هێشتا به‌ده‌ست برینه‌كانی سه‌رده‌می داعشه‌وه ده‌ناڵێنن، زۆرێكیان له ئاواره‌ییدا ماونه‌ته‌وه و هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر بێسه‌روشوێنه‌كانیان نییه، له 85 كه‌نیسه‌ی خاپور و داڕوخاویشدا، كه‌مترینیان نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه و مه‌راسیمیی ئایینی تێداده‌كرێت.
كریستیانه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، تا دێت ژماره‌یان كه‌متر ده‌بێته‌وه و ساڵانه هه‌زاران خێزان روده‌كه‌نه وڵاتانی تری دراوسێی عیراق و ئه‌وروپا، به‌هۆی نه‌بونی پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانیی، خزمه‌تگوزاری له ناوچه كۆنتڕۆڵكراوه‌كان و مه‌ترسیی ئه‌منی.
هه‌زاران خێزانی كریستیانی هێشتا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی کاروباری کریستیانه‌کان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌كاتێكدایه ئه‌وانه‌یشی گه‌ڕاونه‌ته‌وه گله‌یی ده‌كه‌ن له كه‌می خزمه‌تگوزاریی و ئاوه‌داننه‌كردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان، له نێویاندا كه‌نیسه و شوێنی ئاینیی.
"گرنگ ئه‌وه‌یه له‌نێو زێدی خۆمان ده‌ژین، ورده‌ورده ئاواره كریستیانه‌كانیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام هێشتا رێژه‌ی گه‌ڕانه‌وه كه‌مه،به‌هۆی كه‌می خزمه‌تگۆزاریی" حه‌نان تۆما بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
داواشی له رێكخراوه‌كان و حكومه‌تی عیراقی كرد، په‌له بكه‌ن له ئاوه‌دانی و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كه‌نیسه‌كان.
حه‌نان تۆما، ژنێكی كریستیانییه و له 2017وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ناحیه‌ی به‌رتڵه له ده‌شتی نه‌ینه‌وا، "ئێستا به ئارامی له‌گه‌ڵ برایانی شه‌به‌ك و موسڵمان ده‌ژین، كێشه‌ی ئه‌منی روینه‌داوه، به‌ڵام خزمه‌تگوزارییمان نییه".
داعش له ناوه‌ڕاستی 2014 كاتێك موسڵی كۆنترۆڵكرد، سێ بژارده‌ی خستە بەردەم کرستیانەکان ئەوانیش بون بە ئیسلام، پێدانی جزیە یان جێهێشتنی ماڵەکانیان، بۆیە 136 هه‌زار كه‌سیان له‌و پارێزگایه بە ناچاری ئاوارەی هه‌رێمی كوردستان یان دەرەوەی وڵات بون.
له 8ی كانونی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، كه‌نیسه‌ی به‌شاره له به‌ری چه‌پی شاری موسڵ كرایه‌وه، دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به هاوكاری كه‌نیسه‌یه‌كی فه‌ره‌نسی.
نه‌جم عه‌بدوڵا، پارێزگاری نه‌ینه‌وا له مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی كه‌نیسه‌كه‌دا جه‌ختیكرده‌وه له پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتی و هه‌وڵه‌كانی دوباره ئاوه‌دانی، تا ببێته هانده‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوڵاتیانی كریستیانی.
كردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌نیسه هاوكاته له‌گه‌ڵ ئاماده‌كارییه‌كانی جەژنی لە دایكبونی حەزرەتی مەسیح، كه دوەم گەورەترین بۆنەی ئاینی كریستیانەكانە دوای جەژنی قیامە، لەو بۆنەیەدا كە شەوی 24ی مانگی 12 دەستپێدەكات تا رۆژی 25ی هەمان مانگ، هاوڵاتیان بە پێدانی دیاری، دانانی داری لە دایكبون، دەركەوتنی كەسایەتی بابانوئێل، ئێوارەخوان و كۆبونەوەی خێزانی رێكده‌خه‌ن.
"له كۆی زیاتر له 30 كه‌نیسه له موسڵ، ته‌نیا دوو كه‌نیسه نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش به‌رنامه‌مان هه‌یه له‌گه‌ڵ یونسكۆ و هه‌ندێك له وڵاتی رۆژئاوا و ئیماراتی عه‌ره‌بی تا ته‌واوی كه‌نیسه‌كان نۆژه‌نبكه‌ینه‌وه" ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی ئه‌لئه‌براید عادل كه‌لو، لێپرسراوی كه‌نیسه‌كانی كلدانی (سریانی) له نه‌ینه‌وا.
هه‌روه‌ها وتی "كێشه‌ی ئه‌منی له‌كاتی ئه‌نجامدانی رێورڕ‌سمه‌كانی ئایینی ڕوینه‌داوه و كریستیانه‌كانیش به روحێكی ئیمانی زۆر به‌هێزه‌وه به‌شدارده‌بن".
ئه‌لئه‌براید عادل كه‌لو ده‌ڵێت كه‌می خزمه‌تگوزاری و نه‌بونی ئاوه‌دانی به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كین له به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كاندا.
بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی کرستیانەکانی عیراق، لە ملیۆنێک و 500 هەزار کەسەوە بۆ 200-300 هەزار کەس کەمبۆتەوه.
عەبدولکەریم مەتا بۆترس، بەڕێوەبەری ئەوقافی کریستیانی و ئێزیدی و سابیئە لە دەشتی نەینەوا بە (کەرکوک ناو)ی وت "كردنه‌وه‌ی كه‌نیسه‌كه‌ی به‌ری چه‌پی موسڵ هه‌نگاوێكی دڵخۆشكه‌ره و هانی ئاواره‌كان ده‌دات بۆ گه‌ڕانه‌وه".
له به‌ری چه‌پی موسڵ تائێستا دوو كه‌نیسه نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه، دوو كه‌نیسه له قه‌ره‌قوش، كه‌نیسه‌یه‌ك له به‌رتڵه و كه‌نیسه‌یه‌ك له باشیك ئاوه‌دانكراونه‌ته‌وه، به‌وته‌ی بۆترس.
"بەداخەوە حکومەتی عیراق پارەیەکی زۆر کەمی خەرجکردوە بۆ نۆژەنکردنەوەی کەنیسە و شوێنە پیرۆزەکانی کریستیان، ئه‌وه‌ی خه‌رجكراوه‌ش تەنها بۆ چاککردنەوەی کارەبای کەنیسە و بۆیاغکردنیان بووه، چونكه نۆژه‌نكردنه‌وه رێکخراوەکانی فەرەنسا ئه‌نجامیانداوه".
بەڕێوەبەری ئەوقافی کریستیانی و ئێزیدی و سابیئە لە دەشتی نەینەوا باسی له‌وه‌شكرد داعش سه‌دا 70ی كه‌نیسه و شوێنه پیرۆزه‌كانی كریستیانی وێران كردووه.
له هه‌رێمی كوردستان، زیاتر له 700 هه‌زار ئاواره هه‌یه و زۆرینه‌یان خه‌ڵكی نه‌ینه‌وان، له‌و ژماره‌یه سه‌دا 7ی له پێكهاته‌ی كریستیانن، به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم.
خالید جه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری كریستیانه‌كان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "85 كه‌نیسه زیانیان به‌ركه‌وتووه، به وێرانبون و دزینی كه‌لوپه‌له‌كانیانه‌وه، ئه‌وه‌ش 42 یان له هه‌ردوو به‌ری راست و چه‌پی موسڵ، 43یشیان ده‌كه‌ونه ده‌شتی نه‌ینه‌وا، له‌گه‌ڵ سێ گۆڕستان كه به‌شێكیان تێكدراون".
به‌پێی راپۆرتێكی ساڵی 2018، وه‌ك خالید جه‌مال ئاماژه‌ی به ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی دا، 24 هه‌زار و 964 خێزان به‌ره‌و وڵاتانی تر له نێویاندا توركیا، ئوردن و لوبنان كۆچیان كردووه، جگه له‌وه‌ش، 62 كریستیانی بێسه‌روشوێنن، كه 18یان له ره‌گه‌زی مێ و 44یان له ره‌گه‌زی نێر بوون.
ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا، له به‌رنامه‌یدایه بۆ هاندانی گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك، به تایبه‌ت پێكهاته‌كان شوێنه پیرۆزه ئایینییه‌كان نۆژه‌نبكاته‌وه.
زوهێر ئەعرەجی، قایمقامی قەزای ناوه‌ندی موسڵ بە(کەرکوک ناو)ی وت "گرنگییه‌كی زۆر دراوه به نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كه‌نیسه و شوێنه ئاینییه‌كانی كریستیانی، هه‌ماهه‌نگییه‌كی باشمان هه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وه‌قفی كریستیانی و پیاوانی ئاینیی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش، تا رێكخراو و یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌شداربن له ئاوه‌دانیدا".
به‌وته‌ی زوهێر تائێستا سێ كه‌نیسه له موسڵ نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه، وه‌ك به‌ڵێنیان پێدراوه، به تایبه‌ت له‌رێی یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه، دوو كه‌نیسه‌ی دیكه نۆژه‌نبكرێنه‌وه، له‌وه‌شدا ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا هه‌وڵیداوه جیاوازی له نێوان پێكهاته‌كاندا نه‌كات و به ئاست خزمه‌تگوزارییان پێشكه‌شبكات.