راكان سەعید دەستبەكاربونی بەڕێوەبەرە نوێیەكانی كەركوكی راگرت

دیمەنێكی كەركوك، ناوەندی شار فۆتۆ: كەركوك ناو

سۆران محەمەد - كەركوك

لە كۆی چوار بەڕێوەبەری كەركوك كە لەبەغداوە بریاری دەستبەكاربونیان هەیە، سیانیان هێشتا دەوامیان نەكردووە، ئەوەش بەهۆی رێگرییەكانی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت.

ئەو چوار بەڕێوەبەرە (فەرمانگەی ئاوەڕۆ، بەڕێوەبەری شارەوانییەكان، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك و فەرمانگەی ئاو)، لە 30ی كانونی یەكەم لەلایەن پەنگین رێكانی، وەزیری ئاودانکردنەوە و نیشتەجێبون و شارەوانییەکانی عیراق بڕیاری گۆڕینیان دراوە و چوار كەسی نوێ لە شوێنیان دانراوە، بەڵام تا ئەمڕۆ سێشەممە 7ی كانونی دووە م سیانیان دەستبەكارنەبون و یەكێكیشیان بەربەستی بۆ دروستكراوە.

زاگرۆز جان وەلی، بەڕێوەبەری نوێی فەرمانگەی ئاوەڕۆی کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "هێشتا دەستبەكارنەبوم، چونكە ئیدارەی كەركوك لەو گۆڕانكارییانە رازی نییە، بڕیارە ئەمڕۆ پارێزگاری كەركوك ئەو پرسە لەگەڵ پەنگین رێكانی، وەزیری شارەوانییەکانی عیراق تاوتوێ بكات و دواتر بڕیار لەسەر داهاتوی ئێمە دەدرێت".

دەستبەكارنەبوم، چونكە ئیدارەی كەركوك لەو گۆڕانكارییانە رازی نییە، بڕیارە ئەمڕۆ پارێزگاری كەركوك ئەو پرسە لەگەڵ پەنگین رێكانی، وەزیری شارەوانییەکانی عیراق تاوتوێ بكات

پێشتر زاگرۆز جان وەلی، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەبڕیاری وەزارەت و لە 30ی كانونی یەكەمەوە دەبوو دەستبەكاربین، بەڵام بەهۆی فشاری هێزە ئەمنییەکانەوە نەمانتوانی دەوامبکەین"، زیاتر وتی "من خۆم فشارم لەسەر بوو و لەبەر هێزە ئەمنییەكان دەستبەكارنەبوم".

rakan-3
راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت فۆتۆ: كەركوك ناو

 

زاگرۆز كوردە و لە شوێنی ناسیح  فاتیح  وەكو بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوەڕۆ دەستبەكاربووە، كە ئەویش لەهەمان نەتەوەیە.

هەریەكە لە نینوس شەمعون کورکیس لە پێكهاتەی كریستیانی و بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی کەرکوک لە پۆستەکەی لابراوە و لەبری ئەو  ئاری محەمەد دانراوە، ئەمەی دواییان كوردە.

هەروەها نەجم سەعد محەمەد، لە پۆستی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی کەرکوک لابراوە و لەبری ئەو عەباس مەحمود دانراوە. كە هەردوكیان توركمانن. بەڵام ئەوانیش هێشتا دەستبەكارنەبون.

پەنگین رێكانی، لە پشكی كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبون و شارەوانییەكانی عیراقە و بڕیاری ئەو گۆڕانكارییانەی داوە.

لەبارەی زانیاریی زیاتر لەسەر كۆبونەوەی نێوان، راكان سەعید و پەنگین رێكانی، بەڕێوەبەری نوێی فەرمانگەی ئاوەڕۆی کەرکوک وتی كە ئەوانیش نازانن كۆبونەوەكە لە كوێ دەكرێت، بەڵام پێیانوتراوە چاوەڕێی ئەنجامی ئەو كۆبونەوەیە بكەن بۆ دەستبەكاربون.

faraidun
فەرەیدون عادل، بەڕێوەبەری نوێی شارەوانی كەركوك فۆتۆ: پەیجی شارەوانی لە فەیسبوك

هەفتەی رابردوو، سەرچاوەیەك لە ئیدارەی كەركوك، كە بەهۆی ئەوەی مافی لێدوانی نییە بۆ راگەیاندن، نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك، پێیوایە لە گۆڕانكارییەكاندا پرسی پێنەكراوە و بەو گۆڕانكارییانە رازی نییە، بۆیە لە هەوڵدایە لەڕێی هێزەوە ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنێتەوە كە بۆ دەستبەكاربونی ئەو چوار بەڕێوەبەرە دەركراوە و لەو هەوڵەش بەردەوامدەبێت".

بەپێی نوسراوێكی پەنگین رێكانی، كە دووشەممە 30ی كانونی یەكەم ئاراستەی پارێزگای كەركوك كراوە و كۆپییەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، تیایدا هاتووە "ئەو فەرمانانەی كە دەریدەكەین، بۆ ئەوە نییە رەزامەندی ئێوە وەربگرین، بەڵكو پێویستە جێبەجێبكرێت و جێگەی گفتوگۆ نییە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT