ده‌رچوانی دانه‌مه‌زراوی كورد، له خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زاییدا توانییان پێنج داواكاریی بگه‌یه‌ننه په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، دوای چه‌ند كاتژمێرێك له وتنه‌وه‌ی دروشم و سه‌رهه‌ڵدانی بارگرژی.
كاتژمێر 10ی به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 23ی كانونی دوه‌می 2020، ئه‌نجومه‌نی باڵای ده‌رچوانی دانه‌مه‌زراوانی كورد له كه‌ركوك، دوای چه‌ندجارێك له هۆشداری و پێدانی مۆڵه‌ت به لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار، خۆپیشاندانیان له به‌رده‌م په‌روه‌رده‌دا دژی دامه‌زراندن ئه‌نجامدا.
له سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كه‌دا، كه تیمی (كه‌ركوك ناو) روماڵیان ده‌كرد، به هێمنی و وتنه‌وه‌ی چه‌ند دروشمێك ده‌ستیپێكرد، له‌گه‌ڵ به‌رزكردنه‌وه‌ی لافیته به نوسراوی جیاواز، له نێویاندا "له شوێنی هه‌ر بندیوارێ.. بمانخه‌نه سهركارێ".
خۆپیشانده‌رانی ناڕازی؛ له‌رێی بڵندگۆوه داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دامه‌زراندنه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌یان ده‌كرد، تا ئه‌وكاته‌ی "دادپه‌روه‌ری" تێدا بێت و مافی هیچ پێكهاته‌یه‌ك پێشێلنهكرێت.
"ئێمە دژی ئەو نادادپەروەرییەن كه هه‌یه و داوای مافی خۆمان دەكەین له پەروەردە، چونكه پێمانوایه غەدر لە كورد كراوه" هیوا كەریم، یەكێك لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەكە بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
له‌گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایی، هێزی ئه‌منی زیاتر ره‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری باڵه‌خانه‌ی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك كرا، تا رێگری له هه‌ر پشێوییه‌ك بگیرێت، هه‌رچه‌نده خۆپیشانده‌ران پێشتر مۆڵه‌تی فه‌رمییان وه‌رگرتبوو.
لەنیا عوسمان، كچه دەرچوی بەشداربوی خۆپیشاندانه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به دەستێكی سیاسی و بە ئامانجی نانەوەی ئاژاوە لەم شارەدا كورد پەراوێز خراوە، بۆیه ئێمه دەمانەوێت مافی خۆمان وەربگرین و دابمەزرێین".
دوای نیو كاتژمێر، خۆپیشانده‌ران له بڵندگۆوه بانگهێشتی لێپرسراوانی كوردی په‌روه‌رده و پهرلهمانتارانیان ده‌كرد، پشتگیری‌یان بكه‌ن.
شێرزاد كاكه، به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی كوردی له په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، بۆ ماوه‌یه‌ك چووه ریزی خۆپیشانده‌رانه‌وه و له رێی میدیاكانه‌وه پشتگیری خۆی بۆ داواكارییه‌كانیان ده‌ربڕی.
به‌شێك له خۆپیشانده‌رانی ناڕازی، دژی دانه‌مه‌زراندنیان، بڕوانامه‌ی ده‌رچونیان له زانكۆ و په‌یمانگا له به‌رده‌م په‌روه‌رده‌دا سوتاند.
رێبوار ته‌ها، په‌رله‌مانتاری كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له به‌غدا خۆپیشانده‌رانی به سه‌ركرده‌وه و به میدیاكانیشی وت پشتگیری لە مافەكانی ده‌رچوان ده‌كه‌ین و بەڕێوبەری پەروەردەی كەركوك نقومی گەندەڵی بووە، ئێمە لە بەغدا بە تەواوی و بە جدی كار لەسەر ئەم دامەزراندنە دەكەین".
دوای تێپه‌ڕینی زیاتر له كاتژمێرێك به‌سه‌ر ده‌ستپێكی خۆپیشاندانه‌كه‌دا، به‌شداربوانی ناڕه‌زاییه‌كه داوای هاتنه ده‌ره‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌یان ده‌كرد، به‌هۆی وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌یان پشێوی دروستبوو.
خۆپیشانده‌ران هه‌وڵیاندا به‌ربه‌ستی ئه‌منی به‌رده‌م ده‌رگای سه‌ره‌كی په‌روه‌رده بشكێنن و به زۆر بچنه ژوره‌وه به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌كانی چالاكی مه‌ده‌نییه‌وه رێگرییان لێكرا.
به ده‌م وتنه‌وه‌ی دروشمه‌وه دژی په‌روه‌رده، خۆپیشانده‌ران به هێلكه هێرشیانكرده سه‌ر په‌روه‌رده و به فشار به‌شێكیان توانییان بچنه ژوره‌وه، بۆیه ده‌وامی په‌روه‌رده راگیرا.
له نێو باڵه‌خانه‌ی په‌روه‌رده‌دا به‌شێك له خۆپیشانده‌ران شمه‌كی ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان شكاند، ئه‌وه‌ش به‌پێی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كه له گروپی ده‌رچوانی دانه‌مه‌زراو بڵاوكرایه‌وه.
دوای ماوه‌یه‌ك له بارگرژی نوێنه‌ری خۆپیشانده‌ران له‌گه‌ڵ عه‌بد عه‌لی حسێن توعمه، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك كۆبونه‌وه و بۆ زیاتر له كاتژمێرێك گفتوگۆیان كرد.
"یاداشتێكی پێنج خاڵیمان دایه ده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده و ئه‌ویش بەڵێنی پێداین كە داوكارییەكانمان جێبەجێبكات" ئەندام عەبدولكریم، لێپرسراوی دەستەی ده‌رچوانی دانەمەزراو بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت، دوای كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده.
له داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران بۆ په‌روه‌رده؛ هه‌ڵوه‌شاندنی ئه‌نجامی دامه‌زراندنه‌كه‌ی ئێستا، ته‌رخانكردنی ژماره‌یه‌ك له دامه‌زراندنه‌كه بۆ كه‌سوكاری پێشمه‌رگه و شه‌هیدان، دانانی لیژنه‌یه‌ك له پێكهاته‌كانی شاره‌كه بۆ سه‌رپه‌رشتی دامه‌زراندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكارییه‌كانمان له نزیكترین كاتدا.
خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی كه‌ركوك دوای ئه‌وه‌دێت پێشتر مۆڵەتی 72 كاتژمێریان درایه پەروەردە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو لیستی دامەزراندنەی كە 8ی كانونی دووەم رایگەیەنرا و بەپێی لیستەكە لانیكەم لەسەدا 62ی كۆی دامەزرێنراوان بەر عەرەب، كورد زیاتر لەسەدا 20 و توركمانیش زیاتر لەسەدا 17ی بەركەوت.
نوێنەرانی ئه‌نجومه‌نی ده‌رچوانی دانه‌مه‌زراو، له هه‌فته‌كانی رابردودا چەند رێكارێكی تریان بۆ ئەو مەبەستە گرتەبەر، لەنێویاندا تۆماركردنی سكاڵا لە دادگا و دەستەی دەستپاكی له كەركوك.
ئەوەش لەكاتێكدایە، دووشەممە 20ی كانونی دووەم، عومەر قادر، یاریدەدەری بەڕێوه‌بەری گشتی پەروەردەی كەركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "گۆڕانكاری له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه ده‌كرێت له دامهزراندنهكهدا و ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه گۆڕانكارییانهین"، به‌بێ ئه‌وه‌ی زانیاری زیاتر ئاشكرابكات.
پێشتر و زیاد له جارێك، توركمانی كه‌ركوكیش خۆپیشاندانی ناڕهزانییان ئه‌نجامدا، دژی دامه‌زراندنه‌كه‌ی په‌روه‌رده و پێیانوایه، غه‌دریان لێكراوه به‌راورد به ده‌رچوانی عه‌ره‌ب.
به‌پێی یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ و له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، له 27ی ئابی 2019 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی ده‌ستپێكرد بۆ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 841 كه‌س له مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر، كارگوزار و پله وه‌زیفییه‌كانی تر، تا 15ی ئه‌یلول پرۆسه‌كه به‌رده‌وامی هه‌بوو.
له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له 84 هه‌زار كه‌س فۆڕمی بۆ دامه‌زراندنه‌كه پڕكرده‌وه، كه سه‌دا 60ی بۆ نێر و سه‌دا 40ی بۆ مێ ته‌رخانكراوه، به‌وته‌ی په‌روه‌رده، پاڵپشت به خاڵ و له‌سه‌ر شه‌ش بنه‌ما دامهزرێنراوان هه‌ڵبژێردراون.