ژماره‌یه‌ك مه‌ده‌نی و كارمه‌ندی هێزه ئه‌منییه‌كان له جه‌له‌ولا كوژران، به‌هۆی هێرشی ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراوه‌وه، كه دواتر بۆ پێكدادان و روبه‌ڕوبونه‌وه گۆڕا.
روداوه‌كه شه‌وی رابردوو 24ی تشرینی دووه‌م بوو، به دیاریكراوی له خاڵێكی سه‌ربازیی گوندی ئیسڵاح له باكوری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا له قه‌زای خانه‌قین، به‌وهۆیه‌شه‌وه 12 كه‌س بونه قوربانی.
شایه‌تحاڵێكی روداوه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت كاتژمێر 7:30 خوله‌كی شه‌وی یه‌كشه‌ممه، له‌رێی چه‌كی قه‌ناسه‌وه هێرشكراوه‌ته سه‌ر بازگه‌ی سوپای عیراقی، له كاتی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی قهناسهكانیشدا، پێكدادانی چه‌كداریی رویداوه.
روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هێزه‌كانی سوپای عیراق و چه‌كداره نه‌ناسراوه‌كان بۆ زیاتر له 10 خولهك به‌رده‌وامی هه‌بووه.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له نه‌خۆشخانه‌ی گشتی جه‌له‌ولا به (كه‌ركوك ناو)ی وت؛ به‌هۆی هێرش و پێكدادانه‌كه‌وه پێنج كه‌س كوژراون، له نێویاندا دوو مه‌ده‌نی و سێ سه‌ربازی، كه یه‌كێك له سه‌ربازییه‌كان پله‌ی رائیده و فه‌رمانده‌ی سریه‌یه‌كی سوپا بووه.
برینداره‌كانی ئه‌و شه‌ڕه حه‌وت كه‌س بون؛ پێنج مه‌ده‌نی له نێویاندا دوو ژن له‌گه‌ڵ دوو سه‌ربازی عیراقیی و یه‌كێكیان پله‌ی رائید بووه.
گوندی ئیسڵاح، دەكەوێتە باكوری جەلەولا لەسەر چەمی ڕووباری سیروان، پێشتر و زیاد له جارێك روبه‌ڕوی هێرش و روداوی تری ئه‌منی بۆته‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئیداره‌ی خۆجێیی جه‌له‌ولا كه نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "داعش لە سنورەكە جموجۆڵی هەیە و ناوبەناو كردەوەی تیرۆریستی ئەنجامدەدات، پێدەچێت روداوه‌كه‌ی شه‌وی رابردوش هه‌ر ئه‌وان بن".
به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه به‌هۆی جموحۆڵی چه‌كدارانی داعشه‌وه پێشتریش چه‌ندین حاڵه‌تی رفاندنی خه‌ڵك له سنوره‌كانی جه‌له‌ولا و قه‌ره‌ته‌په تۆماركراون.
ناحیەی جەلەولا لەپارێزگای دیالە، له ناوه‌ڕاستی 2014دا كه‌وته ده‌ستی داعش و لەكۆتایی هەمان ساڵدا هێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵیان كردەوەو هەر ئەوانیش دۆسیەی ئەمنی ناحییەكەیان گرتەئەستۆ، تا له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا ئه‌منیه‌تی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه وه‌رگیرایه‌وه.