به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، جارێكی‌تر واده‌ی بۆ راگه‌یاندنی ناوی دامهزرێنراوان دانا و بڕیاره له پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو تێنه‌په‌ڕێت، ئه‌وه‌ش له وه‌ڵامی گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی وانه‌بێژاندا.
ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه 23ی كانونی یه‌كه‌م له به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، ژماره‌یه‌ك له مامۆستایانی وانه‌بێژ بۆ جاری دووه‌م گردبونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا و داوایانكرد، په‌له بكرێت له راگه‌یاندنی ناوی دامهزرێنراوان، به‌بێ ده‌ستتێوه‌ردانی حزبی و واسیته.
"بارودۆخمان زۆر خراپه، بۆیه داواكارین به زوترین كات ناوی دامهزرێنراوهكان ئاشكرابكرێت، تا به ئاوات بگه‌ین و لانیكه‌م بتوانین به‌و موچه‌یه‌ی وه‌ری ده‌گرن بتوانم ژیانمان به‌ڕێبكه‌ین" زه‌ینه‌ب عه‌لی وای وت.
زه‌ینه‌ب كه یه‌كێك بوو له به‌شداربوانی گردبونه‌وه‌كه‌ی كه‌ركوك، 9 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كۆلێژی ئه‌ندازیاری مه‌ده‌نی ته‌واو كردووه و سێ ساڵه وانه‌بێژه له خوێندنگه‌یه‌ك به دوری سێ كیلۆمه‌تر له ماڵه‌كه‌ی، ئه‌و دایكی چوار منداڵه و هاوسه‌ره‌كه‌ی كه پۆلیس بووه، چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به ته‌قینه‌وه گیانی له‌ده‌ستداوه.
"زۆر پێویستم به دامه‌زراندن هه‌یه، منداڵه‌كانم گه‌وره بون و له خوێندنگه‌ن، یه‌كێكیان تالاسیمایهتی و ده‌بێت مانگانه بچینه نه‌خۆشخانه تا خوێن وه‌ربگرێت".
وانه‌بێژانی كه‌ركوك هه‌فته‌ی رابردوش له گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕازیدا داوای راگه‌یاندنی ناوی دامهزرێنراوانیان كرد.
عه‌بد عه‌لی توعمه، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك له وه‌ڵامی داواكاری وانه‌بێژاندا به (كه‌ركوك ناو) و ژماره‌یه‌ك میدیای تری وت "ته‌واوی كاره‌كانی پرۆسه‌ی دامه‌زراندن ته‌واو بووه و پێنجشه‌ممه تا كۆتایی كاتی ده‌وام ناوه‌كان راده‌گه‌یه‌نین".
به‌وته‌ی به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده پێنجشه‌ممه 26ی كانونی یه‌كه‌م ناوی ئه‌وانه‌ی داده‌مه‌زرێن و ئه‌وانه‌یشی ناوه‌كانیان ره‌تكراوه‌ته‌وه بڵاوده‌كرێنه‌وه.
به‌پێی یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ و له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، له 27ی ئاب به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی ده‌ستپێكرد بۆ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 841 كه‌س له مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر، كارگوزار و پله وه‌زیفییه‌كانی تر، تا 15ی ئه‌یلول پرۆسه‌كه به‌رده‌وامی هه‌بوو.
له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له 84 هه‌زار كه‌س فۆڕمی بۆ دامه‌زراندنه‌كه پڕكرده‌وه، كه سه‌دا 60ی بۆ نێر و سه‌دا 40ی بۆ مێ ته‌رخانكراوه، به پێی خاڵ و له‌سه‌ر شه‌ش بنه‌ما دامهزرێنراوان هه‌ڵده‌بژێردرێن.
ئەمجەد مەحمود، به‌شداربویه‌كی گردبونه‌وه‌كه‌ی كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هەندێكجار رەفیقەكانم وەك گاڵەتپێكردن پێیانوتوم تۆ وانەبێژی خۆڕاییت خۆ بۆ مزگەوتی ناكەیت وا بە جدی دەوام دەكەیت، بۆیه چیتر توانا‌مان نەما پێویستە بەزوترین كات ناوەكان ئاشكرابكرێت و دابمه‌زرێین".
ئه‌و گه‌نجه ده‌رچووی جیولۆجی به‌شی نەوته، چه‌ند ساڵێكه له گوندێكی ده‌ره‌وه‌ی شار وانه ده‌ڵێته‌وه، به‌بێ دابڕان، زیاتر له دوو مانگیشه چاوه‌ڕێی دامه‌زراندنه.
له چه‌ند مانگی رابردودا، زیاد له جارێك كات بۆ راگه‌یاندنی ناوی دامه‌زراوانی كه‌ركوك دانراوه و له دوایین به‌ڵێنیشدا، په‌روه‌رده بڕیاریدابوو تا 17ی كانونی یه‌كه‌م ناوه‌كان ئاشكرابكات، به‌ڵام نه‌كرا و واده‌كه دواخرا.
به‌وته‌ی لێپرسراوانی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، مه‌ترسی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی دامه‌زراندنه‌كه كرد ئه‌گه‌ر راگه‌یاندنی ناوه‌كان و ده‌ستبه‌كاربونیان زیاتر دوابكه‌وێت، به‌وپێیه‌ی ده‌كه‌وێته ساڵی نوێ و كار به یاسای بودجه‌ی 2019 ناكرێت.
له ساڵی 2013وه، په‌روه‌رده‌ی گشتی كه‌ركوك ده‌رچوانی كۆلێژ و په‌یمانگاكانی دانه‌مه‌زراندووه، له ئێستاشدا هه‌زاران كه‌س چاوه‌ڕێی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌كه‌ن و ده‌یانجار ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیووه، ئه‌وه‌ش له هه‌موو به‌شه‌كانی خوێندنی كوردی، عه‌ره‌بی، توركمانی و سریانی.