شه‌ش چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی كوژران و 17ی تر برینداربون، به‌هۆی دوو هێرشی داعشه‌وه بۆ سه‌ر باره‌گایه‌كی ئه‌و هێزه له نزیك ناوچه‌ی نه‌فتخانه، كه زیاتر له دوو كاتژمێر پێكدادانی لێكهوتهوه.
كاتژمێر 9ی شه‌وی رابردوو 1ی كانونی یه‌كه‌م له ناوچه‌ی نه‌فتخانه‌ی باشوری خانه‌قین، چه‌كدارانی داعش هێرشیانكرده سه‌ر باره‌گایه‌كی سریه‌ی لیوای 20ی حه‌شدی شه‌عبی و به‌هۆیه‌وه روبه‌ڕوبونه‌وه سه‌ریهه‌ڵدا.
سه‌جاد مەوالی، وتەبێژی حه‌شدی شه‌عبی له‌و سنوره به (كه‌ركوك ناو)ی وت "سه‌ره‌تا داعش هێرشیكرده سه‌ر خاڵێكی هێزه‌كانمان و دواتر له‌كاتی گه‌یشتنی هاوكاری به‌و هێزه‌دا، بۆمبی چێنراو به كاروانێكی حه‌شددا ته‌قییه‌وه، پاشان داعش هێرشیكردهوه و بۆ ماوه‌ی دوو كاتژمێر پێكدادان رویدا".
"داعش به چه‌كی قورسی ئاربیچی و بیكه‌یسی هێرشیانكرد، به‌پێی توانا روبه‌ڕویان بوینه‌وه، تاكه هێز بوین له‌وكاته‌دا له سنوره‌كه‌دا، داعشمان ناچار به پاشه‌كشێ كرد" به‌وته‌ی مه‌والی.
له‌و شه‌ڕه‌دا، شه‌ش چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی كوژران، كه خه‌ڵكی ناسریه، حله و به‌سره بون، له‌گه‌ڵ برینداربونی 17 چه‌كداری تردا، ئه‌وه‌ش به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2ی كانونی یه‌كه‌م بڵاویكرده‌وه.
به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك له نه‌خۆشخانه‌ی خانه‌قین بۆ (كه‌ركوك ناو)، هه‌شت كه‌س له چه‌كداره برینداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی به‌عقوبه كراون، به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كانیانه‌وه و له‌وێشه‌وه ژماره‌یه‌كیان ره‌وانه‌ی به‌غدا كراون، له نێو برینداره‌كانیشدا لیوایه‌كی حه‌شد هه‌بوو.
له هه‌فته‌كانی رابردودا، چه‌ندین روداوی ئه‌منی له سنوری خانه‌قین رویداوه له هێرشی چه‌كداریی و بۆردومان و ته‌قینه‌وه، كه جگه له زیانی گیانی، زیانی زۆری ماددی به خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش گه‌یاندووه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان ناوبه‌ناو ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان ئه‌نجامده‌ده‌ن.
سه‌رچاوه‌یه‌كی حزبی له ناوچه‌ی نه‌فتخانه‌ی خانه‌قین بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی "له‌م ناوچه‌یه‌دا داعش جموجۆڵی زۆر بووە و هێزیان زۆره..، مانگێك زیاتره چەندینجار پەلامار ده‌ده‌ن و شەڕ دەكەن، زۆربه‌ی داعشه‌كانیش لە چیای حەمرینەوە دێنه نێو نەفتخانە".
له دوای 2003وه دۆسیه‌ی ئه‌منی خانه‌قین به‌ده‌ست پۆلیس و هێزه سه‌ربازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بوو تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا.