"ماف بۆ خاوه‌ن ماف ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌"
مامۆستایانی دانه‌مه‌زراوی كه‌ركوك ئه‌نجومه‌نێك پێكده‌هێنن

كه‌ركوك، كانونی دوه‌می 2019، كۆبونه‌وه‌ی پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی باڵای مامۆستایانی دانه‌مه‌زراو فۆتۆ: گروپی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ فه‌یسبوك

گۆران بابان – كه‌ركوك

مامۆستایانی دانه‌مه‌زراو له‌ شاری كه‌ركوك، له‌رێی پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نێكه‌وه‌ كار بۆ كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن له‌ پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی په‌روه‌رده‌، تا به‌ هاوبه‌شی رێكاریی یاسایی بگرنه‌به‌ر و مافه‌كانی خۆیان وه‌ربگرنه‌وه‌.

ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ باڵایه‌، دوابه‌دوای راگه‌یاندنی ناوی دامه‌زرێنراوانی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك راگه‌یه‌ندرا له‌ مامۆستایانی كورد، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی دژی پرۆسه‌كه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌.

په‌روه‌رده‌ی پارێزگای كه‌ركوك، دوانیوه‌ڕۆی 8ی كانونی دوه‌م ناوی دامه‌زرێنراوانی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ناڕه‌زایی زۆری ده‌رچوان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كورد و توركمانی لێكه‌وتۆته‌وه‌، به‌ پرۆسه‌یه‌كی "نادادپه‌روه‌ر" و له‌ قازانجی ته‌نیا پێكهاته‌یه‌كی شاره‌كه‌دا ناویان برد.

ئەنجومه‌نه‌كه‌مان سەر بە هیچ گروپ و لایەنێك نییه‌

"ئەنجومه‌نه‌كه‌مان چەند ڕۆژێكە لەلایەن ژمارەیەك گەنجی سەربەخۆوە دامەزرێنراوە و سەر بە هیچ گروپ ولایەنێك نییه‌، ته‌نیا ئامانجی ئێمه‌ بە دەستهێنانەوەی مافی دەرچوانی كوردە لە كەركوك" دانا جومعه‌، یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

دانا جومعه‌ (31 ساڵ)، كه‌ خۆی ده‌رچوی زمانی عه‌ره‌بییه‌ و به‌ 25 خاڵه‌وه‌ دانه‌مه‌زراوه‌، له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كانیشدا ناڕازین له‌ ده‌ره‌نجامی دامه‌زراندنه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌ و پێیانوایه‌ نادادپه‌وه‌ری تێدایه‌.

بەپێی لیستی ناوی دامەزرێنراوان، نزیكەی هەزار و 517 كەس لە دامەزرێنراوان بەر پێكهاتەی عەرەب كەوتون، كە لانیكەم لەسەدا 62ی كۆی دامەزرێنراوان دەكات، له‌ كاتێكدا كورد نزیكەی 500 دامەزرێنراوی بەركەوتووە، كە زیاتر لەسەدا 20 و توركمانیش زیاتر لەسەدا 17 بە 412 دامەزرێنراو. هەریەكە لە كریستیانی و كوردی فەیلیش كەمتر لەسەدا یەك.

پەرژین نوری (33 ساڵ)، له‌ یه‌كه‌مه‌كانی كه‌ركوك بووه‌ و دانه‌مه‌زرێنراوه‌ به‌ 38 خاڵه‌وه‌، بۆیه‌ بۆته‌ ئه‌ندامی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی بتوانن گۆڕانكاریی له‌ پرۆسه‌كه‌دا بكه‌ن، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین كەسی واهەیە ده‌رچوی پارساڵه‌ و به‌ 9 خاڵه‌وه‌ دامه‌زرێنراوه‌، ئێمه‌ش ئه‌و ناهه‌قییه‌مان پێ قبوڵناكرێت و داواكارم مامۆستایانی تری هاوڕێم بێنه‌ پاڵ ئێمه‌ تا ببینه‌ گروپێكی فشار".

xopeshandan-4
كەركوك/2019/ خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ داواكردنی دامەزرێنراوان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئه‌نجومه‌نی باڵای مامۆستایانی دانه‌مه‌زرێنراو، گروپێكیان له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك كردۆته‌وه‌ و زیاتر له‌ دوو هه‌زار ئه‌ندامیان هه‌یه‌، له‌ به‌رنامه‌شیاندایه‌ له‌ رێی چه‌ندین چالاكی و هه‌ڵوێستی جیاوازه‌وه‌ فشار دروستبكه‌ن، تا گۆڕانكاری له‌ ئه‌نجامی دامه‌زراندنه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌دا بكرێت.

محه‌مه‌د سه‌ركه‌وت (30 ساڵ)، پێنج ساڵه‌ وانه‌بێژی خۆبه‌خشه‌ و دانه‌مه‌زراوه‌، بۆیه‌ وه‌ك ئه‌و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "زۆرترین ستەممان لێكراوە، لەبەر لاوازی رۆڵی حزبە كوردییەكان و نوێنەرانی كورد لەپەروەردەی كەركوك، بۆیه‌ پەنامان بردۆته‌ به‌ر ئه‌م رێكاره‌ و له‌و گروپه‌وه‌ فشار ده‌كه‌ین، كه‌ كچانیش ڕۆڵی بەرچاویان تێیدا هه‌یه‌ بۆ داواكردنی مافه‌كانیان".

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوشدا، ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی كه‌ركوك، زیاتر له‌ 80 سكاڵایان تۆمارده‌كه‌ن دژی په‌روه‌رده‌، ه‌هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوه‌كانیان بۆ دامه‌زراندن.

زۆرترین ستەممان لێكراوە، لەبەر لاوازی رۆڵی حزبە كوردییەكان و نوێنەرانی كورد لە پەروەردە

عەبد عەلی حسێن توعمە، به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ و سه‌رۆكی لیژنه‌ی دامه‌زراندن له‌ كه‌ركوك پێیوانییه‌ له‌ پرۆسه‌كه‌دا سته‌م له‌ كه‌س كرابێت، به‌ پرۆسه‌یه‌كی زۆر ئاسایی و سروشتی ناوی ده‌بات، ئه‌و پێشتر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ده‌رچوان مافی خۆیانه‌ گله‌ییان هه‌بێت و ده‌رگای تانه‌ و سكاڵامان كراوه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ سه‌تملێكراو ده‌زانن".

په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، ناوی دامه‌زرێنراوانی ره‌وانه‌ی به‌غدا كردووه‌، تا دوای یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی تانه‌كان فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربونیان ده‌ربكرێت.

به‌پێی یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ و له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، له‌ 27ی ئابی 2019 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی ده‌ستپێكرد بۆ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 841 كه‌س له‌ مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر، كارگوزار و پله‌ وه‌زیفییه‌كانی تر، تا 15ی ئه‌یلول پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌بوو.

له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له‌ 84 هه‌زار كه‌س فۆڕمی بۆ دامه‌زراندنه‌كه‌ پڕكرده‌وه‌، كه‌ سه‌دا 60ی بۆ نێر و سه‌دا 40ی بۆ مێ ته‌رخانكراوه‌، به‌وته‌ی په‌روه‌رده‌، پاڵپشت به‌ خاڵ و له‌سه‌ر شه‌ش بنه‌ما دامه‌زرێنراوان هه‌ڵبژێردراون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT