لەهەرسێ پارێزگای كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە دژی زیادبونی چالاكییەكانی چەكدارانی داعش ئەنجامدەدرێن، ئەوەش دوای چەند هێرش و پەلامارێكی ئەو رێكخراوە بۆ سەر دەزگا ئەمنییەكان و هاوڵاتیانی مەدەنی دێت لەو پارێزگایانە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 7ی كانونی یەكەم، چەكدارانی داعش هێرشیانكردە سەر خاڵێكی پشكنینی حەشدی شەعبی لە گوندی دنادیش لە قەزاى حەویجە، بەهۆی روبەڕوبونەوەكانەوە، دوو چەكداری حەشد كوژران.
عەقید حسێن ئەبو چەلو، فەرماندەی لیوای ٥٦ی حەشدی شەعبی، بە (كەركوك ناو)ی وت "داعش بەسودوەرگرتن لە كەشوهەوایەكی باراناوی، هێرشەكەی ئەنجامداوە لەسەر پردی هۆرسفن، نزیكەی كاتژمێر روبەڕوبونەوە بووە و دوو چەكدارمان كوژراون".
دوو چەكدارەكە خەڵكی هەمان گوندن كە هێرشەكەی كراوەتەسەر.
شەوی پێنجشەممەش 5ی كانونی یەكەم، ژمارەیەك چەكدار، كە گوماندەكرێت داعش بن، هەلیانكوتایە سەر ماڵی مەنسور ئیبراهیم جبورى چالاكوانی مەدەنی، بەڵام زوو هێزە ئەمنییەكان گەیشتنە ناوچەكە و چەكدارەكان بەرەو شوێنی نادیار هەڵاتن. مەنسور ئیبراهیم، رۆژی دواتر، كاتێك بەرەو حەویجە رۆیشت بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلەكەیدا تەقییەوە و برینداربوو.
نیوەڕۆی هەینی 6ی كانونی یەكەم، تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە گەڕەكی پەنجا عەلی، بە مەفرەزەیەكی پۆلیسی فریاكەوتندا، بووەهۆی كوژرانی پۆلیسێك و برینداربونی یەكێكی تر.
ئەم روداوانەی كەركوك، هاوكاتە لەگەڵ زنجیرەیەك پەلاماری داعش بۆ سەر ناوچە جیاجاكانی دیالە و خانەقین. بەهۆیەوە هێزەكانی پێشمەرگە، حەشدی شەعبیی و مەدەنی كراونەتە ئامانج.
بەهۆیەوە وەزارەتی بەرگری عیراق، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ئۆپەراسیۆنێكی فراوانی لە ناوچە جیاجیاكانی پارێزگاكانی كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین دەستپێكرد.
لە ئۆپەراسیۆنەكەدا، سوپا، حەشدی شەعبیی و پۆلیس بە هاوكاری فڕۆكە بەشداریی دەكەن.