خەڵكی شنگال پەیامێك بۆ بەغدا دەنێرن
لە خۆپیشاندانێكدا ئیدانەی هێرشەكانی توركیا دەكەن

شنگال/19ی كانونی دووەمی 2020/ خۆپیشاندانی شنگال دژی بۆردومانەكانی توركیاو بێدەنگی حكومەتی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز – شنگال

سەدان كەس لە خەڵكی شنگال لە خۆپیشاندانێكدا بۆردومانەكانی توركیایان بۆ سەر ناوچەكانیان ئیدانە كرد و پەیامێكیشیان بۆ ئەو مەبەستە ئاراستەی بەغدا كرد.

ئەو خۆپیشاندانە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 19ی كانونی دووەم، لە شنگال بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای بۆردومانی بارەگایەكی یه‌كینه‌كانی به‌رخۆدانی شنگال (یه‌به‌شه‌) لەلایەن توركیاو لە كۆمه‌ڵگه‌ی دوگرێ-ی سەر بە‌ ناحیه‌ی سنونێ لە هەفتەی رابردودا.

بەهۆی بۆردومانەكەوە زەردەشت شنگالی، فه‌رمانده‌ی گشتی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال و سێ شەڕڤانی تر گیانیانلەدەستدا كە هەر چواریان ئێزیدین.

shngall-2
شنگال/19ی كانونی دووەمی 2020/ خۆپیشاندانی شنگال دژی بۆردومانەكانی توركیاو بێدەنگی حكومەتی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

ریهام حەسەن، کچێکی ئێزیدی بەشداربوی خۆپیشاندانەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەنگی ناڕازیی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی هەموو ئەوانەی بەشدارییان کردووە لەم خۆپیشاندانە، بە توندی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر شنگال ئیدانە دەكەین". ئەو داوایكرد وڵاتان و لە نێویاندا عیراق بێدەنگی هەڵنەبژێرێت.

بە توندی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر شنگال ئیدانە دەكەین

"ئێمە بەردەوامین لە خەباتی خۆمان، تا ئەنجامێکی باش بۆ هەموو لایەک بەدیدەهێنین"، رەیهام وایوت.

خودێدا چوکی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ و بەشداربوی خۆپیشاندانەكە، بە(کەرکوک ناو)ِی وت "ئەو خەڵکەی شەهید و بریندار دەکرێن بیانیی و تیروریست نین، بەڵکو خوێنی خویان رشتووە لەپێناو ئازادکردنی شنگال... نازانین بۆچی بەغدا وهەرێم بێدەنگیان هەڵبژاردووە، ئەگەر بەغدا و هەرێم بەڕاستی ئێزیدیی و شنگال بە ناوچەکەی خویان دابنێن بۆچی بێدەنگن".

borduman shngal
نه‌ینه‌وا، 15ی كانونی دوه‌می 2020، شوێنه‌واری بۆردومانی توركیا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی دوگرێ له‌ ناحیه‌ی سنونێی قه‌زای شنگال فۆتۆ: رۆژنیوز

 

یه‌كینه‌كانی به‌رخۆدانی شنگال (یه‌به‌شه‌) و هێزه‌كانی تری نزیك له‌ په‌كه‌كه‌ كە كراونەتە ئامانج لەلایەن توركیاوە، له‌ ساڵی 2018دا له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی قه‌زای شنگال به‌ره‌و سوریا كشانه‌وه‌، به‌پێی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تیی عیراقی.

فارس حەربو، لێپرسراوی بەشی پەیوەندییەکان لە ئەنجومەنی خۆسەری دیموکرات بە(کەرکوک ناو)ی وت "لەم خۆپیشاندانە دوو ئامانجی سەرەكیمان هەیە، یەکەم ئیدانەکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکەی ئێمە، چونکە چەندین جار ئەمە دوبارە بۆتەوە... دووەم، دژی بێ دەنگی حکومەتی عیراقین، چونكە ئەگەر عیراق هەر بێدەنگ بێت، ئەوە مانای ئەوەیە ئەوانیش لەگەڵ ئەم هێرشانەدان... پێویستە بەغدا بەتوندی ئەم هێرشانە ئیدانە بکات".

دژی بێ دەنگی حکومەتی عیراقین، چونكە ئەگەر عیراق هەر بێدەنگ بێت، ئەوە مانای ئەوەیە ئەوانیش لەگەڵ ئەم هێرشانەدان

خۆسەری دیموكراتیك، لە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال لەژێر دەستی داعش، لەلایەن ژمارەیەك هێز و لایەنی ئەو قەزایەوە پێكهێنرا، بەڵام حكومەتی عیراق و هەرێم دانیانپێدا نەناوە.

فارس وتی "تورکیا دڵنیادەکەینەوە کە بەهیچ شێوەیەک ئیرادەی خۆمان رادەستی هیچ کەسێک ناکەین و بەردەوام دەبین لەسەر خەباتی خۆمان".

پێشتر و له‌ بۆردومانێكی توركیادا، 19ی تشرینی دووه‌می 2019، ژماره‌یه‌ك له‌ چه‌كدارانی یه‌به‌شه‌ كوژران. هەروەها له‌ 12ی 2018دا، فڕۆكه‌كانی توركیا چه‌ندجارێك بۆردومانی شنگالیان كرد.

فەهد حامد، قایمقامی قەزای شنگال به‌ وه‌كاله‌ت، لەبارەی دویان بۆردومانی توركیاوە، لە كۆتایی هەفتەی رابردوو، لەگەڵ ئیدانه‌كردنی بۆردومانه‌كه، به‌ (کەرکوک ناو)ی وت "پێویست نییه‌ توركیا به‌ پاساوی یه‌به‌شه‌ بۆردومانی شنگال بكات، با كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ له‌ نێو وڵاته‌كه‌ی خۆیدا چاره‌سه‌ر بكات نه‌ك خه‌ڵكی ئێزیدخان بكاته‌ ئامانج".

به‌وته‌ی قایمقام؛ بۆردومانه‌كانی توركیا ترس و دڵه‌ڕاوكێی له‌ نێو خه‌ڵكدا دروستكردووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌و ناوچه‌یه‌دا، كه‌ پێشتر خه‌ڵكی ئاواره‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ و له‌ ئێستادا له‌ دوو هه‌فته‌شدا یه‌ك هاوڵاتی ناگه‌ڕێته‌وه‌.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT