ژماره‌یه‌ك له ده‌رچوانی ئه‌ندازیاری له كه‌ركوك، خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا و داوایانكرد دابمه‌زرێندرێن، ئه‌وه‌ش له پرۆسه‌یه‌كی دادپه‌روه‌ر و به‌بێ واسیته.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 24ی كانونی یه‌كه‌م له به‌رده‌م بینای پارێزگای كه‌ركوك، ده‌رچوانی كۆلێژه‌كانی ئه‌ندازیاری مانگرتنی كاتی‌یان تا دوانیوه‌ڕۆ راگه‌یاند، تا ئه‌وكاته‌ی وه‌ڵامی داواكارییه‌كانیان ده‌درێته‌وه له‌باره‌ی دامه‌زراندنه‌وه.
عه‌بیر فازڵ، ده‌رچوی كۆلێژی ئه‌ندازیاری كاره‌بایه و بۆ دامه‌زراندن به‌شداری ناڕه‌زاییه‌كه‌ی كردووه، ده‌ڵێت ئه‌وانیش وه‌ك شوێنه‌كانی تر، به تایبه‌ت كه‌رتی په‌روه‌رده، مافی خۆیانه له شوێنێكدا جێگیربكرێن و خزمه‌ت بكه‌ن، "با ئاوڕێك له ئێمه بده‌نه‌وه".
به‌پێی یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك دوو هه‌زار و 841 كه‌س داده‌مه‌زرێنێت، كه 84 هه‌زار كه‌س فۆڕمیان بۆ پڕكردۆته‌وه و هێشتا ناوی دامهزرێنراوان بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه.
شەیدا سعود محەمەد، یه‌كێكی تر بوو له ناڕه‌زاییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، ئه‌و له 2012ـه‌وه ئه‌ندازیاری كیمیای ته‌واو كردووه و هاوسه‌ره‌كه‌یشی ده‌رچوی 2013ـه‌یه، به‌ڵام كه‌سیان دانه‌مه‌زرێنراون.
"دوایین دامه‌زراندن بۆ كۆمپانیای نه‌وت ته‌نیا 13 كه‌س به‌ر كه‌ركوك كه‌وت، له كاتی دامهزراندنهكهشدا شه‌ش له‌و كه‌سانه‌ی سودمه‌ند بون خه‌ڵكی شاره‌كه بون، به گشتی پرۆسه‌كه واسیته‌ی تێدابوو".
شه‌یدا ئه‌وه‌شی به (كه‌ركوك ناو) وت "له كه‌ركوك كۆمپانیای نه‌وتی باكور، گازی باكور، دوو وێستگه‌ی مه‌لا عه‌بدوڵا و تازه هه‌یه، فایل و زانیارییمان بۆ دامه‌زراندن پێشكه‌شی هه‌مویان كردوه، به‌ڵام هیچ شوێنێك نییه بۆ ئێمه و بێ كار ماوینه‌ته‌وه".
هه‌ر بۆ دامه‌زراندن و له شاری كه‌ركوك، ده‌یان مامۆستای وانه‌بێژ دوێنێ دوشه‌ممه بۆ جاری دووه‌م گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا.
پێشتریش زۆرینه‌ی ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی كه‌ركوك، به به‌شه جیاوازه‌كانه‌وه، زیاد له جارێك گردبونه‌وه و خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا، تا له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقییه‌وه دابمه‌زرێندرێن.