به‌دواداچونێكی ماڵپەڕی (كەركوك ناو)، دەبێته خاوەنی خەڵاتی سێیەم لە نێو دەیان بابەتی تری رۆژنامەوانیدا، ئەوەش لە پێشبڕكێیەكدا بۆ باشترین راپۆرتەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ.
پێشبڕكێیەكە تایبەت بوو بە باشترین راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ لە ساڵی 2019دا، دوای هەڵسەنگاندنی دەیان بابەتی پێشكەشكراو لەلایەن رۆژنامەنوسانەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی كانونی یه‌كه‌م براوەكانی یەكەم، دووەم و سێیەم لە مەراسیمێكدا لە قەزای كەلار راگەیەندرا.
بەپێی دەرەنجامەكان؛ به‌دواداچونێكی (كەركوك ناو) بوو بە خاوەنی خەڵاتی سێیه‌م، ئەوەش بە ناونیشانی (له دۆزه‌خی داعشه‌وه بۆ دیلی كۆمه‌ڵگه... رێنادرێت ژنانی ئێزیدی له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیاندا بژین) لە ئامادەكردنی عه‌مار عه‌زیز.
خەڵاتی یه‌كه‌می پێشبڕكێیەكە، بۆ راپۆرتێكی رووداو بوو له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئێزیدییه‌كان و خه‌ڵاتی دووه‌میش بۆ راپۆرتێكی كه‌ی ئێن ئێن بوو، له‌سه‌ر چیرۆكی ئه‌و زیندانییانه‌ی به له‌سێداره‌دان حوكمدراون.
ئه‌و پێشبڕكێیه چوار ساڵه به‌رده‌وامه و له‌مساڵدا، 34 رۆژنامه‌نووس له میدیا جیاوازه‌كانه‌وه به بابه‌تی رۆژنامه‌وانی نوسین و ڤیدیۆیی به‌شداربون، له‌رێی لیژنه‌یه‌كی سێ كه‌سییه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ راپۆرته‌كانیان كراوه.
یاسین تەها، رۆژنامەونووس و ئه‌ندامی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن به (كه‌ركوك ناو)ی وت ئه‌و راپۆرتانه‌ی په‌یوه‌ست بووه به مافه‌كانی مرۆڤه‌وه، نزیكییان له‌گه‌ڵ بڕگه و بابه‌ت و یاسا یاخود رۆژنامه‌گه‌ری مافه‌كانی مرۆڤدا هه‌بووه، چانسی هه‌ڵبژاردنیان زیاتر بووه، جگه له پێوه‌ره رۆژنامه‌وانییه‌كان له گێڕانه‌وه، داتا، تێروپڕی بابه‌ته‌كه و بهدواداونی ورد، لهبهرچاوگیراون له‌كاتی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌دا.
هه‌روه‌ها به پێویستی زانی ڕۆژنامەوانان له‌سه‌ر راپۆرتی مافه‌كانی مرۆڤ رابهێندرێن و بۆ به‌دواداچونه‌كه‌ی (كه‌ركوك ناو)یش وتی "داتای باش و زانیاری تێدابوو، گێڕانەوەی زۆر جوان بوو" ئه‌وه‌ش له باسی ژنانی رفێنراوی ئێزیدی و منداڵه‌كانیان دوای گه‌ڕانه‌وه و رزگاربون له داعش، كه جارێكی‌تر روبه‌ڕوی پێشێلكردنی مافه‌كانیان ده‌بنه‌وه.
پیشبڕكێیەكە لەلایەن رادیۆی دەنگ ـ رادیۆیەكی سەربەخۆیە لە شاری كەلارـ بە پاڵپشتی سندوقی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسیی NED رێكخرابوو، كە دامەزراوەیەكی قازانج نەویستە و ساڵی 1983 دامەزراوە، ئامانجی سەرەكی گەشەپێدانی دیموكراسییە لە سەرتاسەری جیهاندا.
محه‌مه‌د ره‌حیم، سەرپەرشتیاری پێشبڕكێكه ده‌ڵێت به‌شداربوانی ئه‌مساڵ له ساڵانی رابردوو زیاتر بووه و به (كه‌ركوك ناو)ی وت؛ پرۆژه‌كه‌یان هه‌نگاو و هاندانێكه بۆ رۆژنامەنووسان، له پێناو باشتركردنی راپۆرتی رۆژنامەوانی و گرنگیدان بە مافه‌كانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان.
پێشتر و له ساڵی 2017یشدا، دوو راپۆرتی ماڵپەڕی (كەركوك ناو)، بوون به خاوەنی خەڵاتەكانی یەكەم و سێیەم لە نێو دەیان بابەتی تری رۆژنامەوانیدا، له هه‌مان پێشبڕكێی باشترین راپۆرتەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ.
(كەركوك ناو) ماڵپەڕێكی ئەلكترۆنیی هەواڵییە، بایەخ بە بڵاوكردنەوەی ئەو رووداو و بابەتانە دەدات كە لە سنووری جوگرافیی "ناوچەی جێناكۆك"دا ڕوودەدەن، یان پەیوەندییان بەو سنورە جوگرافییەوە هەیە، ئەمەش بە ئاڕاستەی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لەم سنورەدا و ئاسانی دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی.
لە نیسانی 2011دا ماڵپەڕی (كەركوك ناو) دامەزراوە، بابەتەكانی بە چوار زمانی عەرەبی، كوردی، توركمانی و ئینگلیزی بڵاودەكاتەوە.