نوری سه‌باح دلێمی، وه‌زیری پلاندانانی عیراق ستایشی ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك ده‌كات له ئه‌نجامدانی پرۆژه و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار، پێشیوایه به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه هه‌وڵده‌ده‌ن خزمه‌تگوزاریی به ته‌واوی گه‌ڕه‌كه‌كان بگه‌یه‌نن.
وته‌كانی وه‌زیری پلاندانان، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هات له‌گه‌ڵ راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به وه‌كاله‌ت، دوای ئه‌وه‌ی یه‌كشه‌ممه 29ی كانونی یه‌كه‌م سه‌ردانی ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری كرد له شاره‌كه‌دا.
نوری دلێمی وتی "كه‌ركوك شاری برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانه، بینیمان ئیداره‌ی كه‌ركوك چۆن كارده‌كه‌ن و به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه خزمه‌تگوزاری به هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌كانی شار و ناوچه‌كانی تر بگه‌یه‌نن".
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه ژماره‌یه‌ك گه‌ڕه‌كی شاری كەركوك، كه لە دوای روخانی رژێمی بەعس لەساڵی 2003ه‌وه بەشێوەی زیادەڕۆ دروستكراون، له زۆرینه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانی سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌ك شه‌قام و ئاوه‌ڕۆ بێبه‌شن و له پلانی ئه‌مساڵی ئیداره‌ی پارێزگاشدا نییه پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزارییان بۆ ئه‌نجامبدات.
په‌نجا عه‌لی، باروتخانه، فه‌یله‌ق و چه‌ندین گه‌ڕه‌كی تری ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك، زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له ئاواره و راگوازراوانی شاره‌كه پێكهاتون، كه دوای نه‌مانی رژێمی به‌عس گه‌ڕاونه‌ته‌وه له چوارچێوه‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراقی‌دا.
"ئێمه دڵنیاین ئیداره‌ی كه‌ركوك به روحیه‌تێكی به‌رزه‌وه كارده‌كات بۆ خزمه‌تی شاره‌كه وره‌خساندنی هه‌لیكار بۆ هاوڵاتییانی، بۆیه وه‌ك وه‌زاره‌ت سوپاسی پارێزگار و تیمه‌كه‌ی ده‌كه‌ین".
وه‌زیری پلاندانان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا له سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ كه‌ركوك دوو كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبونی كردۆته‌وه له باكور و باشوری پارێزگاكه، كه 300 یه‌كه له خۆده‌گرێت، له‌گه‌ڵ دانانی به‌ردی بناغه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له 120 یه‌كه‌ی نیشته‌جێبون.
به‌پێی ئاماره‌كانی ئیداره‌ی كه‌ركوك، بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی 2019ی پارێزگاكه ده‌گاته 450 ملیار دینار، جگه له 51 ملیار دیناری پاره‌ی پترۆدۆلار، ئه‌وه‌ش به‌پێی پلانێكی داڕێژراو بڕیاره له نزیكه‌ی 430 پرۆژه‌دا خه‌رجبكرێت.
راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به وه‌كاله‌ت له كۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ وه‌زیری پلاندانان وتی "به‌پێی پلانی 2019 هیچ شه‌قام و رێگایه‌ك نامێنێت خزمه‌تگوزاری پێنه‌گات، 116 خوێندنگه بنیاتده‌نرێت، له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌ی ئیتاڵی له قه‌زاكانی حه‌ویجه، دوبز و داقوق، جگه له نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پرد و رێگه سه‌ره‌كییه‌كان".
هه‌روه‌ها داوایكرد وه‌زاره‌ت هه‌وڵبدات تا به‌زویی فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوك بكرێته‌وه.