ورده‌كاریی بۆردومانه‌كه‌ی توركیا له‌ شنگال

نه‌ینه‌وا، 15ی كانونی دوه‌می 2020، شوێنه‌واری بۆردومانی توركیا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی دوگرێ له‌ ناحیه‌ی سنونێی قه‌زای شنگال فۆتۆ: رۆژنیوز

عه‌مار عه‌زیز – شنگال

سێ بۆ پێنج كه‌س له‌ شنگال كوژران، له‌ نێویاندا گومانده‌كرێت فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای یه‌به‌شه‌ هه‌بێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌ی توركیاوه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ی كانونی دوه‌می 2020، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆردومانی كۆمه‌ڵگه‌ی دوگرێ-یان كرد له‌ ناحیه‌ی سنونێ له‌ قه‌زای شنگال و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی و چه‌كدار كوژران.

خودێدا چۆكی، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ له‌ باكوری خۆرئاوای شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بۆردومانه‌كه‌ی توركیا كاتژمێر 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ بوو، به‌ پاساوی به‌ ئامانجگرتنی باره‌گایه‌كی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)".

"ئاماری زیانه‌ گیانییه‌كان به‌ وردی ده‌رنه‌كه‌وتن، به‌ڵام به‌ گشتی له‌و بۆردومانه‌دا سێ بۆ پێنج كه‌س شه‌هید بون، كه‌ هه‌مویان خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ن و بیستومانه‌ له‌ نێو شه‌هیده‌كاندا سه‌رده‌شت شنگالی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی یه‌به‌شه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا پشتڕاستنه‌كراوه‌ته‌وه‌" به‌وته‌ی خودێدا.

به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ ده‌ڵێت له‌و بۆردومانه‌دا ته‌نیا یه‌ك بریندار بووه‌ و له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ و ره‌وشی ته‌ندروستی جێگیره‌.

یه‌كینه‌كانی به‌رخۆدانی شنگال (یه‌به‌شه‌) و هێزه‌كانی تری نزیك له‌ په‌كه‌كه‌، له‌ ساڵی 2018دا له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی قه‌زای شنگال به‌ره‌و سوریا كشانه‌وه‌، به‌پێی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تیی عیراقی.

ybsh
نه‌ینه‌وا، 2017، هێزێكی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌) له‌ قه‌زاكه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی یه‌به‌شه‌

نه‌واف حسێن، دانیشتوی كۆمه‌ڵگه‌ی دوگرێ و شایه‌تحاڵی بۆردومانه‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "زۆر دور نه‌بوین له‌ شوێنی روداوه‌كه‌وه‌، ده‌نگێكی زۆر به‌رز بوو، ئه‌وه‌ی كراوه‌ته‌ ئامانج باره‌گای هێزه‌كانی یه‌به‌شه‌یه‌ و ئۆتۆمبێلێك به‌ ته‌واوی سوتاوه‌".

روداوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ چواره‌م بۆردومانی فڕۆكه‌ی توركیایه‌ بۆ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی شنگال به‌ پاساوی هه‌بونی هێزه‌كانی یه‌به‌شه‌.

فەهد حامد، قایمقامی قەزای شنگال به‌ وه‌كاله‌ت ئیدانه‌ی بۆردومانه‌كه‌ی كرد و داوای له‌ به‌غدا كرد هه‌ڵوێستی هه‌بێت، ئه‌وه‌شی به‌ (کەرکوک ناو)ی وت "پێویست نیه‌ توركیا به‌ پاساوی یه‌به‌شه‌ بۆردوانی شنگال بكات با كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ له‌ نێو وڵاته‌كه‌ی خۆیدا چاره‌سه‌ر بكات نه‌ك خه‌ڵكی ئێزیدخان بكاته‌ ئامانج".

به‌وته‌ی قایمقام؛ بۆردومانه‌كانی توركیا ترس و دڵه‌ڕاوكێی له‌ نێو خه‌ڵكدا دروستكردووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌و ناوچه‌یه‌دا، كه‌ پێشتر خه‌ڵكی ئاواره‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ و له‌ ئێستادا له‌ دوو هه‌فته‌شدا یه‌ك هاوڵاتی ناگه‌ڕێته‌وه‌.

پێشتر و له‌ بۆردومانێكی توركیادا، 19ی تشرینی دووه‌می 2019، ژماره‌یه‌ك له‌ چه‌كدارانی یه‌به‌شه‌ كوژران.

له‌ 4ی تشرینی دووه‌می 2019 و پێشتریش له‌ 12ی 2018دا، فڕۆكه‌كانی توركیا چه‌ندجارێك بۆردومانی شنگالی كرد.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT