دەستەی دەرچووانی دانەمەزراو: سبەی لە كەركوك خۆپیشاندان دەكەین

كەركوك/22ی كانونی دووەم/ دەستەی مامۆستایانی دانەمەزراو بڕیاری خۆپیشاندانیاندا فۆتۆ: سۆران محەمەد

سۆران محەمەد – كەركوك

دەستەی دەرچووانی دانەمەزراوی كورد لە كەركوك، بڕیاریدا كاتژمێر 10ی سبەی پێنجشەممە خۆپیشاندان بكەن دژی راگەیاندنی ناوی دامەزرێنراوان لەلایەن پەروەردەوە.

ئەو بڕیارەی دەستەكە، دوای ئەوە هات كە مۆڵەتی 72 كاتژمێریان دایە پەروەردە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو لیستی دامەزراندنەی كە 8ی كانونی دووەم رایگەیەنرا و بەپێی لیستەكە لانیكەم لەسەدا 62ی كۆی دامەزرێنراوان بەر عەرەب، كورد زیاتر لەسەدا 20 و توركمانیش زیاتر لەسەدا 17ی بەركەوت.

سۆران عەبدولکریم، وتەبێژی دەستەی دەرچووانی دانەمەزراو، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ی كانونی دووەم، وتی "ستەمێکی زۆر بەرامبەر کورد کراوە لەو دامەزراندنە، ناکرێت ئەو ناحەقییە بەرامبەر كورد قبوڵبكەین".

كۆنگرەكە كە لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک بەڕێوەچوو، تیایدا بڕیاردرا كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی سبەی پێنجشەممە لەبەردەم بینای پەروەردەی گشتی كۆببنەوە و خۆپیشاندان بكەن.

xopp.kurd-1
كەركوك/12ی كانونی دووەمی 2020/ ده‌سته‌ی مامۆستایانی دانه‌مه‌زراوی كورد گردبونەوەیەكیان دژی پەروەردەی شارەكە ئەنجامدا فۆتۆ: سۆران محەمەد

 

وتەبێژی دەستەكە، وتی "دوای تێپەڕبون و تەواوبونی ئەو مۆڵەتەی بە پەروەردە درابوو، تائێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە ناوەکان نەکراوە، بۆیە خۆپیشاندان دەكەین و داوای پشتگیری لایەنە سیاسییەكانیش دەكەین بۆ ئەو مەبەستە".

دوای تەواوبونی ئەو مۆڵەتەی بە پەروەردە درابوو، تائێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە ناوەکان نەکراوە

پێشتر نوێنەرانی دەستەكە، چەند رێكارێكی تریان بۆ ئەو مەبەستە گرتەبەر، لەنێویاندا تۆماركردنی كساڵا لە دادگا و دەستەی دەستپاكی كەركوك.

ئەوەش لەكاتێكدایە، دووشەممە 20ی كانونی دووەم، عومەر قادر، یاریدەدەری بەڕێوه‌بەری گشتی پەروەردەی كەركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "گۆڕانكاری له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه‌ ده‌كرێت له‌ دامه‌زراندنه‌كه‌دا و ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ گۆڕانكارییانه‌ین"، به‌بێ ئه‌وه‌ی زانیاری زیاتر ئاشكرابكات.

هاوكات لەسەر داوای هەریەكە لە بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر، خۆپیشاندانی یەكشەممەی رابردوو 19ی كانونی دووەم، بۆ هەمان مەبەست هەڵوەشایەوە و دوای ئەوەی بەڵێنی وردبینیی و پێداچونەوە بە ناوەكان درا.

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT