ورده‌كاریی تاپۆكردنی خانووی زیاده‌ڕۆ له‌ كه‌ركوك

كه‌ركوك، هاوینی 2017، گه‌ڕه‌كێكی كۆنی ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك فۆتۆ: بنار سه‌ردار

گۆران بابان – كه‌ركوك

تاپۆكردنی خانووه‌ زیاده‌ڕۆكانی كه‌ركوك، به‌پێی گه‌ڕه‌ك و روبه‌ری زه‌وییه‌كان دیاریده‌كرێت، دوای خه‌مڵاندنی نرخی موڵكه‌كه‌ له ‌رێی لیژنه‌یه‌كی تایبمه‌تمه‌نده‌وه‌، به‌شێك له‌ پاره‌كه‌ ده‌درێت و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ده‌كرێته‌ قیستی 20 ساڵ.

ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، پاڵپشت به‌ بڕیاری حكومه‌تی ناوه‌ندی بڕیاریدا بە تاپۆكردنی هەموو ئەو خانووانەی له‌سه‌ر زه‌وی زیاده‌ڕۆ دروستكراون، ئه‌وه‌ش به‌پێی نوسراوێك كه‌ له‌ 24ی تشرینی دووه‌م ئاراسته‌ی هه‌موو پارێزگاكان كراوه‌.

له‌و نوسراوه‌دا كه‌ وێنه‌یه‌كی لای (كه‌ركوك ناو)ـه‌، تێیدا هاتووه‌؛ ئه‌و خانوانه‌ی به‌ر له‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و تا 19ی تشرینی دوه‌می 2019 له‌سه‌ر زه‌وی زیاده‌ڕۆ بنیانتنراون، تاپۆ ده‌كرێن.

عەلی حه‌مادی، یاریده‌ده‌ری پارێزگاری كه‌ركوك بۆ كاروباری هونه‌ری بۆ (كه‌ركوك ناو)ی وت "پێمانوایە له‌ توانای خه‌ڵكدا نییه‌ خانوه‌كانیان تاپۆ بكه‌ن، چونكه‌ بارودۆخی ئابوری و بژێوییان خراپه‌، له‌ كاتێكدایه‌ خانوه‌ زیاده‌ڕۆكانی ده‌ره‌وه‌ی ماسته‌رپلان بۆ تاپۆ زۆر زیاتر ده‌كه‌ون به‌راورد به‌و خانووه‌ زیاده‌ڕۆیانه‌ی له‌ ماستەر پلانی شارەوانیدایه‌".

پێمانوایە له‌ توانای خه‌ڵكدا نییه‌ خانوه‌كانیان تاپۆ بكه‌ن، چونكه‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ پاره‌ی زۆر ده‌كه‌وێت

به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، تاپۆكردنی خانووی دروستكراو له‌سه‌ر زه‌وی موڵكی حكومه‌ت له‌چوارچێوه‌ی رێكاره‌كانی یاسای ژماره‌ 21ی ساڵی 2013دا ده‌بێت.

له‌و یاسایه‌دا هاتووه‌ دوای خه‌مڵاندنی نرخی زه‌وییه‌كان، پێویسته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یه‌وێت موڵكه‌كه‌ی له‌سه‌ر تاپۆبكرێت، سه‌دا 5ی پاره‌ی موڵكه‌كه‌ بدات و ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ده‌كرێت به‌ قیست و له‌ ماوه‌ی 20 ساڵدا ده‌یدات به‌ حكومه‌ت.

ئه‌و زه‌ویی و موڵكه‌ی به‌پێی ئه‌و رێكاره‌ تاپۆده‌كرێت، خاوه‌نه‌كه‌ی مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنی پێوه‌بكات، تا ته‌واوی پاره‌كه‌ی ده‌دات به‌ حكومه‌ت، ئه‌گه‌ریش له‌و ماوه‌یه‌دا پاره‌كه‌دا نه‌دات ئه‌وا موڵكه‌كه‌ به‌ كاش له‌ بازاڕدا ده‌فرۆشرێت.

xanw-3
كه‌ركوك/ تشرینی دووه‌می 2018/ جیاكردنه‌وه‌ و دروستكردنی خانوو به‌شێوه‌ی زیاده‌ڕۆ له‌ گوندی رجێبات له‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی شارەکە فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

یاریده‌ده‌ری پارێزگار بۆ كاروباری هونه‌ری رونیكرده‌وه‌ خانوویه‌كی زیاده‌ڕۆ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماسته‌رپلانی شار، ئه‌گه‌ر نرخی زه‌وییه‌كه‌ی به‌ 40 ملیۆن دینار دیاریبكرێت، ئه‌وا سه‌دا 5ی ئه‌و پاره‌یه‌ راده‌ستده‌كات و ئه‌ویتر به‌ 20 ساڵ، له‌نمونه‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ش په‌نجاعه‌لی، فه‌یله‌ق، سه‌یاده‌ و باروتخانه‌ن.

عه‌لی حه‌مادی ده‌ڵێت له‌ ئێستادا چاوه‌ڕوانی ورده‌كاری و رێنمایی تایبه‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌كه‌ن، تا رونبێته‌وه‌ چۆن و به‌ بڕی پاره‌ی چه‌ند نرخی زه‌ویی هه‌ژماربكه‌ن، دوای گه‌یشتنی ئه‌و زانیارییانه‌ ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی كرداریی بڕیاره‌كه‌ ده‌كه‌ن.

به‌پێی یاسا؛ لیژنه‌یه‌كی پێكهێنراو له‌ شاره‌زایان نرخی زه‌ویی و موڵكی حكومه‌ت دیاریده‌كات، به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی دارایی خه‌ڵك و نرخی رۆژ بۆ زه‌وی و زار.

بڕیاری تاپۆكردنی خانووی زیاده‌ڕۆ، جوڵه‌ی خستۆته‌ بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زه‌وی و زاره‌وه‌ له‌ كه‌ركوك, به‌وته‌ی نوسینگه‌كانی خانوبه‌ره‌.

ئەحمەد ستار (52 ساڵ)، نوسینگه‌ی كڕین و فرۆشتنی خانوبه‌ره‌ی هه‌یه‌ له‌ كه‌ركوك و ده‌ڵێت پێشتر و به‌ تایبه‌ت دوای سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانه‌كانی ناڕه‌زایی له‌ چه‌ند شارێكی عیراق بازاڕیان روی له‌ سستی كرد، به‌ڵام بڕیاری تاپۆكردنی خانوی زیاده‌ڕۆ جموجۆڵی خستۆته‌وه‌ بازاڕ.

به‌هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه‌ خه‌ڵك كه‌مێك ترسی نه‌ماوه‌ له‌ بارودۆخه‌كه‌ و موڵك ده‌كڕن

"به‌و بڕیاره‌ خه‌ڵك كه‌مێك ترسی نه‌ماوه‌ و موڵك ده‌كڕن، ئه‌گه‌ر حكومەت هاوكار بێت لەدیاریكردنی نرخەكان له‌ كاتی تاپۆكردندا ئه‌وا خه‌ڵكێكی زۆر خانووه‌كانیان تاپۆده‌كه‌ن" به‌وته‌ی‌ ئه‌حمه‌د.

له‌ دوای ساڵی 2003 و نه‌مانی رژێمی به‌عس به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حسێن، هه‌زاران خانوو له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه‌ بنیاتنراون كه‌ موڵكی ده‌وڵه‌ت بون له‌ پارێزگاكانی عیراق به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌.

بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت بۆ تاپۆكردن به‌ده‌ر نه‌بوو له‌ ناڕه‌زایی، پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی توركمانی كه‌ركوك، له‌ 25ی تشرینی دوه‌می ئه‌مساڵ به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌ و داوایانكرد حكومه‌تی عیراق بڕیاره‌كه‌ی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی زه‌وییه‌كانی كه‌ركوك ململانێی له‌سه‌ره‌ و خاوه‌ندارێتی یه‌كلایینه‌كراوه‌ته‌وه‌.

یاریده‌ده‌ری پارێزگار بۆ كاروباری هونه‌ری ده‌ڵێت ناڕه‌زایی پارته‌ توركمانییه‌كان هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ نابێت، چونكه‌ بڕیارێكه‌ بۆ هه‌موو عیراق نه‌ك ته‌نیا كه‌ركوك، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی رێنمایی و زانیاری زیاتر وه‌ك ئیداره‌ی پارێزگا لارییان نییه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT