لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كان هه‌وڵی خۆپیشاندان ده‌ده‌ن
لیژنه‌ی ئه‌منی له‌ كه‌ركوك: ناڕه‌زایی بێ مۆڵه‌ت قه‌ده‌غه‌یه‌

كەركوك، تشرینی یەكەمی 2019، خۆپیشاندانێكی لایه‌نه‌كانی عەرەب دژی بڕیاری رادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتی فۆتۆ: كەركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی له‌ پارێزگای كه‌ركوك، مانگرتن و ناڕه‌زایی به‌بێ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت ره‌تده‌كاته‌وه‌، به‌ پێشێلكردنی یاساش ناوی ده‌بات، دوای ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ حزب و هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كان بانگه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان و گردبونه‌وه‌یان كرد.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا و له‌ كه‌ركوك، حزب و به‌ره‌ عه‌ره‌بیی و توركمانییه‌كان، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان و گردبونه‌وه‌یان كرد، دژی گه‌نده‌ڵی و بۆ پاڵپشتی قوربانیانی ناڕه‌زاییه‌كانی شاره‌كانی تری عیراق.

له‌ دوایین هه‌نگاویشدا، هۆزی عوبێد، كه‌ پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوون له‌ كه‌ركوك، بانگه‌شه‌ی گردبونه‌وه‌یان كردووه‌ بۆ هاوخه‌می روداوه‌كانی ناسرییه‌، ئه‌وه‌ش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بۆ رایگشتی.

له‌ ناسریه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای زیقار، زیاتر له‌ 25 مه‌ده‌نی كوژران و سه‌دان كه‌سی تر برینداربون، به‌هۆی ته‌قه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ له‌ خۆپشانده‌رانی ناڕازی، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئامارێكی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عیراق.

هه‌وڵی ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌ی هاوخه‌می و خۆپیشاندان له‌ كه‌ركوك له‌ كاتێكدایه،‌ له‌ دوو مانگی رابردوی ناڕه‌زاییه‌كانی به‌غدا و شاره‌كانی تردا، جگه‌ له‌ گردبونه‌وه‌ی كاتیی، هیچ خۆپیشاندانێكی دیكه‌ دژی حكومه‌ت ئه‌نجامنه‌دراوه‌.

nasriya
ناسریه‌، تشرینی دوه‌می 2019، به‌هۆی ئاڵۆزی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ زیاتر له‌ 25 كه‌س كوژران فۆتۆ: IHCHR

لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی له‌ كه‌ركوك، كه‌ راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری به‌وه‌كاله‌ت سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌نجامدانی هه‌ر خۆپیشاندان و گردبونه‌وه‌یه‌كی ره‌تكردۆته‌وه‌، ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تی بۆ وه‌رنه‌گیرێت.

به‌پێی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی پارێزگاری كه‌ركوك، بانگه‌شه‌ی گردبونه‌وه‌ له‌لایه‌ن گروپ و هۆزه‌ عه‌شایه‌رییه‌كانه‌وه‌ به‌بێ پێشكه‌شكردنی داواكاریی مۆڵه‌ت، وه‌ك پێشێلكاریی یاسا ته‌ماشا ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌ زیان به‌ ئه‌منیه‌تی پارێزگاكه‌ ده‌گه‌یه‌نێت.

هه‌روه‌ها هۆشداریی ده‌ده‌ن هه‌ر روداوێك له‌ ده‌ره‌نجامی گردبونه‌وه‌ی بێ مۆڵه‌تدا، ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و لایه‌ن و كه‌سانه‌ی بانگه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی ده‌كه‌ن.

له‌ رۆژانی رابردودا، حزب و لایه‌نه‌ توركمانیی و عه‌ره‌بییه‌كانی كه‌ركوك، له‌ نێویاندا ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی كه‌ راكان جبوری یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی، نیگه‌رانییان ده‌ربڕی له‌ بارودۆخی خزمه‌تگوزاری پارێزگاكه‌ و داوای دامه‌زراندنیان كرد به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كسان بۆ پێكهاته‌كانی كه‌ركوك.

ئه‌و داواكارییانه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی خۆپیشاندانی به‌غدا و شاره‌كانی تر، كه‌ له‌ دوو مانگی رابردودا، به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 350 كه‌س كوژراون و له‌گه‌ڵ هه‌زاران برینداردا.

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق هه‌ینی 30ی تشرینی دوه‌م، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ناردنی داواكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مان ئاشكراكرد، ئه‌وه‌ش دوای داواكاریی مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای شیعه‌ بۆ په‌رله‌مان، تا رێوشوێنی تر بگرێته‌به‌ر له‌و متمانه‌یه‌ی به‌ حكومه‌تی ئێستای داوه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT