شه‌ش داواكارییان هه‌یه‌

ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی: ئێمه‌ش خۆپیشاندان ئه‌نجامده‌ده‌ین

كه‌ركوك، 2019، خۆپیشاندانی عه‌ره‌ب دژی رێككه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی بۆ دانانی پارێزگار فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

ئه‌نجومه‌نی سیاسی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك، هه‌ڕه‌شه‌ی شكاندنی بێده‌نگی و ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان ده‌كه‌ن بۆ شه‌ش داواكاریی له‌ نێویاندا دامه‌زراندن، دوای ئه‌وه‌ی له‌ رابردودا به‌ پاساوی "پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی سه‌پاندنی یاسا" ئاماده‌ی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی نه‌بوون.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25ی تشرینی دوه‌م، ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی راگه‌یه‌ندراوێكی ده‌رباره‌ی بارودۆخی كه‌ركوك بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌ چه‌ندین كێشه‌ كردووه‌، له‌وانه‌ گه‌نده‌ڵی و نه‌بونی یه‌كسانی له‌ دابه‌شكاری دامه‌زراندندا.

له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا شه‌ش داواكاریی سه‌ره‌كی خراونه‌ته‌ڕوو، تا حكومه‌ت به‌ده‌میانه‌وه‌ بڕوات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ "خۆپیشاندان ئه‌نجامده‌ده‌ین كه‌ پێشتر ئاماده‌ی خۆپیشاندان نه‌بون له‌ پێناو پاراستنی ده‌ستكه‌وتنه‌كانی سه‌پاندنی یاسا".

سه‌پاندنی یاسا ناوی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌ بووه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق گه‌ڕانه‌وه‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك، دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌، به‌هۆی ئالۆزییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عیراق له‌سه‌ر ریفراندۆم.

ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا نوسیویه‌تی "ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركوك روده‌دات كه‌مترنییه‌ له‌ پارێزگاكانی تری عیراق به‌ جۆرێك گه‌نده‌ڵی له‌ زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌كان بڵاوبۆته‌وه‌ و پشكپشكێنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی زیانی زۆری به‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب گه‌یاندووه‌ به‌ر له‌ هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی تر".

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌سی یه‌كه‌م ئیداری له‌ كه‌ركوك، راكان جبوری كه‌ زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ له‌ پۆستی پارێزگاردایه‌، سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بییه‌.

هه‌روه‌ها باسیان له‌وه‌كردووه‌ پێشتر زیاد له‌ جارێك هۆشدارییانداوه‌ له‌ وردبینی تۆماری ده‌نگده‌ران چونكه‌ "پێمانوایه‌ یارییه‌كی گه‌وره‌ به‌و تۆماره‌وه‌ كراوه‌ و بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵیش به‌شێك له‌ پرۆژه‌ی تێپه‌ڕاندنی ئه‌و تۆماره‌ گوماناوییه‌".

anjwmaniarabi-1
كه‌ركوك، 2018، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ئه‌نجومه‌نی سیاسی عه‌ره‌بی فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌

دادگای فیدراڵی، له‌ 12ی تشرینی دوه‌می ئه‌مساڵ له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی كورد بڕیاریداوه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چه‌ند مادده‌یه‌كی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، كه‌ مه‌رج بۆ وردبینی تۆماری ده‌نگده‌رانی كه‌ركوك دانراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ مه‌ترسی فه‌وتانی ده‌نگی هه‌زاران كورد هه‌بوو.

له‌سه‌ر دامه‌زراندن له‌ كه‌ركوك، ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی گومان ده‌خاته‌ سه‌ر پرۆسه‌كه‌ و هۆشداری ده‌دات له‌ ده‌ستتێوه‌ردان له‌رێی په‌رله‌مانتار و كه‌سانی تره‌وه‌، كه‌ "ده‌یانه‌وێت له‌رێی حسابی پێكهاته‌كان ده‌ستكه‌وتیان ده‌ستبكه‌وێت".

به‌پێی یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ و له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، بڕیاره‌ نزیكه‌ی سێ هه‌زار كه‌س دابمه‌زرێندرێن، بۆ ئه‌وه‌ش پێشتر زیاتر له‌ 80 هه‌زار فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی پڕكراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ناوی دامه‌زرێنراوان یه‌كلایینه‌كراونه‌ته‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی به‌شێكی تری راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یان ته‌رخانكردوه‌ بۆ پرۆژه‌كانی كه‌ركوك، پێیانوایه‌ سستی هه‌یه‌ له‌ به‌شێكیاندا، به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌رتی شاره‌وانیدا.

هه‌روه‌ها داوای چاره‌سه‌ری كێشه‌ی جوتیاران ده‌كه‌ن؛ له‌ وه‌رگرتنی به‌رهه‌مه‌كانیاندا تا خه‌رجكردنی شایسته‌ داراییه‌كانیان، كه‌ ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ ناچاربن به‌ نرخێكی هه‌رزانتر و له‌ بازاڕدا به‌رهه‌می دانه‌وێڵه‌ ساغبكه‌نه‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی ئاماژه‌ی به‌ دامه‌زراندن له‌ سلكی سه‌ربازی كردووه‌ و پێیوایه‌ عه‌ره‌ب له‌ پۆست و لێپرسراوێتییه‌كاندا مافیان خوراوه‌.

داواكاریی و هۆشدارییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی دوای ئه‌وه‌دێت، له‌ رۆژانی رابردودا، هه‌ریه‌ك له‌ به‌ره‌ی توركمانی و حزبه‌ توركمانییه‌كانی دیكه‌ی كه‌ركوك هه‌ڕه‌شه‌ی خۆپیشاندانیان كرد، ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانیان بۆ دامه‌زراندن و یه‌كسانی له‌ دابه‌شكاری پۆسته‌كاندا له‌به‌رچاونه‌گیرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT