به‌شێك له دانیشتوانی جه‌له‌ولا و سه‌عدییه، هێشتا له كه‌مپه‌كانی ئاواره‌ییدا ماونه‌ته‌وه و به‌هۆی چه‌ند به‌ربه‌ستێكه‌وه ئاماده‌نین بگه‌ڕێنه‌وه، دوای تێپه‌ڕینی پێنج ساڵ به‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان له ده‌ستی داعش.
ناحیه‌كانی جه‌له‌ولا و سه‌عدییه‌ی سه‌ر به خانه‌قین، هه‌رچه‌نده دوابه‌دوای چه‌ند مانگێك له حوكمڕانی داعش و له تشرینی دوه‌می 2014دا كۆنتڕۆڵكرانه‌وه، به‌ڵام هێشتا هه‌زاران خێزانی هه‌ردوو ناوچه‌كه له‌ژێر خێوه‌تدا ده‌ژین.
"خانووەكەمان خاپور كراوە، نازانین لەلایەن داعشه‌وه بووە یان گروپە چەكدارەكانی تر، .. به‌ڵام بەشێكی زۆری گوندەكەمان نەگەڕاونهتهوه به هه‌مان هۆكار، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا؛ قەرەبوومان وەرنەگرتووە تا شوێنی نیشته‌جێبونمان نۆژەن بكەینەوە" یوسف حه‌مه‌د (32 ساڵ) وای وت.
ئه‌و هاوڵاتییه خه‌ڵكی گوندی به‌نی وه‌یسه له سه‌عدییه، پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئاواره‌ی كه‌مپی عه‌لیاوه بوو له خانه‌قین، ئێستاش له كه‌مپی ئه‌ڵوه‌نی یه‌ك نیشته‌جێیه.
بەپێی بەدواداچونی (كه‌ركوك ناو)، به‌ربه‌سته سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی دیاله نه‌بونی هه‌لیكار، ناكۆكی عه‌شایه‌ری، پێنه‌دانی ره‌زامه‌ندی ئه‌منیی، نه‌بونی قه‌ره‌بوو له‌گه‌ڵ مه‌ترسی ئه‌منی.
ته‌نیا له ماوه‌ی 10 رۆژی رابردوودا، له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سه‌ر به ناجیهی جه‌له‌ولا، زیاتر له 12 هاوڵاتی و سه‌ربازی عیراقی به‌هۆی هێرشی چه‌كدارییه‌وه كوژراون.
تائێستا نۆ هه‌زار خێزانی جه‌له‌ولا، سه‌عدییه، شاره‌بان و ناوچه‌كانی تری دیاله ئاواره‌ن له قه‌زای خانه‌قین، به‌پێی ئاماره‌كانی فه‌رمانگه‌ی كۆچ، له‌و ژماره‌یه 850 خێزانیان نیشته‌جێی هه‌ردوو كه‌مپی ئه‌ڵوه‌نی یه‌ك و دوون، ئه‌وه‌ش له كۆی 40 هه‌زار خێزان كه له ناوه‌ڕاستی 2014وه به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه له ناوچه‌كانی خۆیان هه‌ڵاتن.
عەلی غازی، بەڕێوه‌بەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت "بەشێك لە ئاوارەكان لە خانەقین بونەتە خاوەنی كار و پیشەی خۆیان بۆیە نایانەوێت بگەڕێنەوە، بەشێكی تریان هێشتا مۆڵەتی گەڕانەوەیان پێنەدراوە لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانه‌وه".
هه‌ر خێزانێكی ئاواره له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا، له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و ئاسایشی نیشتمانییه‌وه وردبینی بۆ دۆسیه‌كانیان ده‌كرێت تا بزانن له‌سه‌رده‌می داعش هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌و رێكخراوه هه‌بووه یاخود نا.
له به‌ربه‌سته‌كانی تری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، به‌وته‌ی غازی، نه‌بونی هه‌لیكار، وێرانه‌یی شه‌ڕ، كێشه‌ی عه‌شایه‌ری و نه‌بونی قهرهبوكردنهوهیه؛ چونكه نزیكه‌ی 30 هه‌زار خێزان داوای قه‌ره‌بویان كردووه و ته‌نیا 300 خێزان وه‌ریانگرتووه.
هێرشه‌كانی داعش و شه‌ڕی دژ به‌و رێكخراوه، له چه‌ندین ناوچه‌ی دیاله بووه هۆی روخانی سه‌دان خانوو، له‌گه‌ڵ وێرانبونی ژێرخانی گشتی و خزمه‌تگوزارییه‌كان.
"هۆكارێكی سه‌ره‌كیی رێگری له گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك ناكۆكی عه‌شایه‌رییه، بۆیه مانه‌وه‌مان له خانه‌قین باشتره، چونكه به‌شێكمان پێشتر گه‌ڕاینه‌وه و توشی كێشه بوین، بۆیه دوباره گه‌ڕاینه‌وه بۆ كه‌مپ" ئیهاب نه‌جم، ئاواره‌ی گوندی سنسل له شاره‌بان واده‌ڵێت.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی به (كه‌ركوك ناو) وت "ئه‌وكاته‌ی به‌شێكمان گه‌ڕاینه‌وه بۆ گونده‌كه روبه‌ڕوی ده‌ستگیركردن و روداوی توندوتیژی له ته‌قینه‌وه‌ی مین و نائارامی بوینه‌وه، بۆیه به‌شێكی زۆری ئاواره‌كانی شاره‌بان هێشتا له خانه‌قینن".
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه حكومه‌تی عیراقی، پێشتر و له‌رێی پێدانی هاوكارییی دارایه‌وه، زیاد له جارێك هانی ئاواره‌كانی دا تا بگه‌ڕێنه‌وه و كه‌مپه‌كانیش دابخرێن.
به‌ڕێوه‌به‌ری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق وتی "ئێمه پێنج ساڵه به‌رده‌وامین له هاوكاری و دابینكردنی خۆراك و پێداویستیەكانی تر بۆ ئاوارە، به‌ڵام به‌شێك له رێكخراوه بیانییەكان هاوكارییه‌كانیان كەمكردۆتهوه و پرۆژه‌كانیان بردۆته ناوچه كۆنتڕۆڵكراوه‌كان، تا هانی خه‌ڵك بده‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه و ژیانی ئاسایی ده‌ستپێبكه‌نه‌وه".
ناجیهكانی جه‌له‌ولا و سه‌عدییه، دوو ناوچه‌ی جێناكۆكی سه‌ر به قه‌زای خانه‌قینن له پارێزگای دیاله، دانیشتوانیان له كورد، عەرەب و توركمان پێكهاتوون، له ناوه‌ڕاستی 2014 كه‌وتنه ده‌ستی داعش و له مانگی 11ی هه‌مان ساڵدا كۆنتڕۆڵكرانه‌وه.