له قه‌زای شنگال، فه‌رمانگه‌ی هاتوچۆ نییه و له هیچ ناوچه‌یه‌كی سنوره‌كه‌شدا پۆلیسی هاتوچۆ نابینیرێت، بۆیه زۆرینه‌ی شۆفێران به‌بێ مۆڵه‌ت ئۆتۆمبێل لێده‌خۆڕن و له كاتی روداوه‌كانی پێكدادانیشدا، دوور له رێكاری یاسایی خه‌ڵك له نێو خۆیاندا رێكده‌كه‌ون.
قه‌زای شنگال، كه دانیشتوانه‌كه‌ی به‌ر له هێرشه‌كانی داعش نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌س بوو، تائێستا فه‌رمانگه‌ی پۆلیسی هاتوچۆی تێدا نییه و بۆ هه‌ر كارێكی په‌یوه‌ست به هاتوچۆ، پێویسته خه‌ڵك بچێته قه‌زاكانی تر یان شاری موسڵی ناوه‌ندی پارێزگای نه‌ینه‌وا.
"ناتوانین بۆ كاروباری هاتوچۆ سه‌ردانی موسڵ بكه‌ین، هه‌م قورسه و هه‌میش رێگایه‌كی دووره، كه خه‌رجییه‌كی زۆری ده‌وێت" ریهام حه‌سه‌ن وای وت، كه دوو ساڵه به‌بێ مۆڵه‌ت له شنگال شۆفێری ده‌كات.
مۆڵه‌تی شوفێریم نییه، سه‌دان كه‌سی دیكه‌ش وه‌ك من بێ مۆڵه‌تن
ئه‌و كچه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "مۆڵه‌تی شوفێریم نییه، سه‌دان كه‌سی دیكه‌ش وه‌ك من بێ مۆڵه‌تن، ده‌زانین نابێت به‌بێ مۆڵه‌ت ئوتۆمبێل بهاژوین به‌ڵام هیچ رێگه‌ی ترمان نییه، خۆ چاوه‌ڕێی ئه‌وه ناكه‌ین تا فه‌رمانگه‌ی هاتوچۆ له قه‌زاكه‌ماندا بكرێته‌وه، ئێمه‌ش رۆژانه بۆ راییكردنی كاره‌كانمان پێویستمان به ئۆتۆمبێل هه‌یه".
ریهام له‌و دوو ساڵه توشی هیچ روداوێكی هاتوچۆ نه‌بووه، له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ی هاتوچۆدا، ئاماده‌یه ده‌ستبه‌جێ مامه‌ڵه‌ی وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت بكات.
له ئێستادا قه‌زای شنگال دوو ئیداره‌ی هه‌یه، یه‌كێكیان له نێو قه‌زاكه‌دایه و ئه‌ویتریان كه مۆری ئیداره‌دانی لایه و قسه‌ی ده‌ڕوات، له پارێزگای دهۆك ماونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش هۆكارێكه بۆ سستی له كاروباری ئیداری و نه‌بونی ته‌واوی فه‌رمانگه حكومییه‌كان.
"تائێستا دووجار توشی روداوی هاتوچۆ بوم، هبه‌ڵام هه‌ر له‌نێو خۆماندا گه‌یشتوینه‌ته رێككه‌وتن به‌بێ ئاماده‌بوونی لایه‌نێكی حكومی، هه‌ندێكجاریش كێشه‌كه گه‌وره ده‌بێت" قادو مچۆ واده‌ڵێت.
قادو گه‌نجێكی نیشته‌جێی قه‌زای شنگاله و زۆرنیه فێری شۆفێری بووه، به‌ڵام مۆڵه‌تی نیه، "ئێستا رۆژانه له‌نێو شنگال ئۆتۆمبێل لێده‌خۆڕم به‌بێ مۆڵه‌ت، نیازم هه‌یه سه‌ردانی هاتوچۆی نه‌ینه‌وا بكه‌م ده‌ركردنی مۆڵه‌ت چونكه شوێنێكی ترمان نیه روی تێبكه‌ین".
به‌وته‌ی ئه‌و، نه‌بونی هاتوچۆ، بۆته هۆی زیادبونی روداوه‌كانی هاتوچۆش، چونكه رێكاری یاسایی، رێنمایی و سزا نییه.
قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییه‌وه سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، جگه له دوو ئیداره، لایه‌نی دیكه هه‌وڵده‌دات له ئیداره‌دانی سنوره‌كه‌دا رۆڵیان هه‌بێت.
سه‌دا 80ی شۆفێرانی شنگال مۆڵه‌تیان نییه و زۆرینه‌ی ئۆتۆمبێله‌كان بێ ژماره‌ن
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ری دیموكراتی، كه لایه‌نه‌كانی نزیك له پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) خاوه‌ندارێتی ده‌كه‌ن وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی شنگال، له قه‌زاكه‌دا ژماره‌یه‌ك كه‌سی راسپاردوه ئه‌ركی پۆلیسی هاتوچۆ له ئه‌ستۆبگرن، وه‌ك خۆبه‌خش.
عه‌لی حسێن، لێپرسراوی هۆبه‌ی هاتوچۆی سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر له ناحیه‌ی سنونێی شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "نزیكه‌ی 40 پۆلیسی هاتوچۆمان هه‌یه، كه دابەشکراون به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كانی قه‌زاكه‌دا، بێ وه‌رگرتنی هیچ موچه‌یه‌ك خزمه‌ت ده‌كه‌ن".
پۆلیسه‌كانی ئه‌و هۆبه‌یه، سه‌ر به هیچ لایه‌نێكی فه‌رمی ئیداری نین، له‌به‌رانبه‌ر سه‌رپێچی شۆفێرانیشدا هیچ سزایه‌كی دارایی وه‌رناگرن، ته‌نیا بۆ چه‌ند رۆژێك ده‌ستبه‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا ده‌گرن، به‌وته‌ی حسێن.
هه‌روه‌ها وتی "سه‌دا 80ی شۆفێرانی شنگال مۆڵه‌تیان نییه و زۆرینه‌ی ئۆتۆمبێله‌كان بێ ژماره‌ن، ئه‌وه‌ش دوو كێشه‌ی سه‌ره‌كین له قه‌زاكه‌دا".
(كه‌ركوك ناو) په‌یوه‌ندی كرد به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتوچۆی نه‌ینه‌واوه، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بون هیچ لێدوانێك بده‌ن و ته‌نیا ئاماژه‌یان به‌وه‌دا، فه‌رمانگه‌ی هاتوچۆ له قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر (خۆرئاوای نه‌ینه‌وا) هه‌یه و نزیكترین شوێنه له شنگاله‌وه.
فه‌هد حامد، قایمقامی قه‌زای شنگال به وه‌كاله‌ت -كه ئیداره‌كه‌یان له ناوه‌ندی قه‌زاكه‌دایه به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی نه‌ینه‌وا دان به ده‌سه‌ڵاتیاندا نانرێت- به (كه‌ركوك ناو)ی وت "داوای كردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ی هاتوچۆمان له لێپرسراوانی نه‌ینه‌وا و به‌غدا كردوه، به‌ڵام گرنگی به داواكارییه‌كه‌ی ئێمه ناده‌ن، بۆیه تائێستا له شنگال هیچ پۆلیسێكی هاتوچۆ نییه و ئه‌وانه‌یشی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل رێكده‌خه‌ن، له‌لایه‌ن یه‌به‌شه‌وه دانراون له سنونێ و فه‌رمی نین".
ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد له 12 فه‌رمانگه‌ی حكومی، له دوای كۆتایی داعشه‌وه، ته‌نیا چوار فه‌رمانگه كاره‌كانیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ شنگال،
قه‌زای شنگال له ئابی 2014دا كه‌وته ده‌ستی داعش و دوای ساڵێك كۆنتڕۆڵكرایه‌وه.
"فه‌رمانگه‌كانی ئاو، کارەبا، کشتوکاڵ، شارەوانی و تەندروستی جارێكی‌تر کراونه‌ته‌وه، به‌ڵام زۆر فه‌رمانگه‌ی تری گرنگ، له نێویاندا دادگا و باری شارستانی نه‌كراونه‌ته‌وه و زۆریش پێویستن، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵێنێك هه‌بێت بۆ دوباره كردنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رمانگه حكومییانه" فه‌هد حامد واده‌ڵێت.
دوای چه‌ند ساڵێك له دورخستنه‌وه‌ی ده‌ستی داعش و شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه، كه زیانی زۆری گیانی و ماددی پێگه‌یاند، هێشتا هه‌زاران خێزانی شنگال له ئاواره‌ییدا ده‌ژین و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، به‌هۆی وێرانكاریی و نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه.