له‌ كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وا بۆ وه‌به‌رهێنان
لێپرسراوان به‌ڵێنیاندا: جارێكیتر موسڵ ئاوه‌دان ده‌كه‌ینه‌وه‌

هه‌ولێر، كانونی یه‌كه‌می 2019، دووه‌م رۆژی كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وا بۆ وه‌به‌رهێنان فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

له‌ كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وا بۆ وه‌به‌رهێنان، به‌ڵێنی زۆرینه‌ی لێپرسراوانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی بۆ ئاوه‌دانی بوو له‌ موسڵ و ناوچه‌كانی تری زیانلێكه‌وتووی ده‌شتی داعش، ئه‌وه‌ش له‌رێی هاندانی وه‌به‌رهێنان و ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی دوباره‌ بنیاتنانه‌وه‌.

ئاژانسی ئه‌مریكی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی (USAID)، كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وا بۆ وه‌به‌رهێنان به‌ڕێوه‌ده‌بات له‌ رۆژانی 3 تا 5ی كانونی یه‌كه‌م له‌ شاری هه‌ولێر، به‌ ئامانجی هاندانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی كه‌رتی بنیاتنان له‌و پارێزگایه‌دا.

ماتیۆ توله‌ر، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق، له‌ دووه‌می رۆژی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا وتارێكی پێشكه‌شكرد و ئاماژه‌ی دا به‌وه‌ی نه‌ینه‌وا له‌ ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێناندا پشكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵدایه‌ تا زه‌مینه‌سازی باش بكات بۆ وه‌به‌رهێنان له‌و پارێزگایه و ناوچه‌كه‌دا، له‌رێی لابردنی به‌ربه‌سته‌كان و گره‌نتی له‌ خێراكردنی پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا.

له‌ دووه‌م رۆژی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا سه‌دان وه‌به‌رهێنه‌ر و لێپرسراوی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی به‌شداربون بۆ گفتوگۆ ه‌سه‌ر كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ، پیشه‌سازی، گه‌شتیاری و ته‌كنه‌لۆژیا، تا هانی ژماره‌یه‌كی زۆر كۆمپانیا بدرێت له‌و بواره‌دانه‌دا كاربكه‌ن.

78256652_947595158959122_8260943734963699712_o
(كه‌ركوك ناو) هاوبه‌شێكی چالاكی كۆڕبه‌نده‌كه‌یه‌ بۆ روماڵی میدیایی

ده‌زگای میدیایی (كه‌ركوك ناو)، هاوبه‌شێكی چالاكی كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وایه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان له‌رێی روماڵی میدیاییه‌وه‌، به‌ هه‌واڵ و راپۆرت و چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌وانی.

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا به‌شداری كرد و له‌ وتارێكدا پشتیوانی بۆ ئاوه‌دانی له‌ نه‌ینه‌وا راگه‌یاند و وتیشی "هه‌رێم به‌رده‌وام هه‌وڵده‌دات رۆڵی هه‌بێت له‌ دوباره‌ ئاوه‌دانی نه‌ینه‌وا و موسڵ، كه‌ شوێنی چه‌ندین پێكهاته‌یه‌ و نه‌ته‌وه‌یه‌".

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ كه‌ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانی له‌ نه‌ینه‌وا ده‌بێته‌ هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و پێكهاتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی بێكاریی.

كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وا بۆ وه‌به‌رهێنان؛ هه‌ماهه‌نگی نێوان ئه‌مریكا و كه‌رتی گشتی و تایبه‌ته‌ له‌ عیراق بۆ پاڵپشتی كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ینه‌وا له‌رێی ره‌خساندنی ده‌رفه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان.

 نينوى الاستثماري (2)
ماتیۆ توله‌ر، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نه‌جم جبوری، پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا به‌شداربون فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

نه‌جم جبوری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا باسی له‌ وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕی تیرۆر كرد له‌ موسڵ و وتی "نه‌ینه‌وا روبه‌ڕوی ته‌حه‌ددی گه‌وره‌ بۆته‌وه‌ و پێویستی به‌ وه‌به‌رهێنان هه‌یه‌ تا بتوانێت جارێكیتر هه‌ستێته‌وه"‌.

جبوری دڵنیایی له‌ بارودۆخی ئه‌منی نه‌ینه‌وا دا، جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ به‌هاوكاری خه‌ڵك، چیتر نه‌ینه‌وا په‌ناگه‌یه‌ك نییه‌ بۆ تیرۆر و دانیشتوانه‌كه‌ی لایه‌نگری هێزه‌ ئه‌منییه‌كانن.

پارێزگاری نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت موسڵ شوێنێكی گونجاویشه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان و كار و قازانج، بۆ ئه‌وه‌ش نمونه‌ی كاری رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی هێنایه‌وه‌ له‌ شاره‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له‌ كه‌رتی نه‌وتدا پرۆژه‌یان هه‌یه‌ له‌ ناحیه‌ی گه‌یاره‌، داواشیكرد ئه‌مریكا پاڵپشتی بارودۆخی ئابوری نه‌ینه‌وا بكات بۆ ده‌رفه‌تی كار و تێپه‌ڕاندنی ته‌حه‌دییه‌كان.

كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وا بۆ وه‌به‌رهێنان به‌بڕی زیاتر له‌ 127 ملیۆن دۆلار ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنان ده‌ڕه‌خسێنێت.

 القديمة-6
نه‌ینه‌وا، 2019، وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕ له‌ شاری كۆن له‌ به‌ری راستی موسڵ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

جه‌مال واری، راوێژكاری پێشكه‌وتوو له‌ بانكی هاورده‌ و هه‌نارده‌(Exim Bank) ، ده‌ڵێت نه‌ینه‌وا زۆر گرنگه‌ بۆ عیراق و ناوچه‌كه‌ و جیهان، بۆیه‌ ئاوه‌دانی و وه‌به‌رهێنان له‌ پارێزگاكه‌دا پێویستییه‌، "دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا پاڵپشتی یه‌كه‌مه‌ بۆ ئاوه‌دانی له‌ جیهان و نه‌ینه‌واش له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ئاوه‌دانییه‌".

به‌بڕوای واری؛ كه‌رته‌كانی وزه‌، كشتوكاڵ، پیشه‌سازی و ژێرخانی سه‌ره‌كی له‌ پرۆژه‌ گرنگه‌كانی نه‌ینه‌وایه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌گه‌ڕبخرێنه‌وه‌ له‌ قۆناغی داهاتوودا به‌ هاوكاری هه‌مولایه‌ك.

ده‌زگاكانی پاڵپشتی كۆڕبه‌نده‌كه‌ پێكهاتون له‌ ژوری بازرگانی ئه‌مریكا له‌ عیراق، ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان، رێكخراوی یه‌زدا (رێكخراوێكی ئێزیدی نێوده‌وڵه‌تییه‌)، یه‌كێتی پیشه‌سازی عیراقی – ژوری بازرگانی نه‌ینه‌وا، دامه‌زراوه‌ی پێشخستنی بازاڕی عیراقی، رابیته‌ی بانكه‌ تایبه‌ته‌كانی عیراق، ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ نه‌ینه‌وا، ئه‌نجومه‌نی كاری ئه‌مریكی – عیراقی، له‌گه‌ڵ ده‌زگا میدیاییه‌كانی رادیۆ غه‌د، ئێزیدی 24، تۆڕی میدیایی عیراقی، (كه‌ركوك ناو)، رووداو و سه‌ما موسڵ.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT