 ملیۆن دینار و كەفیلی هەشت كەس ئازادكراون.

جگە لە كوڕ و برایەكی راكان سەعید كە لێپرسراوی نوسینگەكەیەتی، هەریەكە لە سەرۆكی لیژنەی وردبینی و سەرۆكی بەشی ژمێریاری دیوانی پارێزگار لەنێو دەستگیركراوەكاندابون، لەگەڵ ژمارەیەك لە فەرمانبەران.

هەر بەپێی سەرچاوەكەی دادگای كەركوك، چوارشەممەی رابردوو 20ی تشرینی دووەم، كوڕ و براكەی راكان سەعید بۆ هەمان دۆسییە لە دادگای كەركوك بون و هێشتا كەیسەكانیان یەكلایینەكراوەتەوە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT