ئیداره‌ی كه‌ركوك، دوو پرۆژه له قه‌زای داقوق ده‌خاته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، كه به‌وته‌ی لێپرسراوانی سنوره‌كه ماوه‌ی هه‌شت ساڵه هیچ پرۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری ئه‌نجامنه‌دراوه.
له چه‌ند رۆژی رابردودا، پرۆژه‌ی دروستكردنی شۆسته و چاككردنی شه‌قامه‌كانی داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك) ده‌ستپێكرد، دوای ته‌رخانكردنی بودجه له‌لایه‌ن ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوكه‌وه.
سالم شكور، بەڕێوه‌بەری شارەوانی داقوق بە (كەركوك ناو)ی وت "دوای هه‌شت ساڵ له نه‌بونی پرۆژه‌ی خزمەتگوزاری لە سنوری قه‌زاكه‌دا، خۆشبه‌ختانه ئه‌مساڵ بڕی دوو ملیار دینار بۆ چوار پرۆژه ته‌رخانكراوه".
نه‌بونی پرۆژه و ته‌رخاننه‌كردنی بودجه، وه‌ك سالم شكور وتی، به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و مه‌ترسییه‌كانی داعشه‌وه بووه له ناوچه‌كه‌دا.
"ده‌یان پرۆژه‌ی ترمان راده‌ستی ئیداره‌ی كه‌ركوك كردووه و چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامدانه‌وه و ره‌زامه‌ندین" به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی.
له ئێستادا شاره‌وانی ده‌ستیكردوه به جێبه‌جێكردنی دوو پرۆژه، كه دروستكردنی شۆسته، ئاوه‌ڕۆ و رێگه‌وبانه.
"ماوه‌یه‌كی زۆره هیچ پرۆژه‌یه‌ك نییه له داقوق، هه‌شت ساڵ ده‌بێت، به‌رده‌وامیش به‌وهۆیه‌وه گله‌ییمان له فه‌رمانگه حكومییه‌كان هه‌بووه، چونكه شار به‌ره‌و وێرانه‌یی ده‌ڕۆیشت" وریا كاوێز، دانیشتوی داقوق وای وت.
ئه‌و هاوڵاتییه بۆ (كه‌ركوك ناو) ئاماژه‌ی به‌وه‌دا به بینینی پرۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری له قه‌زاكه‌دا "زۆر دڵخۆش بوین، چونكه به‌راستی داقوق بێ خزمه‌تی پێوه‌دیاره".
پلانی پرۆژه‌كانی كه‌ركوك، به‌پێی بودجه‌ی 2019ی په‌ره‌پێدان، له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق چۆته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
دانا خوادا، ئەندازیاری پروژەكانی شاره‌وانی له داقوق به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوای چه‌ندین ساڵ دهستمانكردهوه به جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری، سه‌ره‌تا له‌و گه‌ڕه‌كانه‌وه ده‌ستپێده‌كات كه پێویستی زۆریان به پرۆژه‌یه؛ له‌وانه گه‌ڕه‌كه‌كانی زەهرا، خورزو شەقامی سەره‌كی بازاڕی داقوق".
به‌پێی ئاماره‌كانی ئیداره و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكه ده‌گاته 450 ملیار دینار، جگه له 51 ملیار دیناری پاره‌ی پترۆدۆلار، ئه‌وه‌ش به‌پێی پلانێكی داڕێژراو بڕیاره له نزیكه‌ی 430 پرۆژه‌دا خه‌رجبكرێت له‌نێو شار و ته‌واوی قه‌زاكاندا.