گۆڕانكاری له‌ دامه‌زراندنه‌كه‌ی كه‌ركوك ده‌كرێت

كەركوك/12ی كانونی دووەمی 2020/ ده‌سته‌ی مامۆستایانی دانه‌مه‌زراوی كورد گردبونەوەیەكیان دژی پەروەردەی شارەكە ئەنجامدا فۆتۆ: سۆران محەمەد

سۆران محه‌مه‌د – كه‌ركوك

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عیراق، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لیژنه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا هه‌وڵی گۆڕانكاری ده‌دات له‌ لیستی دامه‌زرێنراوانی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوكدا، ئه‌وه‌ش دوای ناڕه‌زاییه‌كانی ده‌رچوانی توركمان و كورد.

په‌روه‌رده‌ی پارێزگای كه‌ركوك، 8ی كانونی دوه‌می 2020 ناوی دامه‌زرێنراوانی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ناڕه‌زایی زۆری ده‌رچوان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كورد و توركمانی لێكه‌وتۆته‌وه‌، به‌ پرۆسه‌یه‌كی "نادادپه‌روه‌ر" و له‌ قازانجی ته‌نیا پێكهاته‌یه‌كی شاره‌كه‌دا ناویان برد، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ پرۆسه‌كه‌ راگیرا.

عومەر قادر، یاریدەدەری بەڕێوه‌بەری گشتی پەروەردەی كەركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "گۆڕانكاری له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه‌ ده‌كرێت له‌ دامه‌زراندنه‌كه‌دا و ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ گۆڕانكارییانه‌ین" به‌بێ ئه‌وه‌ی زانیاری زیاتر ئاشكرابكات.

18ی كانونی دوه‌م، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دواخستنی خۆپیشاندانێكی راگه‌یاند، كه‌ بڕیاربوو دژی دامه‌زراندنه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌ كه‌ركوك به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌وه‌شی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ داواكاری بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر.

مەریوان نادر، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عیراق كه‌ به‌دواداچونیان بۆ دامه‌زراندنه‌كه‌ی كه‌ركوك كردووه‌ به‌ (كەركوك ناو)ی وت "ئەو زانیارییانەی هه‌یه‌ دەبێت سەرۆكایەتی وەزیرانی عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆك كۆمار بابەتەی دامەزراندنەكەی كەركوك چارەسەر بكەن".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی كه‌ركوك، له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكوه‌زیران له‌ سه‌رۆك كۆمار دواخراوه‌ بۆ كاتێكی نادیار، "ره‌نگه‌ من سبه‌ی (سێشه‌ممه‌) له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار كۆببنه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و بابه‌ته‌ و به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی كوردیش دراوه‌ له‌لایه‌ن عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌".

xopeshandanturkman
كەركوك، كانونی دووەمی 2020، خۆپیشاندانی توركمان دژی پەروەردە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

بەپێی لیستی ناوی دامەزرێنراوان، نزیكەی هەزار و 517 كەس لە دامەزرێنراوان بەر پێكهاتەی عەرەب كەوتون، كە لانیكەم لەسەدا 62ی كۆی دامەزرێنراوان دەكات، له‌ كاتێكدا كورد نزیكەی 500 دامەزرێنراوی بەركەوتووە، كە زیاتر لەسەدا 20 و توركمانیش زیاتر لەسەدا 17 بە 412 دامەزرێنراو. هەریەكە لە كریستیانی و كوردی فەیلیش كەمتر لەسەدا یەك.

ئەندام عەبدولكریم، لێپرسراوی دەستەی مامۆستایانی دانەمەزراو –بۆ پێداچونه‌وه‌ له‌ لیستی دامه‌زرێنراواندا له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ پێكهێنراوه‌- بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆك وەزیران لە پەیوەندیدان تا ئەوەی ڕێژەی دامەزراندنەكە لە كەركوك بكرێته‌ سه‌دا 32 بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك".

به‌وته‌ی ئه‌ندام، هه‌رچه‌نده‌ ئاماده‌كارییان كردبوو بۆ خۆپیشاندان له‌ كه‌ركوك، دواتر له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تی كۆمار رایانگرت، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حزبه‌ كوردییه‌كاندا.

"مۆڵه‌تی سێ رۆژمان داناوه‌ تا كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و دواتر له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا بڕیار ده‌ده‌ین هه‌نگاوی داهاتوومان چی بێت" لێپرسراوی ده‌سته‌ی مامۆستایانی دانه‌مه‌زراو وای وت.

پێشتر و زیاد له‌ جارێك، توركمانی كه‌ركوكیش خۆپیشاندانی ناڕه‌زانییان ئه‌نجامدا، دژی دامه‌زراندنه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌ و پێیانوایه‌، غه‌دریان لێكراوه‌ به‌راورد به‌ ده‌رچوانی عه‌ره‌ب.

به‌پێی یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ و له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، له‌ 27ی ئابی 2019 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی ده‌ستپێكرد بۆ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 841 كه‌س له‌ مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر، كارگوزار و پله‌ وه‌زیفییه‌كانی تر، تا 15ی ئه‌یلول پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌بوو.

له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له‌ 84 هه‌زار كه‌س فۆڕمی بۆ دامه‌زراندنه‌كه‌ پڕكرده‌وه‌، كه‌ سه‌دا 60ی بۆ نێر و سه‌دا 40ی بۆ مێ ته‌رخانكراوه‌، به‌وته‌ی په‌روه‌رده‌، پاڵپشت به‌ خاڵ و له‌سه‌ر شه‌ش بنه‌ما دامه‌زرێنراوان هه‌ڵبژێردراون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT