به‌شه‌ نه‌وتی 10 هه‌زار خێزان فه‌وتا

هه‌ولێر، دابه‌شكردنی نه‌وت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراقییه‌وه‌ به‌سه‌ر ئاواره‌كاندا فۆتۆ: راگه‌یاندنی وه‌زاره‌ت

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

نزیكه‌ی 10 هه‌زار خێزانیی ئاواره‌ له‌ وه‌رگرتنی به‌شه‌ نه‌وت بێبه‌ش ده‌بن، دوای ئه‌وه‌ی نه‌یانتوانی له‌ واده‌ی دیاریكراودا سوته‌مه‌نی وه‌ربگرن و كۆبۆنه‌كانیان سوتا.

له‌ كه‌مپی قه‌زای شێخان؛ كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ئاواره‌ی ئێزیدییه‌، واده‌ی دابه‌شكردنی نه‌وت به‌پێی كۆبۆن (كارت)ـی ژماره‌ هه‌شت كۆتاییهات و به‌وهۆیه‌وه‌، به‌شه‌ نه‌وتی نزیكه‌ی 10 هه‌زار خێزان فه‌وتا و له‌سه‌ر خه‌رجی خۆیان سوته‌مه‌نی ده‌كڕن.

"سوێند به‌خوا دوو ساڵە تەنیا 100 لیتر نەوتمان وەرگرتووە، كه‌ به‌شی یه‌م مانگ ده‌كات، چاوه‌ڕێی بوین به‌ كارتی ژماره‌ 8 نه‌وت وه‌ربگرین به‌ڵام به‌ پاساوی به‌سه‌رچونی كاته‌كه‌ی وتیان ئه‌و كارته‌ش سوتاوه‌، بۆیه‌ له‌ به‌شه‌ نه‌وت بێبه‌ش بوین" قاسم ره‌شۆ وای وت.

ره‌شۆ و خێزانه‌كه‌ی سێ ساڵه‌ له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین، پێشتر له‌ كه‌مپ بووه‌ و ئێستا چۆته‌ خانویه‌كی ته‌واونه‌كراوی شێخان، له‌ هه‌موو پێداویستییه‌كانی ژیان گرنگتر بۆ ئه‌و ئێستا سوته‌مه‌نییه‌، بۆیه‌ ئه‌مساڵ و به‌ پاره‌ی خۆی به‌رمیلێك نه‌وتی به‌ 139 هه‌زار دینار كڕیووه‌.

له‌ كه‌مپ و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا، زیاتر له‌ 700 هه‌زار ئاواره‌ هه‌یه‌ و زۆرینه‌ی خه‌ڵكی نه‌ینه‌وان، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم.

camp-3
دهۆك، 2019، كه‌مپی شاریا كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ئێزیدین فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

خەڵەف ئەمین خەلیل، موختاری گەڕەکی ئێزدییەکان لە ناحیەی باعەدرێ له‌ شێخان بە (کەرکوک ناو)ی وت "نزیکەی 10 هه‌زار کەس كۆبۆنی ژمارەی هەشت-یان هەبوو، هەمووی سوتا و بێبه‌ش بون له‌ نه‌وت، بۆیه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕێی مانگێكی تر بكه‌ن تا كارتی نوێی وه‌رگرتنی نه‌وت دابه‌شده‌كرێت"

یه‌كه‌مجار نییه‌ به‌شه‌ نه‌وتی ئاواره‌كان بفه‌وتێت، وه‌ك خه‌ڵه‌ف ده‌ڵێت؛ "هه‌ر جاره‌ و بیانویه‌‌ك ده‌دۆزنه‌وه، جارێك ده‌ڵێن ناوه‌كان ته‌واو نییه‌ یان كۆبۆن سوتاوه‌، خۆشیان نازانن چی ده‌كه‌ن، باشتره‌ به‌ یه‌كجاری بڵێن له‌مه‌ودوا نه‌وت دابه‌ش ناكه‌ین و ته‌واو".

ئاواره‌كان له‌ دوو سه‌رچاوه‌وه‌ نه‌وت وه‌رده‌گرن، وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران به‌ چه‌ند قۆناغێك و بێ به‌رانبه‌ر سوته‌مه‌نی دابه‌شده‌كه‌ن به‌ سه‌ریاندا، دوه‌میش له‌ رێی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی نه‌ینه‌واوه‌یه‌.

به‌سام محه‌مه‌د كه‌ریم، لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی دابه‌شكردنی سوته‌مه‌نی له‌ شێخان سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ژماره‌یه‌كی زۆر ئاواره‌ سه‌ردانی ئێمه‌یان كرد و وتویان‌ نه‌وتیان وه‌رنه‌گرتووه‌، دوا كاتیش بۆ به‌شه‌ سوته‌مه‌نی كۆبۆنی ژماره‌ هه‌شت تا 24ی تشرینی دوه‌م، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ هه‌فته‌یه‌ك واده‌كه‌مان درێژكرده‌وه‌".

"زۆرێك له‌ ئاواره‌كان خۆیان به‌ پاساوی نه‌بونی جلیكانه‌ و به‌رمیل سه‌ردانیان نه‌كردین بۆ وه‌رگرتنی نه‌وت، خۆ ناكرێت تا كۆتایی زستان چاوه‌ڕێیان بكه‌ین"، لێپرسراوه‌كه‌ی فه‌رمانگه‌ی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان ده‌ڵێت بڕیاره‌كان له‌ به‌غداوه‌ ده‌رده‌چن و ئه‌وان ته‌نیا جێبه‌جێكارن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی رویداوه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا نییه‌.

له‌به‌ر پێدانی به‌شه‌ نه‌وتدا به‌ ئاواره‌كان بۆ 100 لیتر بڕی 16 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت.

nawt-2
حكومه‌ت به‌ چه‌ند قۆناغێكی به‌شه‌ نه‌وتی زستانه‌ دابه‌شده‌كات فۆتۆ: سایتی عیراقییه‌ی حكومی

عامر عه‌بۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی ئاواره‌كانی شێخان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌شێك له‌ ئاواره‌كان كێشه‌ی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوه‌كانیان هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی به‌شه‌ سوته‌مه‌نی، یان ناوه‌كانیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ له‌ شنگال و ده‌بێت بچنه‌وه‌ ئه‌و قه‌زایه‌ بۆ وه‌رگرتنی نه‌وت، به‌شێكیشیان ئێمه‌ پشتگیرییه‌كیان بۆ ده‌نوسین تا له‌ شێخان نه‌وته‌كه‌ وه‌ربگرن، به‌ڵام ئێستا واده‌ی كاركردن به‌و كۆبۆنه‌ كۆتایی هاتووه‌ و له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه‌".

هه‌ر خێزانێكی ئاواره‌، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانه‌وه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا بڕی ته‌نیا 40 لیتر نه‌وتی پێده‌درێت، دواتر له‌ قۆناغی دوه‌مدا 100 لیتر و قۆناغی سێیه‌میش هه‌ر خێزانێك 60 لیتر نه‌وت وه‌رده‌گرێت.

شوێنی نیشته‌جێبونی ئاواره‌كان به‌ تایبه‌ت له‌ دهۆك و ناوچه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان، ساردتره‌ به‌راورد به‌ پارێزگاكانی عیراق و سوته‌مه‌نی زیاتریان ده‌وێت.

هه‌رچه‌نده‌ زۆرینه‌ی ئاواره‌كان پێنج ساڵ به‌سه‌ر هه‌ڵاتنیاندا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام به‌چه‌ند هۆكارێك ئاماده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان نین، له‌ نێویاندا خراپی بارودۆخی ئه‌منی و نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و خاپوربونی خانووه‌كانیان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT