هاوڵاتیانی كەركوك لە مامەڵەی هێزە ئەمنییەكان رازین، لەوكاتەی هەڵمەتی گەڕان و پشكنین لەناو ماڵەكانیان ئەنجامدەدەن، لەگەڵئەوەشدا بەشێكیان نیگەرانن و دەڵێن "متمانەیان بە هاوڵاتیان نییە".
ئەو هەڵمەتە كە لە 15ی تشرینی دووەمەوە لەلایەن هێزەكانی لیوای 61ی تایبەت و سوپا دەستیپێكردووە و بەردەوامە، ئامانج لێی دۆزینەوەی كەسانی تۆمەتبار و لایەنگرانی داعش و چەك و تەقەمەنی بێ مۆڵەتە لە ماڵەكاندا.
حسێن محەمەد، دانیشتوی گەڕەکی شۆڕیجە، 28ی مانگی رابردوو هێزە ئەمنییەكان چونە ماڵەكەیی و هەڵمەتەكەیان دەستپێكرد، بە (كەركوك ناو)ی وت "بە هێمنی لە دەرگایاندا، دەرگام کردووە وتیان هاتوین پشکنین ئەنجام دەدەین، منیش وتم فەرمون".
بە هێمنی لە دەرگایاندا، دەرگام کردووە وتیان هاتوین پشکنین ئەنجام دەدەین
زیاتر وتی "بەڕێزەوە وتیان ژن و کچەکانت بکە ژورێکەوە منیش خێزانم و منداڵەکانم کردە یەکێک لە ژورەکانەوە، ئیتر دەستیان بە پشکنین کرد، کاتێک یەکێک لە دۆڵابەکانی جلوبەرگیان کردووە، یەکسەر دایخستەوە و داوای لێبوردنی كرد و وتی ببورە نەمزانی ئەوە جلوبەرگی ژنانە".
حسێن تێبینی ئەوەیكرد، بە پۆستاڵەوە، چوونەتە سەر فەرشی ماڵەكەی، بەڵام وتی "ئەوەش ئاساییە، چونکە من دەزانم کاری سەربازی وایە و ناکرێت لەهەر ماڵێک پۆستاڵ دابنێن، ئەوە یاسای سەربازییە".
ئهو ههڵمهته ئهمنییه، لهڕێی خشتهیهكی دیاریكراوهوه، ههر جاره و دهگاته یهكێك له گهڕهكهكانی ناوشار و پاڵپشت به زانیاری ههواڵگری بەڕێوەدەچێت.
حسێن محەمەد، وتی "دوای تەواوبونی پشکنینەكە ئەفسەرەکە وتی: حەزمان بە چایە خۆ ئێمەش عیراقین و مرۆڤین، ئیتر چایەکمان خواردەوە و دواتر فۆرمێکیان پێداین، لەبارەی ئەوەی ئەگەر هیچ كەلوپەلێكیان دیارنەماوە بەهۆی پشكنینەكەوە ئەوا لەو فۆرمە بینوسن، ئیتر ئێمەش واژۆمانكرد كە هیچ نەبردراوە". ئەو پشكنینە 20 خولەكی خەیاندووە و دواتر رۆیشتون.
موحسین سیروان، هاوڵاتییەكی تر لەگەڕەکی پیریادی، كە كۆتایی هەفتەی رابردوو چوونە ماڵەكەی بۆ گەڕان و پشكنین، وتی "سێ كەس لە هێزە ئەمنییەكان هاتنە ژورەوە و سەلامیان كرد و دەستیان بە پشکنین كرد و منیش لەگەڵ ئەفسەرەكە وەستام و پێموت: سوێند بە حەزرەتی حوسێن هیچ جۆرە چەکێک و شتێكی نایاسایی لە ماڵەکەمدا نییە".
بە وتەی موحسین، دوای ئەوە ئەفسەرەكە هاواریكردووە و وتویەتی: بڕۆنە دەرەوە ئەم ماڵەش تەواو بوو.
سوێند بە حەزرەتی حوسێن هیچ جۆرە چەکێک و شتێكی نایاسایی لە ماڵەکەمدا نییە
ئەو هەڵمەت و گەڕانە هاوكاتە لەگەڵ هەندێك روداوی توندوتیژیی و ئەمنی لە پارێزگاری كەركوك، كە چەكدارانی داعشی پێ تۆمەتبار دەكرێت، لە نێویاندا كوشتنی پێشمەرگەیەك و هاوسەرەكەی لە قەزای داقوق لە هەفتەی رابردوو. هەروەها تەقینەوەی بۆمبی چێنراو لەناو شار كە بەهۆیەوە 17 كەس برینداربون.
مەریوان محەمەد، لەبارەی پشكنینەكانەوە، بۆچونی وایە "ئەو شوێنانەی کە گومانیان لەسەرە تەنیا گەڕەکە کوردییەکان نین، بەڵکو چەند گەڕەکێک وەکو پەنجا عەلی و فەیلەق، چونکە زۆرترین عەرەبی حەویجە لەوێ نیشتەجێن و ئەوەش بۆخۆی جێگای گومانە".
مەریوان لەگەڵئەوەی دەڵێت "پشکنینی ماڵی ئەوان زۆر ئاسایی بوو و مامەڵەیان زۆر باش بووە، بەڵام من بۆ خۆم پشکنینی ماڵەکەم بە سوکایەتی دەزانم، چونکە ئەوان بۆیە دەمانپشکنن چونكە متمانەیان پێمان نییە".
هەفتەی رابردوو، ئەفسەرێكی باڵا لە هێزەكانی لیوای 61ی سەر بە سەرۆكایەتی ئهنجومهنی وهزیران به (كهركوك ناو)ی وت "هێزەكانمان پاڵپشت بەچەند زانیارییەكی هەواڵگری دەستیانكردووە بەزنجیرەیەك هەڵمەتی گەڕان و پشكنین لەگەڕەكە جیاوازەكانی كەركوك و لەو نێوەندەشدا توانیومانە چەند سەركردەیەكی باڵای داعش دەستگیر بكەین".